خۆزات: AKP و PDK هەوڵ دەدەن ڕەوشی تەنگاوی خۆیان بشارنەوە

15:04

ژنها

بادینان - هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی 'کەجەکە' ڕایگەیاند، لەبەرامبەر سیاسەتی لەنێو بردن، ڕووخاندنی ڕژێمی شەڕی تایبەت بۆ دیموکراتیزە کردنی گەلانی تورکیا ئەرکێکی پێویستە. داواکاری کوردان رون و ئاشکرایە، کوردان لە باکوری کوردستان دەیانەوێت لە ناو کۆمارێکی دیموکراتی، بە ناسنامەو کەلتوری خۆیان لەسەر بنەمای سیستەمێکی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی بەشێوەیەکی ئازاد بژین.

نوسەران و ڕاگەیاندنەکانی سەر با 'ئاکەپە' لەم دواییەدا بانگەشەی ئەوەیان کرد کە لە نێوان عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری PKK و دەوڵەتی تورکیادا چاوپێکەوتن دەستی پێکردۆتەوە، هەروەها بانگەشەی ئەوەیان کرد کە تەڤگەری ئازادی کورد، دەیەوێت سەرلەنوێ لەگەڵ دەوڵەت دەست بکات بە دانوستان و بیتەوە سەر مێزی گفتوگۆ. سەبارەت بەم بابەتە "بەسێ خۆزات" هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی کۆماجڤاکێن کوردستان(KCK) وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی هەواڵی فوراتی دایەوە، ناوبراو ڕایگەیاند: ئەم بانگەشانە هەڵمەتێکی چەواشەکارانەو خەڵەتاندنن. ئاکپارتی دەیەوێ بەم ئۆپەراسیۆنانە تەنگاو بوونی خۆی بشارێتەوە، بۆیە هەواڵی بەوشێویە دوور لە ڕاستی بڵاو دەکەنەوە.

بەسێ خۆزات وتی :" ئەم جۆرە قسانە دوورن لە ڕاستی، بەتەواوی چەوت و درۆ و شەڕی تایبەت و دەرونین، لە لێدوانی دەسەڵاتدارانی ئاکەپەو قەڵەم فرۆشەکانیان بە ئاشکرا دیارە کە ئاکەپە زۆر تەنگاو بووە، 'ئاکەپە' هەوڵ دەدات شەڕی قڕکردنی بەرامبەر بە کوردان بەشێوەیەکی سەرکەوتوو نیشان بدات، هەروەها بەرخۆدانی PKK و گەلی کورد شکست خواردوو نیشان بدات. ئاکەپە دەیەوێ لە دروستکردنی ئەم جۆرە هەواڵانە لە شەڕی قڕکردنی کوردان زیاتر پشتیوانی نەژاد پەرستان و نەتەوە پەرستان وەربگرێت.

بەسێ بەبیری هێنایەوە: کە لە ٥ / ٤ / ٢٠١٥ وە تا ئێستا چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد ئەنجام نەدراوە، دوایین دیداریش لە ٥ / ٦ / ٢٠١٥ لەگەڵ شاندی 'هەدەپە' پێک هاتووە، دوای ئەوە دەوڵەت هیچ چاوپێکەوتنێکی ئەنجام نەداوە. ئەو بانگەشانەی کە باس لە دیداری شاندێکی دەوڵەت لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ دەکەن، بەتەواوی درۆن و پڕوپاگەندەی شەڕی تایبەتن. بۆ بەڕێوەچوونی ئەو پڕوپاگەندانەش هەندێ کەسایەتی خیانەتکار لەناوەندی شەڕی تایبەت ئەرکدار کراون، سەرکێشی ئەو خیانەت کارانەش غالب ئەنساری ئۆغڵو، موحسین قزل کایا، ئۆرهان میر ئۆغڵو و محەمەد مەتینەر-ن، وە زۆرێک لە هاو شێوەی ئەو کەسانەش هەن و هەموویان دوژمنی گەل و ئەندامی دەزگای سیخوڕی میت-ن.

بەسێ ئاماژەی بەوەکرد کە لە ٥ / ٤ / ٢٠١٥ وە ڕێبەر ئاپۆ لەژێر ئەشکەنجەو گۆشەگیریەکی گراندا ڕاگیراوەو بەم شێوەیە بەردەوام بوو : "لەبەرامبەر ڕێبەر ئاپۆ هەموو جۆرە شەڕێکی تایبەت و دەروونی بەڕێوەدەچێت و ڕێگە نادرێت بەهیچ شێوەیەک چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو هەڤاڵانەی لە ئیمرالی زیندانی کراون ئەنجام بدرێت. ژیان و ئاسایش و ئەندروستی ڕێبەر ئاپۆ لە مەترسیدایە، لەناو هەلومەرجی ترسناکی ئیمرالیدا ماوەی ١٧ ساڵە بەشێوەیەکی دوور لە یاساو ئەخلاق ڕادەگیرێت. بەتایبەت لەم ساڵانەی دواییدا ئەشکەنجە لە ئاستێکی زۆردا بەڕێوە دەچێت."

