زۆزان یوسف، نمونەی مامۆستایەکی شۆڕشگێر
11:15
فیدان ڕێزان / ژنها
عەفرین – دایک، خوشک و هاورێکانی مامۆستا زۆزان لە ساڵڕۆژی گیانبەختکردنیدا باس لە کەسایەتی و بیرەوەریەکانی دەکەن، مامۆستا زۆزان لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە ئەنجامی هێرشێکی چەتەکانی داعش کە وەک کۆمەڵکوژی ٢٥ ی حوزەیران دەناسرێت گیانی بەختکرد.
لە ٢٥-٦-٢٠١٤دا لە ئەنجامی کۆمەڵکوژیەکی دڕندانەی چەتەکانی داعش لە کانتۆنی کۆبانێدا بەسەدان کەس هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا، یەکێک لەوانە مامۆستا زۆزان یوسف بوو، مامۆستا زۆزان لەسەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاوادا بە شێوەیەکی چالاک بەشداری لە خەباتی پێشخستنی زمانی کوردی دەکات لەناو دەزگای زمانی کوردی(SZK). زۆزان دوای ماوەیەک لە کارو خەباتدا ئەرکی بەرپسیارێتی لە ئەستۆ گرت و وەک بەڕیوەبەرێکی خوێندی زمانی کوردی خەباتی دەکرد.
زۆزان بۆ هاوکاری کردنی مامۆستایان لە کانتۆنی کۆبانێ ماوەیەک دەچێتە کۆبانێ، بەڵام زۆری نەخایاند لە کۆمەڵکوژیدا شەهید بوو.
"خەیاڵی زۆزان بینینی خوشکەکەی بوو"
ئەلیف محەمەد دایکی مامۆستا زۆزان، بەو شێوەیە باسی لە کەسایەتی کچەکەی کرد: "کاتێک لە خوێندگەی گوندی دەخوێند مامۆستایان شانازیان پێوە دەکرد، زۆریان خۆش دەویست، زۆزان جێگەی شانازی هەموومانە، ئەو تەنیا مامۆستا و بەرێوەبەری خوێندگە نەبوو، بەڵکو ئەو مامۆستا و بەرێوەبەری ماڵەکەشمان بوو، زۆر هاوکاری دەکردم. خوشکی زۆزان ناوی ڕۆزایە گەریلایە لە شاخەکانی دێرسم، یەکێک لە گەورەترین ئاواتەکانی زۆزان بینینی خوشکەکەی بوو."
دایکی مامۆستای شەهید وتیشی: "چونکە زۆزان زۆر کەسی فێر کرد و پێیگەیاندن، بۆ ئێمە مایەی شانازی و سەربەرزیە. هەرچەند دەیویست زیاتر کار بکات، بۆیە ئێمە خەمگینین کە نەیتوانی هەموو خەونەکانی بەدیبێنێت. دوای شەهید بوونی چووم بۆ سەر گۆڕەکەی لە کۆبانێ، ئەویش وەک هەڤاڵانی لەڕێگەی شەڕەف و شکۆی وڵاتەکەی شەهید بووە. ڕێبازی شەرڤانانی سەری شاخەکان و ڕێبازی ڕێبەر ئاپۆی گرتەبەر و تا دواین هەناسە لەپێناویا تێکۆشا."
"زۆزان نمونەی هاوڕێی راست و پاک بوو"
خوناو عوسمان، یەکێک لە هاوڕێکانی مامۆستا زۆزانە، خوناو سەرەتا هەموو گیانبەختکردوانی ڕێگەی ئازادی بیرهێنایەوە، ناوبراو وتی: "کاتێک سەیری وێنەکانی شەهید زۆزان دەکەم هەست دەکەم بە خەندە و ڕوانینەکانی هەندێک پەیام دەدات و داوای زۆر شتمان لێدەکات، ئەو هەمیشە بە ئەشق و خۆشەویستی بۆ ژیان و فێرکردنی دەوروبەری گوزارشتی لە جوانیەکان دەکرد، خاوەن فکر و ڕامانێکی دەوڵەمەند بوو، زوو تێدەگەیشت، ئەو نمونەی ڕاستی و پاکی بوو بۆ هەڤاڵانی."
خوناو ئاماژەشی بەوەدا کە شەهید بوونی مامۆستا زۆزان کاریگەری زۆری لەسەر ئەوان داناوە، جەختیشی کردەوە: "کاتێک ئازادی بە ئامانج بگرین، هەڵبەت ئەوەش دەزانین کە قوربانی گرانبەهای لەپێناو دەبەخشین، نمونەی ئەوانەش ڤیان، ئارین و مامۆستا زۆزانن، ئێمە وەک هاوڕێ و هاوپیشەکانی مامۆستایانی شەهید وەک مامۆستا زۆزان بەڵێنی بەرزکردن و بەردەوامکردنی تێکۆشانیان دەدەینەوە."
"بۆ من وەک هەڤاڵێک وابوو"
نیهال یوسف، خوشکی مامۆستا زۆزانیش لەسەر ژیان و کەسایەتی خوشکەکەی وتی: "دوای ئەوەی خوشکە گەورەکەمان ڕۆزا پەیوەندی کرد بە گەریلا و لەماڵ دەرچوو، ئیتر زۆزان بەرپرسیارێتی ماڵی گرتە ئەستۆ، زۆزان هەم هەڤاڵ، هەمیش خوشکمان بوو، هەرچەند زەحمەتی هەبووایە بەڵام هەرگیز باسی نەدەکرد و گەشبین بوو، هەمیشە ڕووی بە خەندە بوو، رۆژێک هەستم نەکردوە زۆزان شتێکی بۆ خۆی بوێت، ئەو لەماڵیش وەک مامۆستایەک هەمیشە دەیبەخشی."
نیهال خوشکی خۆی وەک سمبۆلی تێکۆشانی کلتور و زمانی ڕەسەن ناودێرکرد، هەروەها وتیشی: "زۆزان ڕەنجی زۆری داوە لە پێناو پێشخستنی خوێندن و فێربوون بە زمانی کوردی، ئێستاش دەبینیم بەرهەمی ئەو ڕەنجە پێگەیشتوە و ڕۆژ بەڕۆژ مەزنتر دەبێت."
(ش ب)