هەڵوێستی پارتی بەرامبەر ئێزیدیەکان کاردانەوەی توندی لێدەکەوێتەوە
10:13
ژنها
سلێمانی - قسەکانی ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی نیگەرانی زۆری خەڵکی کورد و بەتایبەتی ژنانی لێدەکەوێتەوە و ژنان ڕادەگەیەنن کە ئەمە هەڵوێست و ئەقڵیەتی پارتی بۆ خۆیەتی.
لەدیدارێکی ڕۆژنامەوانیدا چنار سەعد عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق وتویەتی: کارەساتی ئێزدیەکان و داگیرکردنی شەنگال بەدەست چەتەکانی داعش هەندێک خاڵی ئەرێنی هەبووە. ناوبراو پێیوایە کە ئەم کارەساتە بوو بە هۆکاری ئەوە کە کۆمەڵگای ئێزدیی بە جیهانی دەرەوە بناسێنێت و پەیوەندیەکانی ناوکۆمەڵگای ئێزەدیەکانی گۆڕی.
قسەکانی ناوبراو کاردانەوەی توندی ژنانی لێکەوتەوە.
"پێویستمان بەو ناوبانگە نیە و پێشتریش هەبووین"
گەورێ سالح، لەسەر ناوی ژنان و کچانی ئێزیدی لە سەر ئەم بابەتە رەخنەی توندی لە پارتی دیموکراتی کوردستان و گرت و بە ئاژانسەکەمانی راگەیاند: "بەناوی ژنانی ئێزدیەوە بە توندی ئیدانەی ئەو جۆرە هەڵوێستە دەکەم، بەر لەوەی داعش کۆمەڵکوژمان بکات ئێمە وەک ژنان لە شنگال رۆڵ و پێگەی خۆمان هەبوو، کلتور و شێوازێکی ڕەسەنی خۆمان هەبوو، ئێمەی ژنانی ئێزیدی خاوەن مێژووێکی بەرخۆدانین. پێویستیمان بە جۆرێک لەو ناوبانگەش نەبووە و نابێت، کاتێک داعش هێرشی کردە سەر شەنگال ئێمە پێویستمان بە هاوکاری مادی، مەعنەوی و هێزی بەرگری کردن بوو لە هەرچوار پارچەی کوردستان، بەڵام وەک هەموو جیهانیش دانی پیاناوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان خیانەتی کردوە بۆیە لە کاتێکی ئاوادا پێویست بە لێکدانەوەیەکی ئاوا بێ بنەماو بێنرخ دەبینن. ئەگەر خیانەت لەو ئاستە قوڵەدانەبووایە ئێمە دەمانتوانی بەرگری لە خۆمان بکەین، چونکە دەمانزانی کە چارەنوسمان لەدەست داعش چی دەبێت."
"هەی هەر خۆتان بە خۆتان بن"
رۆژنامەوان نەجیبە قەرەداغی هەر لەسەر ئەو بابەتە لەسەر لاپەرەی تایەبەتی خۆی نوسیویەتی: "مرۆڤ کە دونیابینیەکی مرۆڤدۆستانەی نەبوو ، سواری شەپۆلی فاشیزمی ئاکەپە، ناسیۆنالیزمی داڕماو، سەلەفیزمی دڕندە و مرۆڤکوژ بوو دەبێ وا بیر بکاتەوە هەرکەسێک چاوەڕوانیەکی تری هەیە و مەسەلەکان دەباتەوە بۆ مەسەلەی دیدی ژن و پیاو هەڵەیە، ئەو ژنە هەڵەی نەکردووە ئەوە کرۆکی بیرکردنەوەیەکە کە بەدەنگی بەرز ڕاستی دیدێکی دەربڕیوە جگە لە کۆمەڵکوژی و نەهامەتی هیچی بۆ کورد پێ نیە و نەبووە. نەک بۆ کورد بۆ مرۆڤ بە گشتی. بەم حسابەی چنار سەعد بێ ، دەبوو بهێڵن داعش بچێتە هەولێر بۆ ئەوەی دونیا ئەویشی بناسیایە. جوانترین قسەی دایکم بۆ ئەم مێشک و بیرکردنەوەیە بەسە " هەی هەر خۆتان بە خۆتان بن!."
"ئەمە هەڵوێستی پارتیە لەبەرامبەر بڕیاری نەتەوەیەکگرتوەکان"
هەر لەوبارەیەوە گۆنا سەعید، چالاکوانی بواری ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی ئاماژە بەوە دەکات کە پارتی زیڕەی کردوە لەم بڕیارە تازەیەی نەتەوە یەکگرتوەکان سەبارەت بە ڕەسمی ناساندنی جینۆسایدی ئێزدیەکان بە دەستی داعش و دەڵێت: "بزانن چەند بێ شەرمانە لەم وتارەیدا کە لە " رووداو" ی ئینگلیزی بلاوبۆتەوە دەلێت یەزیدەیەکان قازانجیان کردوە لەم هێرشەی داعش کردیە سەریان ، بەوەی کە دنیا ناسینی و ژنەکانیان دەرکەوتوون و لە کۆمەڵێکی داخراوەوە بونەتە خەلكێک کە دەچنە خاریج و تێکەڵ دەبن لەگەڵ دنیای دەرەوە. ئاخر نۆکەرایەتی و بێ شەرمی تائەو ڕادەیە کە کارەساتی هێرشی داعش بۆ سەر کۆمەڵگەیەکی سەدان هەزار کەسی ، کە بە هەزارانیان لێ کوژرا و لێ بەدیل گیرا و هەزاران خێزان ئەنفال کران ، هەزاران کرانە کۆیلە ، بەوە وەسف کەیت کە فرسەتێکی بۆ کردونەتەوە لە دنیادا !. ئەوەندە بێ شەرمانە ئەلێ تۆ سەیری " نادیە موراد " کەن ، ئەگەر وا نەبوایە کێ دەیناسی و دەچوە جیگەی وەک بارەگای نەتەوە یەکگرتوەکان !؟.. بە ڕاست تۆ بڵێێ نادیە موراد ئەم بەناوبانگەیە ی ئێستای پێ خۆشتر بێت لەوەی کە دایکی و ئەو پێنج برایەی کە کوژران ئێستا زیندووبونایە!. ئەمە چ ویژدانێکە ئەم پارتی یە بێ شەرمانە هەیانە . تەبعەن ئەزانن بۆچی پارتی شتی وادەلێت ؟؟ چونکە زیڕەیان کردوە لەوەی کە دەزگای نەتەوە یەکگترتوەکان تاوانەکانی داعشی بە جینۆساید ناساندوە ، هەروەها زیڕەیان کردوە لەوەی کە پارێزەرێکی بە ناوبانگ و گرنگ بڕیاری داوە کەیسەکەیان بەرێتە دادگای نیو دەوڵەتی جا پارتی دەترسن لەوەی کە لێکۆڵینەوە بکرێت لە دەوری ئەوان لە کارەساتی شەنگال و بەقوربانی کردنی ئێزدیەکان. بۆیە کەوتونەتە ئەم جۆرە قسە وباسانە."
(ش ب)