"ژنانی ئێزیدی مەرجی سەرکەوتنی هەموو ڕێکخستنەکانی شەنگالن"

10:17

ئارژین ئازادی- نوژیان ئارهان / ژنها

شەنگال – ئەو ژنانەی وەک ئەندام بەشداریان لە شەشەمین کۆنگرەی(تەڤدا)کرد، ڕایانگەیاند کە ئەوان وەک ژنانی شەنگال هەوڵی کۆکردنەوەی هێزی خۆیان دەدەن، چونکە ژنانی ئێزیدی مەرجی سەرکەوتنی هەموو ڕێکخستنەکانی شەنگالن.

٢٤ی ئەم مانگە شەشەمین کۆنگره‌ى ته‌ڤدا به‌رێوه‌چوو، ٧٥ ژنی ئێزیدی بەشداریان لە کۆنگرەکە کرد، لە ئەنجامدا بڕیاردرا که‌ ئیدى ته‌ڤدا ببێته‌ پارتیه‌کى سیاسى به‌ناوى پارتى ئازادى و دیموکراتى ئێزیدیان (PADÊ) . ژنانی ئێزیدی لە چیای شەنگال کە بەشداریان لە کۆنگرەکە کرد، لەسەر گرنگی کۆنگرە بۆ ئاژانسەکەمان دوان.

خاتون عومەر، یەکێک لە ئەندامانی کۆنگرە ڕایگەیاند کە ئەو کۆنگرەیە بۆ ئێزدیەکان هەلێکی زێڕینە وتیشی: "دەمەوێت بە خوشک برا کوردەکانم ڕابگەینم با چاویان لە سەر ماڵ و سامان کوێر نەبێت، چونکە هیچ بەهایەکی نیە گەر مرۆڤ خاوەن نیشتیمانێکی ئازاد نەبێت، نابێت هیچ دەسەڵاتێک بۆ ماڵ و سامان و دەستخستنی قازانج مامەڵە لەگەڵ گەلەکەی بکات، دەبێت مرۆڤ لە پێناو باوەڕی، خاکی خۆیدا خەبات بکات، لەپێناو مانەوە لەو شاخانەی هەمیشە بۆ ئێمە بوونەتە پەرستگا و ئێمەیان پاراستووە. ئەو کۆنگرەیەی لەکاتێکی مێژوو بەسترا، بۆیە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، خۆشحاڵ و سەربەرزین، لە خوا داواکارم هەمیشە بۆ ئەو جۆرە خەباتانە دڵخۆش و لەیەکتری کۆببینەوە، هیوادارم ئێزدیەکان بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان."

خاتون ئاماژەی بەوەش دا کە پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت ناکۆکی و دووبەرەکی بخاتە نێو ئێزدیەکان ناوبراو وتیشی: "هیوادارم هاوڵاتیانی ئێزیدی بە هەڵوێستی خۆیان یاری پلانەکانی پارتی پوچەڵ بکەنەوە، سیخوڕی، جیاکاری، شکایەتکردنی یەکتری و بەگوێرەی بەرژەوندی دوژمنان جوڵانەوە بە دوورە لە باوەڕی و کلتوری ئێزیدیەکان، دەبێت ئێزیدیەکان زیاتر هۆشیار بن."

غەزاڵ مەندۆ، ژنێکیتری بەشدار بووی کۆنگرەیەو ئەویش بەوشێوەیە گرنگی کۆنگرەی هەڵسەنگاند: "سەرەتا کۆنگرە لە ئێزیدیەکان و لە شەرڤانانی هەرچوار پارچەی کوردستان پیرۆز دەکەم، دەمانەوێت زیاتر ئەو جۆرە خەباتانە پشێبخرێن، چونکە ئێمە پێویستیمان پێیە. ئێستا ئێمە خاوەن هێزی ئێزدیخانین، یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال و یەکینەکانی ژنانی شەنگالمان هەیە. ئێستاش خۆمان وەک پارتی بەڕێکخستن دەکەین، کۆبوونەوەی ڕێژەیەکی زۆری ژنان وەڵامێکی هەرە باشە بۆ سیاسەتەکانی پارتی و قسەکانی چنار سەعد و هەڵوێستە بێ پرەنسیپەکانیان."

لەیلا حەسەن، کە ماوەی ١٢ ساڵە لەناو خەباتی(تەڤدا) کاردەکات، شەشەمین کۆنگرەی ئێزدی خانی بەو شێوەیە هەڵسەنگاند: "هیواردام ئەو کۆنگرەیە سەرکەوتن و قۆناغێکی مەزن لەگەڵ خۆی بێنێت، دوای ١٢ ساڵ خەبات و تێکۆشان دەبینم کە ڕەنجمان بە فیڕۆ ناچێت، ئەوەش مایەی خۆشحاڵیمە، بۆیە هەوڵی زیاتر دەدەین بۆ سەرخستنی پارتیە نوێکەمان، ئێمە ژنانی شەنگال لەسایەی یەزدان و ڕێبەر ئاپۆ هەروەها بە پشتیوانی شەرڤانانی (HPG, YJA-STAR YBŞ, YJŞ,) هەرگیز ڕێگە بە دوژمنان نادەین هەناگوێک بنێنە ناو خاکی ئێزیدی خان. وەک ژنانی شەنگال هەوڵی کۆکردنەوەی هێزەکانی خۆیان دەدەن، چونکە ژنانی ئێزیدی مەرجی سەرکەوتنی هەموو ڕێکخستنەکانی شەنگالن."

(ش ب)