سلێمانی، گفتوگۆیەكی كراوە لە سەر كاروچالاكی رێكخراوەیی بەرێوەچوو

09:47

ژنها

سلێمانی - لەژێر دروشمی (مەترسیەكانی سەر كاروچالاكی رێكخراوەیی) بەدەستپێشخەری ئەنیستیتۆی کورد، ۆرك بۆ گەشەپێدانی دیموكراسی بەسپۆنسەری كۆمپانیای بەرێز بەرێوەدەچوو و تیایدا هەریەك لە پەروا عەلی پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆران، ئاوات محەمەد چالاكوانی بواری ژنان و مەرال ئیبراهیم بەرێوەبەری رێكخراوی پەیوەندیەكانی ئافرەتانی كوردستان باسیان لەچەندین تەوەری گرنگ كرد كە ئەمرۆ لە باشوری كوردستان رێكخراوەكان و كۆمەڵگەی مەدەنی رووبەروی دەبنەوە.

سمینارەكە كاتژمێر ٠٣:٣٠ خولەك لە ئەمنە سورەكە بەرێوەچووە و تیایدا ژمارەیەك پەرلەمانتار و ئەندامانی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بەشداربوون، لەسەرەتای سمینارەكەدا مەرال ئیبرهیم ، ووتارێكی پێشكەش كرد و بەخێرهاتنی میواننی كردو رایگەیاند:"رۆژی یەكشەممە 5ی حوزەیران كاتژمێر ٩ ی بەیانی بەبێ‌ مۆڵەت فەرمی هێزێك هەڵی كوتایە سەر بارەگای رێكخراوەكەمان و پێیان راگەیاندین كە ئێرە چۆڵبکەن، ئێمەیان بردە ئەو دیوی بازگە پردێ‌ و سەرجەم ناسنامەكانیان كۆپی كرد و رایگەیاند كە هیچ مافتان نیە بگەرێنەوە هەولێر، ئێمە پرسیمان كە ئەمە بۆچییە و بۆچی وادەكەن، بەڵام ئەوان هیچ وەڵامیان پێ‌ نەبوو، لەگەڵ ئەمەشدا تائێستا كە دوو هەفتە تێدەپەرێت حكومەتی هەرێم و بەرپرسان بێ‌ دەنگن".

مەرال ئیبراهیم باسی لەكاروچالاكییەكانی رێكخراوەكەی كرد كە هەمیشە كاریان كردووە لەپێناوی هۆشیاركردنەوەی ژنان و بەدیهێنانی سیستەمێكی دیموكراتی بە پێشەنگایەتی ژنان و ووتی:"ئەگەر لەوڵاتێكدا ژنان مافەكانیان پێشێل بكرێت ئەوا ناتوانین باس لە یەكسانی و دادپەروەری بكەین، بۆیە ئێمە كاتێك دەتوانین كۆمەڵگە دیموكراتیزە بكەین كە بتوانین وەك ژنان پێشەنگ بین، رەنگە بەچاوی خۆمان ئەنجام نەبینین، بەڵام گرنگ ئەوەیە بەردەوام بین لەتێكۆشان و بەسەركەوتنی بگەیەنین".

لای خۆشیەوە پەروا عەلی ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ووتارێكی پێشكەش كرد و جگە لەشەرمەزاركردنی داخستنی ئەو رێكخراوە، هاوكات باسی لە دۆخی هەرێمی كوردستان كردو وتی:"ئەوەی لە ٥ی حوزەیران لەهەولێر روویدا، كە رێكخراوی رەپاك قەدەغەكرا كارەسات بوو، حكومەتی هەرێم نەیتوانیوە بەشێوەیەكی باش مامەڵە لەگەڵ رێكخراوەكاندا بكات. هەژموونی حیزب لەهەرێمی كوردستان باڵادەستە بەسەر هەموو دەزگاكاندا، ئایا دەركردنی رێكخراوێك بۆ ئەو دیوی بازگەی پردێ‌ راستە، ئەی باشە بۆ نمونە بۆ ئەوانە رەوانەی دهۆك ناكرێنەوە، دەركردنی رێكخراوێكی مەدەنی مەترسیە لەسەر سومعەی هەرێمی كوردستان، پێویستە هەموو رۆشنبیران و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەنگی نارەزایەتی خۆیان لەبەرامبەر ئەو رەفتارانە بەرزبكەنەوە و نەهێڵن ئەمە بەشێوەیەكی ئاسان تێپەڕێت".

هەروەها ئاوات محەمەد رایگەیاند كە داخستنی رێكخرا و رێگری كردن لە كاروچالاكییەكان مەترسیەكی گەورەیە لەسەر ئازادی رادەبڕین و هاوكات باسی لە گرنگی كاروچالاكییەكانی رێكخراوەكان كرد كە بۆ هۆشیار كردنەوەی كۆمەڵگە گرنگە و راشیگەیاند كە پێویستە سەرجەم رێكخراوەكان لەبەرامبەر ئەمەدا بێ‌ دەنگ نەبن.

رۆژی ٥ی مانگی ٦ی ٢٠١٦ نوسینگەی سەرەكی رێكخراوی پەیوەندییەكانی ئافرەتانی كوردستان لەشاری هەولێر بەبێ‌ مۆڵەتی فەرمی دادگا لەلایەن ئاسایشی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە داخرا و سێ‌ لە ئەندامانی بەرێوەبەرانیشی برانە ئەو دیوی بازگەی پردێ‌ و پێیان راگەیەندرا كە هیچ مافتان نیە بگەرێنەوە هەولێر و كاروچالاكی لەو شارە بكەن، ئەمەش لەكاتێكدابوو كە ئەو رێكخراوە مۆڵەتی فەرمی لە حكومەت هەیە، هاوكات دوابەدوای ئەو رەفتارە نارەزایەتییەكی زۆری لەلایەن رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ژنانی لێكەوتەوە.

(ش ب)