"گه‌مارۆ ناتوانێت ژیانمان بوه‌ستێنێ"

12:44

فیدان رێزان - سۆزان محه‌مه‌د/ ژنها

عه‌فرین – لە بەرامبەر گەمارۆی سەر کانتۆنەکەیان ژنانی عەفرین رادەگەیەنن کە ژیانیان لە هەموو بوارێکەوە بەرەو پێشە دەڕوات و هیچ هێرش و گەمارۆیەک ناتوێت بیانوەستێنێت.

شۆرشى گه‌لان له‌ سوریا و ڕۆژئاواى کوردستان ٥ ساڵی لە دوای خۆی جێهێشت،‌ هێشتا شه‌ڕ و ئاڵۆزیەکان به‌رده‌وامن،‌ له‌ ئه‌نجامى ئه‌و هێرشانەدا ڕۆژانە چەندین کەس دەبنەقوربانی، به‌ ملیۆنان کەسیش دووچاری کۆچبەری هاتوون، به‌ڵام له‌ کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان گه‌ل سیسته‌مى خۆپاراسنی پێشخستووە بەو هۆیەشەوە باری ئەمنی و ئاسایشی ناوچەکە جیاوازە. هاوڵاتیانی هەرێمەکە بە گوێرەی هەموو هەلومەرجێک خۆیان ئامادەکردوە، هێزەکانیشیان لە هەر شوێنێک لە ئامادە باشی دان.

فریال حەسەن یەکێک لەو ژنانەیە کە بە ڕەنج و ماندووبونی خۆی لە بەرامبەر هەلومەرجە سەختەکانی ژیان تێدەکۆشێت. ئەو ژنە خەڵکی شارۆچکەی جندرێس سه‌ر به‌ کانتۆنی عه‌فرینە، فریال وتى: "ژنان ده‌بن بەهێزی ژیان و به‌ ڕەنجى خۆیان ژیان نوێ دەکەنەوە. ئێمەی ژن لەبەرامبەر هەموو زەحمەتیەکانی ژیاندا چارەیەکمان پێیە، هەرگیز کۆڵنادەین و بەردەوام دەبین لە خەبات کردندا.

فریال ئاماژەی بەوەشدا کە ماوەیەکە کانتۆنی عەفرین لە ژێر گەمارۆی سەربازی و ئابڵۆقەی ئابوری دایە، بۆیە هاوڵاتیان زەحمەتی زۆر دەبینن. ناوبراو وتیشی: "هەموو شتێک بە زەحمەت دەست دەکەوێت، بەتایبەتیش سوتەمەنی، لەبەر ئەوەی غازمان دەست ناکەوێت دار و شتو مەکی کۆن دەسوتێنین."

فریال لە کۆتایشدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە هیچ کاتێک ئەوان زێدی خۆیان بەجێناهێڵن، هاوکات ستایشی ڕۆڵی شەرڤانانی کرد لە پاراستنی خاکی خاکی ڕۆژئاوای کوردستاندا.

(ش ب)