لە مەهابادەوە تا ئامەد چیرۆکی لەدایکبوونی ئالان رۆژهات
12:06
بێریتان جان ئۆزەر/ ژنها
ئامەد – شەفاعەت ئەحمەدی و کەمال ئەحمەدی خەڵکی شاری مەهابادن، بۆ لەدایکبوونی کۆرپەکەیان ڕوویان کردۆتە شاری ئامەد، ئەو دوو هاوژینە دەڵێن: ئامەد شاری بەرخۆدانە بۆیە دەیانەوێت منداڵەکەیان لە ئامە لەدایک ببێت.
شەفاعەت ئەحمەدی و کەمال ئەحمەدی هاوژینی یەکترین، هەردووکیان لە شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوویان کردۆتە شاری ئامەدی باکوری کوردستان بۆ ئەوەی منداڵەکەیان لەوێ لەدایک ببێت. شەفاعەت وتی: ئامەد پایتەختی کوردستانە، ئامەد لە ڕووی کلتور و مێژووییەوە شارێکی دێرینە، شارێکی زۆر خۆشە، یەکەم جارمە دێمە ئامەد کە خەونێکی هەمیشەییم بوو، پێشتر هاوژنیەکەم لێرە کاری کردبوو بۆیە هەمیشە باسی دەکرد، منیش لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە لێکۆڵینەوەم لەسەر دەکرد، زۆر سەرنجی ڕاکێشام، دەمەوێت منداڵەکەم لێرە لە دایک ببێت بۆ ئەوەی هەست بەوە بکات کە کەسێکی ئەو شارەیە، ئامەد مەڵبەندی بەرخۆدانە، دەمەوێت بە ڕۆحی بەرخۆدانی ئامەد گەورە ببێت. تا گەورە دەبێت هەمیشە دەیهێنینەوە بۆ ئێرە."
ئەو دایکە وتیشی: "پێشتر حەزمان دەکرد منداڵەکەمان کچ بێت، ناویشمان بۆ دیار کردبوو، هەندێک فێمەنیستانە هەڵسوکەوتم کردبوو، هەرچەند بێ ئامادەکاری بووین بەڵام ناومان ناوە (ئاڵان ڕۆژهات) واتای ناوی کوڕەکەم "ئەو کەسەی ئاڵای بەدەستەوەیە"، دەبێت کوڕەکەم بۆ هەمیشە ئاڵای کوردستانی بەدەستەوە بێت و بەرزی بکاتەوە."
شەفاعەت ئاماژەشی بەوە کرد کە ناوی ڕۆژهات گوزارشتێکیشە بۆ مزگێنی و هیوای ڕۆژانێکی گەش دەکات، هیوای خواست کە ئاڵان و هەموو منداڵانی لەناو ئەو دۆخەدا لەدایک دەبن ببن بە نوێنەری ئاشتی.
هاوکات کەمالی باوکی ئالان رۆژهات، ڕایگەیاند کە ئامانجی هاتنەکەیان بۆ ئامەد لەدایکبوونی کۆرپەکەیان بووە، ناوبراو وتیشی: من پێشتر چوار ساڵ لە ئامەد ژیاوم، لە ناوچەی سور خانوێکم کریبوو، هەرچەند دەمانزانی کە سور لە ژێر گەمارۆدایە، بەڵام وتمان ڕەنگە دەرفەتێکمان بۆ بڕەخسێت و بچین سور ببینین، زۆر جێگەی داخە کە کۆڵانە مێژوویەکانی سوریان هەموو وێران کردوە.
کەمال باسی لەوە کرد کە لە کاتێک ژنان لە مەهاباد منداڵیان دەبێت، ڕێگە نادەن هاوژینەکانیان بچن بیان بینن، هەروەها وتی: بەگوێرەی من ئەوەش شتێکی ڕەگەزپەرستانەیە، راستی نابینم، منیش نەمویست هاوژینەکەم بەتەنیا بهێڵم و هاتین بۆ ئامەد.
کەمال لە کۆتایشدا بانگەوازی لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان کرد بۆ ئەوەی بکەونە نێو هەوڵدان تا هاوڵاتیان و شوێنەوارە مێژوویەکان زیانیانی زیاتریان بەر نەکەوێت.
(ش ب)