بەسێ جارێکی تر بانگەوازی لە کۆمیتەی بەرگرتن لە ئەشکەنجەی ئەوروپا (CPT) کردو وتی :" پێویستە (CPT) بەزووترین کات ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکات، گرنگە لەم ڕووەوە گەلەکەمان و لایەنە دیموکراتیکەکان بەردەوامی بە تێکۆشانی خۆیان بدەن. لێدوانەکانی (CPT) بەش ناکات، بۆ ئەوەی گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ بەتەواوی هەڵگیرێت ئاسایش، تەندروستی و هەلومەرجی ژیانی مسۆگەر بکرێت دەبێ تێکۆشانێکی بێ وێنە بەڕێوە ببرێت، لەو بوارەدا تێکۆشانی دۆستان و گەلەکەمان لە ئەوروپا جێی بایەخە، بەڕێزەوە سڵاویان لێ دەکەین و پێویستە ئەم چالاکیانە هەموو مەیدانەکان بگرێتەوە."

بەسێ ڕایگەیاند؛ ئاکەپە ١٤ ساڵە بە سیاسەتی شەڕی تایبەت خۆی لەدەسەڵاتدا بهێڵێتەوە، لەنێو ئەو ساڵانەی دوایدا هاوکاری هەموو دام و دەزگاکانی دەوڵەتی قوڵ، قڕکردن و شەڕی تایبەتی مێژووی کۆماری تورکیای کردووە. ئەمە ڕێکەوتنی نێوان ئاکەپە، ئەرگەنەکۆن، مەهەپەو نەتەوە پەرستانە، ڕێکەوتنی شەڕی سەرتاسەری و لەنێوبردنی کوردانە.

بەسێ سەرنجی ڕاکێشایە سەر ئەوەی کە ڕژێمێک لەو ئاستەدا شەڕی پاکتاوی لەبەرامبەر گەلی کورد بەڕیوەبەرێت نابێ گفتوگۆی لەگەڵدا بکرێت، ناوبراو وتیشی :"ئەوەی ئێمە لە ئەمرۆ و ئایندەدا لە پێناویدا تێدەکۆشین، لەبەرامبەر سیاسەتی لەنێو بردن، ڕووخاندنی ڕژێمی شەڕی تایبەت کە بۆ دیموکراتیزە کردنی گەلانی تورکیا ئەرکێکی پێویستە. داواکاری کوردان ڕون و ئاشکرایە، کوردان لە باکوری کوردستان دەیانەوێت لە ناو کۆمارێکی دیموکراتی، بە ناسنامەو کەلتوری خۆیان لەسەر بنەمای سیستمێکی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی بەشێوەیەکی ئازاد بژین."

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە لەبەردەوامی وتەکانیدا وتی :" تورکیا ماوەی ٥ ساڵە لەبەرامبەر ستاتۆی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان شەڕێکی سەخت و مەترسیدار بەڕێوە دەبات، چەتەکانی داعش و ئەلقاعیدە هەر بۆ ئەم مەبەستە دروستکران و بەهێز کران، تورکیا بۆ تەسفیە کردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا ماوەی ٥ ساڵە لەهەموو ڕووێکەوە هاوکاری گروپە چەتەکان دەکات و دوژمنایەتی ئەم عەقڵیەتە لەبەرامبەر ڕۆژئاوا کۆتایی نایەت."

