لە ئەنجامی یاسای نادادوەرانەدا ژنێک لە زیندان خۆی کوشت
16:57
روکەن تونجەل/ ژنها
ئەستەنبۆل – بەهۆی ئەوەی شایەتی لەسەر درابوو، سەنور گوڤەن لەساڵی ٢٠٠١ وە لە زیندان دایە و دوای ١٣ ساڵ ئەو ژنە لە زیندانی (باکرکۆی) خۆی کوشت، پارێزەرەکەشی رادەگەیەنێت کە لە بەڕێوەبەری گرتوخانە تا دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا هەموویان بەرپرسیاری ئەو ڕووداوەن و تاوانباران.
لە ئۆپراسیۆنی ساڵی ٢٠٠١ کە لەسەر ئەو گەنجانە بەڕێوەچوو کە "کۆمیتەی تێکۆشان بۆ ئامادەیی دیموکراتی"یان دامەزراندبوو کەسێک لەدانپیانانەکانیدا شایەتی ئەوە دەدات کە سەنور گوڤەن بەرپرسیارەکەیانە، بۆیە سەنور دەستگیر دەکرێت، سەنور دوای ئەوەی ١٣ ساڵ لە زیندان مایەوە، دادگا بڕیاری سزایی شەش ساڵ و سێ مانگ زیندانی و بۆ بڕیەوە، سەرەڕای هەموو ڕەتکردنەوەی ئەو تۆمەتانە و هەوڵەکانی پارێزەرەکەی سەنور ئازاد نەکرا، بۆیە سەنور لە زیندانی (باکرکۆی) شاری ئەستەنبۆل دا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
پارێزەری سەنور رایگەیاند کە ئەو ڕووداوەکە وەک خۆکوژی نابینێت و وتی: "سەنور توشی نەخۆشیێکی سەخت ببوو کە ئەگەری ئەوەش هەبوو ببێتە شێرپەنجە، بۆیە پێویستی بە چارەسەری پزیشکی هەبوو." پارێزەکەی ئاماژەی بەوەش کرد کە بەر لە حەفتەیەک خوشکەکەی لەکاتی سەردانی بۆ لای سەنور بە بەڕێوەبەرانی زیندانی باکرکۆی ڕاگەیاندوە کە سەنور بیر لە خۆکوشتن دەکاتەوە بەڵام سەرەڕای ئەوەش هیچ ڕێوشوێنێک یان هیچ هەوڵێک نەدراوە بۆ ئاسودەکردنی دەرونی ئەو ژنە. ناوبراو ئاماژەشی بەوە دا کە ئەوەش لەڕووی یاساییەوە تاوانە."
پارێزەری سەنور لە کۆتایشدا رایگەیاند کە لە بەڕێوەبەری گرتوخانە تا دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا هەموویان بەرپرسیاری ئەو ڕووداوەن و تاوانباران.
(ش ب)