هاوژینی ئەبو لەیلا: خەونەکانی ئەبو لەیلا بە دیدێنم
11:48
بنەڤش ساریا- زاهیدە ئەحمەد/ ژنها
کۆبانێ – هاوژینی فەیسەل سەعدون ناسراو بە (ئەبو لەیلا) باس لە تێکۆشان و ژیانی دەکات و دەڵێت: ئەبو لەیلا دەیەویست ئایندەیەکی ئازاد بۆ منداڵەکانی بئافرێنێت و منداڵەکانی بە ئەشقی ئازادی پێگەیەنێت.
فەیسەل ئەبو لەیلا (فەیسەل سەعدون) یەکێک لە رۆڵە چاونەترس و شەرڤانە ئازاکانی شاری بەرخۆدان بوو، بۆخۆی خەڵکی گوندی (قاراریشک) سەر بە کانتۆنی کۆبانێیە و لە بنەماڵەیەکی وڵاتپەروەر لە دایک بووە. پاش لە دایکبوونی خێزانەکەی کۆچی شاری منبج دەکەن و ئەبو لەیلا هەر لەو شارە گەورە دەبێت. یەکەم جار ئەبو لەیلا لە شاری حەلەب لە ناو "لیوای ئەحرار" بەرامبەر هێزەکانی رژێمی بەعس شەڕدەکات، پاشان لەناو گروپەکانی بەرەی "ئەل ئەکراد" بەرامبەر رژێم و چەتەکان شەڕ دەکات، دواین جاریش کەتیبەی شەمس ئەلشیمال(رۆژی باکور) دادەمەزرێنێت. کاتێک پرسیاری لێدەکەن بۆچی ئەو ناوە؟ ئەبو لەیلا لە وەڵامدا دەڵێت؛" چونکە ڕۆژی ئێمە لە ئیمڕاڵیە، بۆیە". لەکاتی بەرخۆدانی کۆبانێ بە شێوەیەکی چالاک خۆی و ئەندامانی لەریزی پێشەوەی شەڕدا بەرخۆدانێکی بێوێنەیان تۆمار کرد، لە کۆبانێ چوار جار بریندار دەبێت، دواین جاریش لە تەقینەوەی خۆکوژی چەتەکانی داعش لە دەروازەی مورشید پنار بە سەختی بریندار دەبێت. دوای چاک ئەوەی برینەکانی کەمێک باش دەبن جارێکیتر دەگەڕێتەوە بەرەکانی جەنگ و بەشداری هەڵمەتی ئازادکردنی هەرێمەکانی سرین، گرێ سپی، هۆڵ، شەداد و تشرین دەبێت، دواین جاریش لەگەڵ ئەندامانی کەتیبەکەی بەشداری هەڵمەتی ئازادکردنی منبج بوو، یەکێک لەو ئاواتەکانی ئەبو لەیلا ئەوە دەبێت کە شارەکەی لە چەتەکانی داعش پاک بکاتەوە و لەماڵی خۆیدا چایێک لەگەڵ هەڤاڵانی بخواتەوە. فەرماندە ئەبو لەیلا لە بەردەوامی هەڵمەتی ئازادکردنی منبج لە گوندی (ئەبو قەلال) بە هۆی بەرکەوتنی پارچەیەک لە سەری خۆی بریندار دەبێت، پاشان ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری سلێمانی کراو بە هۆی سەختی برینەکانیەوە لە ٥ی مانگی حوزەیران گیانی لەدەستدا و لە ڕۆژی دواتر بە مەراسیمێکی جەماوەری شاری کۆبانێ بە خاکسپێردرا.
دیجلە ئەحمەد، هاوژینی ئەبو لەیلا، بۆ ئاژانسەکەمان باسی لە کەسایەتی و تایبەتمەندیە نەزانراوەکانی و نهێنیەکانی سەرکەوتنی ئەبو لەیلا کرد.
