ئیلهام ئەحمەد: پەیوەندیەکانی تورکیا-داعش ئاسایشی وڵاتانی دەرەوەش دەخاتە ژێر مەترسی

10:32

گوڵان بۆتان / ژنها

عامودە – هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی سوریای دیموکراتی ڕایگەیاند: "ئاکپارتی بەردەوامە لە پەیوەندی و هاوکاری کردنی چەتەکانی داعش، بۆیە یان دەبێت واز لە سیاسەتی شەڕی تایبەت، نکۆڵی و پاکتاوی سەر گەلی کورد بهێنێت یان ئیتر لەناو دەچێت."

ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی سوریای دیموکراتی، دواین گۆڕانکاریەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان هەڵسەنگاند و وتی: "بە گشتی بەرەوپێشچوونەکانی ڕۆژئاوای کوردستان زۆر گرنگن، تەنانەت کاریگەری کردۆتە سەر ڕەوشی سوریا بە گشتی، ئێستا لە حەلەب هەڵمەتێک دەست پێدەکات، مرۆڤ دەتوانێت بڵێت کە سێیەمین جەنگی جیهانی لەدەوروبەری حەلەب بەڕێوەدەچێت، حەلەب دەتوانێت چارەنوسی سوریا یەکلایی بکاتەوە، هەر هێزێک لەناو ئەو شەڕەدا هەیە کە لەو هەرێمە بەڕێوە دەچێت، هەڵبەت هەڵمەتی رزگار کردنی منبج بە دەستپێشخەری ئەنجومەنی سەربازی منبج بەردەوامە و گۆڕانکاری گرنگ لەگەڵ خۆیدا دێنێت."

ئیلهام ئەحمەد سەبارەت بە هەڵمەتی فەرماندە فەیسەل ئەبو لەیلا وتی: "ئەو هەڵمەتە بە سەرکەوتووی بەڕێوە دەچێت، بەڵام داعش ئامادەکاری زۆری کردوە لەناو سەنتەری شاردا، چونکە گەر داعش لە منبج شکست بێنێت ناچار دەبێت ناوچەکە بەجێبێڵێت وە زیانی زۆری بەردەکەوێت، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە کە داعش زیاتر هەوڵی مانەوە بدات و شەڕیش بکات، بەڵام وەک دەبینین هەڵمەتەکە سات بە سات بەرەو پێش دەچێت و داعش گەمارۆ دراوە. کاتێک گەلانی منبج خۆیان بەڕێوەببەن، سەرەتایی قۆناغێکی نوێ دەستپێدەکات لە ناوچەکەدا."

ناوبراو سەرنجی ڕاکێشایە سەر سیاسەتی تورکیا لە بەرامبەر پێشڕەویەکانی باکوری سوریا و وتیشی: "هەڵوێستی تورکیا مەترسیدارە و کوێرانەیە. وا بۆ دەچێت کە سەنگەرکانی یەک بە یەک لە دەست دەدات. ئێستا تورکیا بە هەموو شێوەیەک دژی پێگەی خۆبەڕێوەبەری کوردانە، بۆیە دایکایەتی بۆ چەتەکانی داعش دەکات، تەناتە خۆشی سەرپەرشتیان دەکات، ئاکپارتی ڕاستەوخۆ ئەو هێزە بەڕێوە دەبات، ئەمەش ئاسایشی وڵاتانی دەرەوەش دەخاتە ژێر مەترسی. بۆیە یان دەبێت ئاکەپارتی واز لە سیاسەتی شەڕی تایبەت، نکۆڵی و پاکتاوی سەر گەلی کورد بهێنێت یان ئیتر لەناو دەچێت." .

ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی سوریای دیموکراتی لە کۆتاییدا وتەکانیدا ئاماژەی بەوەشدا کە هەرچەند شەڕێکی تایبەت بۆ چەواشە کردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا بەڕێوە دەچێت، بەڵام ئەوان لە هەموو ڕووێکەوە بەردەوام دەبن لە تێکۆشان و بەرگری کردن لە دەستکەوتەکانی شۆڕش.

(ش ب)