تەرمی دوو شەرڤانی YPG لە کەرکوک و کەلار بەخاکسپێردران

10:22

ژنها

کەرکوک – ته‌رمی شه‌ڕڤانانی یه‌په‌گه‌ ( ئاشنه‌ خالید) ناسراو به‌ سەربەست زاگرۆس و ئاکۆ باقر محه‌مه‌د ناسراو به‌ (گیڤارا گه‌رمیان) لە دوو مەراسیمی جیاوازدا لەلایەن هەزاران کەسەوە لە سەر زێدی خۆیان بە خاک سپێردران.

دوێنێ شەمە (١٨-٦-٢٠١٦) تەرمی دوو شەرڤانی یەکینەکانی پاراستنی گەل(YPG) کە لە هەڵمەتی ئازادکردنی شاری منبج-ی ڕۆژئاوای کوردستان گیانیان بەخت کردبوو، بە مەراسیمێکی سەربازی لە دەروازەی سێمالکای ڕۆژئاوای کوردستانەوە بەرەو باشوری کوردستان هێنرانەوە و لە دوو مەراسیمی بە شایستەدا بە خاک سپێردران.

ته‌رمی سەربەست زاگرۆس شەرڤانی یەکینەکانی پاراستنی گەل ، دوای ئەوەی لە ڕۆژئاوی کوردستانەوە هێنرایەوە بەرەو شاری کەرکوک کە زێدی لەدایک بوونیەتی بەرێکرا، پێش گه‌یشتنی ته‌رمی شەرڤانی YPGهاوڵاتیانی که‌رکوک چوونه‌ سه‌ر ڕێگای ته‌ق ته‌ق بۆ پێشوازیکردن له‌ شه‌هیدەکەیان، دواتر ته‌رمی شه‌هید برایه‌ مزگه‌وتی گه‌ڕه‌کی ده‌روازه‌، پاش ئه‌نجامدانی ڕێوڕەسمە ئاینیه‌کان به‌رەو گۆڕستانی شێخ محێدین به‌ڕێکرا، له‌ مه‌راسیمی به‌خاک سپاردنه‌که‌دا چه‌ندین وتار پێشه‌که‌شکران.

شه‌هید ئاشنه‌ خالید ناسراو به‌ سەر‌به‌ست زاگرۆس، ساڵی ٢٠١٣و چووەته‌ ناو ڕیزه‌کانی یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌ل و له‌ ئۆپه‌راسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنه‌وه‌ی منبج‌( ئۆپه‌راسیۆنی سه‌هیدی فه‌رمانده‌ فەیسەل ئه‌بو له‌یلا) له‌ ١١-٦-٢٠١٦ لە ڕۆژئاوای کوردستان گیانی بەختکرد.

هاوکات هەر دوێنێ ته‌رمی شه‌ڕڤانی یەکینەکانی پاراستنی گەل شه‌هید ئاکۆ باقر محه‌مه‌د ناسراوبه‌ (گیڤارا گه‌رمیان) لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە گه‌یه‌ندرایه‌وه‌ شارۆچکه‌ی که‌لاری ناوه‌ندی ئیداره‌ی گه‌رمیان. له‌میانه‌ی هێنانه‌وه‌یدا له‌ شاری سلێمانی و شاره‌دێی باوه‌نوور و شارۆچکه‌ی که‌لار له‌لایه‌ن هاوڵاتیان و گه‌ریلاکانی هێزه‌کانی پاراستنی گه‌ل (هه‌په‌گه‌) و پێشمه‌رگه‌ پێشوازی گه‌رمی لێکرا.

دوای گه‌یاندنه‌وه‌ی ته‌رمی شه‌هید بۆ لای خانه‌واده‌ و که‌سوکاری و به‌جێهێنانی نه‌ریتی ئاینی، کاتژمێر ١٠ی شه‌و، به‌مه‌راسیمێکی شایسته‌ و به‌ وتنه‌وه‌ی دروشمه‌کانی "شه‌هید نامرێ"،"بژی به‌رخۆدانی ڕۆژئاوا"، ته‌رمی شه‌هید گیڤارا گه‌رمیان له‌ گۆڕستانی که‌لاری کۆن له‌ شارۆچکه‌ی که‌لاری ناوه‌ندی ئیداره‌ی گه‌رمیان به‌خاک سپێردرا.

لە مەراسیەکەدا وتاری لایەنی سیاسی و فەرماندەیی هێزەکانی پاراستنی گەل و کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە باشور و وتاری خانەوادەی شەهید پێشکەش کران.

(ش ب)