مریەم لە هەر شوێن بەدوای ڕۆڵەکانیدا دەگەڕێت
09:35
زاهیدە ئەحمەد / ژنها
کۆبانێ – مریەم یەکێک لەو ژنانەیە کە ئازاری لەدەستدانی رۆڵەکانی دەچێژێت، مریەم لەو ڕۆژەی چەتەکان دوو لە ڕۆڵەکانی دەبەن تا ئێستا بەدوایاندا دەگەرێت، هەمیشە لە چاوەڕوانی سۆراخێکی ئەوان دایە.
لە هەڵمەتی شەهیدی فەرماندە فەیسەل ئەبو لەیلا زۆربەی گوندەکانی سەر بە منبج ئازادکران، یەکێک لەو گوندانەش گوندی کۆرسەلانە کە زوڵم زۆریان بەدەستی چەتەکانی داعش بینوە، ئەو گوندە دەکەوێتە باکوری شاری منبج. مریەم مستەفا ژنێکی ئەو گوندەیە دوای ئەوەی چەتەکانی داعش گوندەکەیان داگیر دەکەن دوو لە کوڕەکانی دەستگیر دەکرێن. یەکێک لە ڕۆڵەکانی بەبەرچاویەوە دەکوژن، بەڵام مریەم تا ئێستاش بە حەسرەتەوە چاوەڕوانی گەڕانەوەی ڕۆڵەکانی دەکات.
مریەم بەو شێوەیە باسی لە دڕندەیی چەتەکانی داعش کرد: "شەش مانگ لەمەوبەر دوو لە کوڕەکانیان بردم یەکیان بەبەرچاومەوە کوشت و ئەوەیتریشان برد، بەم دوایانەش دوو لە برازاکانیان بردم، تا ئێستاش نازانین چارەنوسی ئەوان چیە. هیچ شتێکیان لەسەر نازانین، ڕەنگە هەموویان کوشتبن." مریەم باسی لەوەش کرد کە هەموو پیاوانیان کۆدەکردەوە و دەیانبردن، لەماڵ چوونە دەری منداڵان و ژنانیش بە هەموو شێوەیەک قەدەغە بوو، بە ناچاری چوارشێوەی ڕەشمان دەپۆشی.
مریەم خۆشحاڵی خۆشی بە ئازادکردنی گوندەکانی منبج دەربڕی و وتی: "دوای ئەوەی گوندەکەمان ئازاد بوو، چارشێوە ڕەشەکانمان فڕێدا و پیاوان گەڕانەوە ماڵەکانی خۆیان، ژن و منداڵ بە ئازادی دەجوڵێنەوە و دەچنە دەرەوەی ماڵ، زۆر دڵمان خۆشبوو بەو هەڵمەتە."
مریەم لە کۆتایشدا باسی لەوە کرد کە هەرچیەک لە دەستیان بێت بۆ بەرگری کردن لە زێدی خۆیان، بۆ ئەوەی جارێکیتر گوندەکەیان نەکەوێتە دەستی چەتەکانی داعش ئامادەن بیکەن. مریەم وتیشی: "هیوادارم هیچ دایکێک وەک من جگەری نە سوتێت، هەر ڕۆژ بە دوای کوڕ و برازاکانم دا دەگەڕێم، چاوم لە ڕێگەی گەڕانەوەیانە."
(ش ب)