دیجلە بە شانازیەوە باسی لە یادگاریەکانی هاوژینەکەی کرد و وتی: "من و فەیسەل ئامۆزای یەکترین، هەر لە منداڵیەوە هاوڕێی یەکتری بووین و یەکترمان خۆشدەویست، لەسەر پەیوەندی ئەڤینداری بوو هاوسەرگیریمان کرد، دوای ئەوەی سێ لە کچەکانمان لە منبج لە دایکبون، دوای هێرشی چەتەکانی داعش گەڕاینەوە کۆبانێ، بەر لەوەی بگەڕێینەوە کۆبانێ فەیسەل هەمیشە لەناو شۆڕشدا خەباتی دەکرد، بەشداری لە هەموو هەڵمەتەکانی ئازادکردنی هەرێمەکادا کرد، لە کاتی بەرخۆدانی کۆبانێش لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕدا بوو، حەزی دەکرد کۆبانێ زوو ئازاد بکرێت، کاتێک دەگەڕایەوە ماڵ دانوستان و گفتوگۆکانمان وەک دوو هەڤاڵ بوون، هیچ جیاوازیەک لە نێوانماندا نەبوو، هەرگیز حەزی بە ستەم و چەوساندنەوەی مرۆڤ نەدەکرد."
دیجلە وتیشی: "کاتێک باسی لە ئایندەی منداڵەکانی دەکرد دەیوت؛ لەیلا دەکەم بە پزیشک و هەرچوار کچەکەی زۆر خۆشدەویست، دەیوت نابێت کەس رۆژێک شتێک بە رەهێڤ بڵێت و دڵی بشکێنێت، دەمەوێت ئەم کچەشم بە شێوەیەکی جیاواز گەورە بکەم، دەمەوێت ببێتە کچی شۆڕش و ببێت بە شۆڕشگێڕ، بۆ ئەوەی ببێت بە کەسێک مەزن و ژیانێکی واتاداری هەبێت. هیچ جیاوازیێکی نەدەخستە نێوان منداڵەکانی بەڵام دەیوت؛ پێویستە هەر دایک و باوکێک کچێکیان ببێتە شۆڕشگێر، فەیسەل حەزی دەکرد منداڵەکانی لە هەموو ڕوێکەوە پێبگەن و هیچ کەموکوڕیان نەبێت، حەزی دەکرد ئایندەیەکی گەشیان بۆ دابین بکات، بۆیە شەڕی مان و نەمانی بۆ دەکردن، نەک تەنیا کۆبانێ دەیویست هەموو کوردستان و سوریا ڕزگار بکات.
دیجلە ئاماژەی بەوەدا کە ئەبو لەیلا لە ژیانی خۆیدا ئەو شتەی پێی قبوڵ نەکراوە و هەرگیز ئامادە نەبوو بیکات کۆیلایەتی و سەرنەواندن بووە بۆ داگیرکەران. دیجلە وتیشی: "هەرچەند زۆر شەڕی دەکرد بەڵام لە تەنیشت ئەو شەڕ و تێکۆشانەیدا خەباتی بۆ پەروەردە و فێرکردنی ئەندامان و شەرڤانان و دۆستان دەکرد، ڕوانینی ئەو بۆ شەڕ و تێکۆشان لە پێناو ژیان دوو بابەتی هاوبەشی بوون. هەرگیز ڕۆژێک نەیوت؛ بەسە، ماندو بووم، با هەندێک پشو بدەم ئەوانەم لە فەیسەل نەبیست. کاتێک پێم دەوت مەڕۆ، دەیوت؛ 'مەترسە زۆر ئاگاداری خۆم دەبم، بەتەنیا بەجێت ناهێڵم، بەیەکەوە کچەکانمان گەورە دەکەین'."
دیجلە ئەحمەد، هاوژینی ئەبو لەیلا لە کۆتایشدا وتی: "هیوادارم هەر کەس بۆ ئازادی و ئایندەی منداڵان تێبکۆشێت، خەیاڵی ئەبو لەیلا هەر ئەوە بوو، وەرن با پێکەوە خەیاڵی ئەبو لەیلا بە دیبێنین، پێم وایە خەیاڵە پیرۆزەکانی ئەو هەمیشەیی و زیندوو دەمێننەوە وەک ڕۆحی ئەو."
(ش ب)