REPAK و وەقفی نەورۆزی لەگەڵ کۆمەڵەی ژنانی لوبنان کۆبوونەوە

13:37

ژنها

بەیروت – رێکخراوی پەیوەندیەکانی ژنانی کورد(REPAK) و وەقفی نەورۆز لەگەڵ کۆمەڵەی ژنانی دیموکراتی لوبنان کۆبوونەوە.

بە ئامانجی تاوتوێ کردنی پرس و تێکۆشانی ژنان لەسەر بنەمای فکر و فەلسەفەی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری (پەکەکە) بۆ ئازادی ژنان، بوشرا عەلی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ڕێکخراوی پەیوەندیەکانی ژنانی کورد و حەنان عوسمان سەرۆکی وەقفی نەورۆزی ژنان لەگەڵ کۆمەڵەی ژنانی دیموکراتی لوبنان لە شاری بیقاع کۆبوونەوە.

لە چاوپێکەوتنەکەیاندا باس لە گرنگی پتەوکردنی پەیوەندیەکان و ئاگادار بوون لە کارو خەباتەکانی یەکتری کرا، هاوکات ئەزمونی ژنانی کورد لە بواری سیاسی و سەربازی خرایە ڕوو.

لە چاوپێکەوتنەکەدا بوشرا عەلی سەرنجی راکێشایە سەر تێکۆشانی ژنانی کورد و وتی: "ژنانی کورد لە ڕووی رێکخستنیەوە لە ساڵی ١٩٨٧ەوە خاوەن ستاتۆی خۆیانن، پاشان ژنانی کورد سوپا و پارتی خۆیان لە ژێر چەتری کۆمەڵەی ژنانی کوردستان(KJK) دامەزراندوە."

بوشرا ئاماژەی بەوەش کرد کە دەبێت تێکڕای ژنانی جیهان بەتایبەتیش ژنانی کورد، گەیشتن بە ئازادی بکەنە بنەمای تێکۆشانی خۆیان، بۆ ئەوەی بتوانین لە ئەقڵیەتی پیاوسالاری رزگاریان بێت، ناوبراو جەختیشی کردەوە: "فەلسەفەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان تاکە ڕێگەی ئازادی ژنانە لە سەرتاسەری جیهاندا."

پاشان ئەندامانی کۆمەڵەی ژنانی دیموکراتی لوبنانی دەستنیشانیان کرد کە بۆ ئەوەی ژنانی لوبنان سود لە ئەزمونەکانی ژنانی کورد بگرن، دەبێت ئەو بابەتانەی لە کۆبوونەوەکدا باسیان لێوەکراوە لە ڕێگەی سمینار و کۆبونەوە بە ژنانی لوبنانیش رابگەیەنرێت تا ئەوانیش ئاگاداری تێکۆشان و مێژووی ژنانی کورد بن.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێت زیاتر گرنگی بە پێشخستنی ئەو جۆرە دیدار و کۆبوونەوانە بدرێت و بەردەوام بن، هاوکات ژنانی لوبنانی خۆشحاڵی خۆشیان دەربڕی بە لە نزیکەوە ئاگادار بوون لە دۆخی ژنانی کورد.

(ش ب)