بەسێ بۆ ئەو بانگەشانەی کە دەڵێن ئەگەر PKK هێزەکانی بخاتە دەرەوەی سنوری باکوری کوردستان ئەو کاتە ئەوان لەبەرامبەر هەڵمەتی ئازادکرنی منبج – عەزاز بێدەنگ دەبن هەڵسەنگاندنێکی بەم شێوەیەی کرد :" ئەمە ئۆپەراسیۆنێکی خەڵەتاندنە، ئەوانەش کە شێوە بەو ئۆپەراسیۆنانە دەدەن هەمان ئەو هێزانەن کە سیاسەتی توانەوە بەسەر کورد دا سەپاندووە، ئەمەش پلانێکی تەسفیە کردنی PKK یە، کاتی کشانەوەی هێزەکانی PKK بۆ دەرەوەی سنور لە زووە وە کۆتایی هاتووە، ئەوەش ئاشکرا بووە کە ئەمە چارەسەری لەگەڵ خۆی ناهێنێ و بە پێچەوانەوە ڕێگا لەبەردەم سیاسەتی کۆمەڵکوژی دەکاتەوە. لە نێو ئەو هەلومەرجانەی ئێستاشدا PKK هەرگیز هێزەکانی بۆ دەرەوەی سنور ناکێشێتەوە، تاکە گەرەنتی پاراستنی کوردان گەریلایە، تاوەکو دەوڵەت و دەسەڵاتداری فاشیست هەبێ ئەو ڕاستیە بە هیچ شێووەیەک ناگۆڕدرێت."

بەسێ سەرنجی ڕاکێشایە سەر ڕۆڵێ PDK لە نێو ئەو سیاسەتانەدا و وتی: "PDK لە نێو ئەو سیاسەتانەدا ڕۆڵێکی نەرێنی دەگێڕیت، سیاسەتی PDK خزمەت بە هێزە داگیرکەران دەکات، چونکە PDK لەگەڵ هێزەکانی دوژمن هەڵسوکەوت دەکات و سیاسەتی ئەوان پەیڕەو دەکات، PDK لەبەرامبەر کوردان ڕێبازی سیاسەتی شەڕی تایبەتی گرتۆتەبەر، ئەرک و ڕۆڵی خۆی بەو شێوەیە دەستنیشان کردووە. ئەمەش بەهیچ جۆرێک مایەی پەسەند کردن نیە. PDK نرخ و بەهای خۆی لەناو کوردان لەدەست دەدات، چونکە زیانێکی گەورەی بەکوردان گەیاندووە، بۆیە دەبێ بەزووترین کات دەست لەو سیاسەتە چەوتانەی هەڵگرێت کەدوژمن بەهێز دەکەن. گرنگە PDK لەهەمبەر دەوڵەتی تورکیای بکوژ، لەدژی ڕێکەوتنی شەڕی ئاکەپە هەڵوێست نیشان بدات و لەبەرەی کوردان جێ بگرێت."


بەسێ خۆزات هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی'کەجەکە' لە کۆتاییدا باسی لە گرنگی ئەنجامدانی کۆنگرەی نەتەوەیی کردو وتی :" ئێمە لەم پێناوەدا چەندین ساڵە تێدەکۆشین ، وەرن با بە بەشداری هەموو لایەنە سیاسیەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان کۆنگرەی نەتەوەیی ئەنجام بدەین، هێزیکی بەرگری، سیاسەت و دیپلۆماسیەتێکی هاوبەش بونیاد بنێین، هێزەکانی پاراستنی گەل ئامادەن لەگەڵ پێشمەرگە هێزێکی بەرگری کردنی هاوبەش دابمەزرێنن، ئەنجومەنێکی هاوبەش و هەمیشەیی نەتەویی ئاوا بکەین، با هەموو بڕیارە ستراتیژیە نەتەوەییەکانمان لەلایەن ئەم ئەنجومەنەوە بدرێن، لە نێو ئەنجومەنەکەدا بەڕێوەبەرایەتیەک بۆ بەجێ هێنانی ئەم بڕیارانە پێک بهێنرێت. چەندی ساڵە ئێمە کار بۆ ئەوە دەکەین و ئامادەین، تەنانەت دوو ساڵ بەر لە ئێستا گەیشتینە خاڵكێکی زۆر گرنگ کە ئیتر بەشدار بووان و چۆنێتی بەڕێوەچوونی کۆنگرەکە گفتوگۆی لەسەر کرا. دوای ئەوەی تورکیاو هەندێ هێزی تر گوشاریان خستە سەر PDK ئەم پرۆسەیە تێک چوو. ئەگەر بەدڵ دەیانەوێت وەرن با لەو شوێنەوە دەست پی بکەینەوە، بەڵام ئامادە نین، تورکیا ڕێگا بەمە نادات. هەتا PDK هەڵوێستی خۆی لەبەرامبەر تورکیا نیشان نەدات و کۆتایی بە پەیوەندیە چەپەڵەکانیان نەهێنێ ناتوانێ نزیکی خەباتێکی بەم شێوەیە ببێتەوە. بەڵام ئێمە ئەم خەبات بەنرخ و گرنگە لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەی کە دەخوازن و بەرپرسیارن بەردەوام دەکەین، لەم ڕووە وە ئێمە خاوەن بڕیارین.

(ش ب)