ژنانی شەنگال سوپاسی پشتیوانی ژنانی ڕۆژهەڵاتیان کرد

11:44

ژنها

شەنگال ـــ ژنانی چیای شەنگال لێدوانەکانی چنار سەعد کە چەند ڕۆژ لەمەوبەر هێرشەکانی داعشی وەک پێشکەوتن هەڵسەنگاندبوو، شەرمەزار کردو سوپاسی خۆیان ئاراستەی دەستپێشخەری پشتگیری ژنانی ڕۆژهەڵات کرد.

ژنانی ئێزیدی چیای شەنگال جارێکی تر چنار سەعد-یان شەرمەزار کرد. گروپێک لە ژنانی ئێزیدی لێدوانێکیان دا، لەسەر ناوی ژنان نورێ خەلەف قسەی کردو وتی :" ئێمە هەڵوێستی چنار سەعد شەرمەزار دەکەین، ئەو ناتوانێ لەسەر ئێمە هەڵسەنگاندێکی بەو شێوازە بکات، با حەددی خۆی بزانێت، با وەک ژنێک بیر بکاتەوەو بەخۆیدا بچێتەوەو شەرم لەخۆی بکات. ئەو قسانە قسەی ژنێک نیە. ئەو خۆی بە سیاسەتمەدار دەزانێ، بەو جۆرە لێدوانانە خۆی ڕیسوا دەکات، ئەو بە چ مافێک سوکایەتی بە نادیە موراد دەکات؟ ئەوەی ئێمە توشی بووین و تێیدا ژیایین ئەگەر بەسەر ئەو بهاتایە ئەومان دەبینی کە بەو جۆرە قسەی دەکرد یان نا، نادیە موراد تاجی سەری ژنانی ئێزیدیە. ئەو ئێش و ئازاری ئێمە دەزانێ و و بە جیهانی ڕادەگەیەنێت و هیچ شتێکی خراپی نەکردووە، با چیتر چنار سەعد لەسەر ژنانی ئێزیدی زمان درێژی نەکات."

نورێ بانگەوازی لەهەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد و وتی :" دەبێ حسابی ئەو قسانە لە چنار سەعد بپرسرێتەوە، ئەگەر دەرفەت هەبوایە ئێمەی ژنانی ئیزیدی حسابمان لێ دەپرسی، بەڵام ئێمە بانگەوازی لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەین و دەڵێین پێویستە حسابی ئەو قسانە لە چنار بخوازرێت."

نورێ سەرنجی ڕاکێشایە سەر پشتگیری ژنان بەتایبەت ژنانی ڕۆژهەڵات کە بۆ شەرمەزار کردنی چنار سەعدو هەڵسەنگاندنە چەوتەکانی پشتگیری ژنانی ئیزیدیان کردووەو سوپاسی خۆیان ئاراستە کردو بەم شێوەیە بەردەوام بوو : "زۆرێک لە ژنان و کەسانی تر وەڵامی زۆر باش و بە واتایان دایەوە، بەتایبەت ژنانی ڕۆژهەڵات کە کەمینی واژۆیان دەست پێکردووە، ئێمە سوپاسیان دەکەین، چونکە لەم کاتەدا پشتیوانی ژنان ڕۆحی یەکێتی بەهێز دەکات، وەکو ژن ئێش و ژانمان یەکە، هەربۆیە هەڵوێستیشمان دەبێ یەک بێت، ئێمە سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە پشتگیریان کردووین و ژنانی ئێزیدی دەپارێزن."

ژنان بە وتنەوەی دروشمی "ژن ژیان ئازادی" کۆتاییان بە لێدوانەکەیان هێنا.

(ش ب)