نادیە موراد: پێویستە سەرچاوە داراییەکانى داعش وشک بکرێن

09:53

ژنها

ناوەندی هەواڵ - کچە کوردى ئێزیدى نادیە موراد لە ئەنجوومەنى پیرانى ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەوان (کچان و ژنانى ئێزیدى) وەک سەبایا فرۆشراون و دەستدرێژیى سێکسى کراوەتە سەریان، کە کچى تەمەن نۆ ساڵیشیان لە ناودا بووە. داواشى لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى کرد ئێزیدییەکان بپارێزن بۆ ئەوەى مەترسیى لەناوچوونى ئێزیدییەکان نەمێنێت.

دوێنێ سێشەمە ٢١ى حوزەیرانى ٢٠١٦ نادیە موراد کچە کوردى ئێزیدى کە لەلایەن چەکدارەکانى داعشەوە فڕیندرابوو، لە بەردەم ئەنجوومەنى پیرانى ئەمریکا وتارێکى بە زمانى کوردى پێشکەش کرد و باسى ئەو بەسەرهاتەى خۆیى کرد، کە لەلایەن چەکدارەکانى داعشەوە لە دواى کۆنتڕۆڵکردنى شەنگال بەسەریدا هێنراوە و وتى "کاتێک ناوچەکانمان لەلایەن چەکدارەکانى داعشەوە داگیرکران، ئێمە کە شەش هەزار ژن و منداڵى بووین لەلایەن چەکدارەکانى داعشەوە فڕیندراین و وەک سەبایا فرۆشراین و دەستدرێژیى سێکسیمان کرایە سەرمان".

نادیە موراد وتیشى "لە ناو دادگاى موسڵدا بە زۆر دەستیان خستینە سەر قورئان بۆ ئەوەى ئاینەکەى خۆمان بگۆڕین و ببین بە موسڵمان".

بەپێى قسەکانى نادیە موراد "لە گوندەکەى ئێمەدا حەوت هەزار کەس لەلایەن چەکدارەکانى داعشەوە کوژران، کە براکەى من یەکێک لەو کوژراوانە بوو".

نادیە موراد لە بەشێکى تر لە قسەکانیدا لە ئەنجوومەنى پیرانى ئەمریکا ئاماژەى بەوەکرد "ئەوەى داعش بەرامبەر بە ئێزیدییەکان کردوویەتى جینۆسایدە و پێویستە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى ئەو تاوانانەى داعش بە جینۆساید بناسێنێت".

ناوبراو ڕاشیگەیاند "تاوەکو ئێستا چارەنووسى زیاتر لە سێ هەزار کچ و ژنى ئێزیدى، کە لە دەستى داعشدان نادیارە و وەک سەبایا لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێن و لەناو ئەو کچە فڕۆشراوانەشدا کچانى منداڵى تەمەن نۆ ساڵ هەبوو، کە وەک سەبایا دەفرۆشران و دەستدرێژیى سێکسى دەکرایە سەریان".

هەروەها ئەو کچە کوردە ئێزیدییە داواى لە ئەنجوومەنى پیرانى ئەمریکا و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى کرد، کە ئێزیدییەکان وەک کەمە نەتەوە بپارێزرێن و ئەگەر کار بۆ پاراستنیان نەکرێت ئەوا بە تەواوەتى ئێزیدییەکان لە ناو دەچن.

هەر لە درێژەى قسەکانیدا داوایکرد "لە جیاتی شەڕى سەربازى لەگەڵ داعش پێویستە سەرچاوە داراییەکانى داعش وشک بکرێن و ڕێگرى لەوە بکرێت پارە بگاتە دەستى داعش و ڕێش لەوە بگیرێت کە داعش نەوت بفرۆشێت".

پێشتریش نادیە موراد ڕۆژى چوارشەممە ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥ لە ئەنجوومەنى ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لەناوبردنی داعشی کردبوو.

(ش ب)