ژنانی شەنگال بێدەنگی بەرامبەر سوتاندنی ژنانی ئێزیدی ئیدانە دەکەن

10:09

ئیلهام حاجی- خەنسێ خدر/ ژنها

شەنگال – ژنانی شەنگال لەبەرامبەر بێ هەڵوێستی ڕای گشتی جیهان لە کاتی سوتاندنی ژنانی ئێزیدی ناڕازین و دەڵێن: لەبەر ئەوەی ئەو ژنانە کۆیلایەتیان قبوڵنەکرد سوتێنران، هاوکات ڕایدەگەیەنن کە ئەوان ئەو ژنانە وەک شەهیدی باوەڕی و ئایینی پیرۆزی خۆیان دەبینن و شانازی بە خوشک و دایکانیان دەکەن.

لە ١٩ ئەم مانگەدا چەتەکانی داعش ١٩ ژن و منداڵی ئێزیدیان لەشاری موسڵ سوتاند، ئەمەش نیگەرانی زۆری لێکەوتەوە بەتایبەتیش نیگەرانی کۆمەڵگەی ئێزیدی، ئەوەی زیاتریش نیگەرانی کردون بێدەنگی ڕای گشتی جیهانە لە بەرامبەر ئەو کارەساتە.

لەوبارەیەوە ژنانی ئێزیدی لە شەنگال ڕایانگەیاند کە ئەوان چەندە بە سوتانی ئەو ژن و منداڵە ئازاریان چێشتوە، بەڵام بێدەنگی ڕای گشتیش زیاتر ئەوان ئازار دەدات. ژنان وتیان: "با دوژمنە هاوبەشەکانمان باش بزانن کە ئێمە بە فەرمان، کۆمەڵکوژی و تەنانەت بەسوتاندنیش لەناو نەچووین و لەناویش ناچین."

موحەبەت سالح، یەکێک لەو ژنانەیە و وتی: "وەک ژنێک لە سەری چیای شەنگالەوە ئیدانەی ئەو کارە نامرۆڤانەیە دەکەم کە دایک و خوشکانمان تیا سوتێنران. بەداخەوە تا ئێستا حکومەتی عێراق دەنگی بانگەوازی و هاوارەکانمان نابیسێت، بۆیە لە حکومەتی عێراقەوە بگرە تا حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمووان شەرمەزار دەکەم. دەمانەوێت هەموو جیهان دەنگمان ببیسێت بۆ ئەوەی هاوکار بن لە حساب پرسین و تۆڵە سەندنەوەی ئەو تاوانە نامرۆڤانەیە و بێدەنگ بوون لە بەرامبەری."

خەمێ قاسم، ژنێکیترە و ڕایگەیاند: "ئەوانەی مرۆڤ دەسوتێنن مرۆڤ نین و هیچ پەیوەندیەکیان بە مرۆڤایەتیەوە نیە، ئەگەر هەر کەسێکیش ویژدانی هەبووایە بێدەنگ نەدەبوو. راستە فەرمان کۆتایی هاتوە بەڵام هێشتاش ئازار و مەینەتیەکانی ئەو فەرمانە دەچێژین، چونکە بە هەزاران کەسمان بەدیل گیران، ئەوانە دیلن دەتوانن هەر شتێکیان لێبکەن، ئەمەش ئاستی دڕندەیی چەتەکان پیشان دەدات، ئەگینا چۆن مرۆڤ مرۆڤێکیتر دەخاتە ناو ئاگر و دەیسوتێنێت. ئەو ژن و منداڵانە شەهیدی باوەڕی و ئایینی پیرۆز مانن، لەبەر ئەوەی کۆیلایەتیان قبوڵ نەکرد سوتێنران."

(ش ب)