قەڵغانانی زیندوو بەرەو لیجە بەڕێکەوتن

13:04

ژنها

ئامەد – بەمەبەستی ڕێگرتن لە ئۆپراسیۆنە سەربازیەکان بە سەدان هاوڵاتی شاری ئامەد وەک قەڵغانی زیندوو ڕوویان لە ناوچەی لیجە کرد.

ئەمڕۆ سەر لەبەیانی بۆ ڕێگرتن لە بۆردومان و ئۆپراسیۆنە سەربازیەکانی دەوڵەتی تورک بەسەدان هاوڵاتی لەبەردەم بارەگاکانی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتی و پارتی هەرێمە دیموکراتەکان کۆبوونەوە، لەوێشەوە بەرەو ناوچەی لیجە بەڕێکەوتن.

پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتی سیپەل یگتالیب، نورسەل ئایدۆغان، ئەندامانی ئەنجومەنی "کەجەدە"، "بەدەپە" و "هەدەپە"، دایکانی ئاشتی و چەندین ئەندامی ڕێکخراوە مەدەنیەکان لەناو ئەو هاوڵاتیانەدا هەن.

بەر لە بەڕێکەوتنیان بۆ ناوچەی لیجە کە ئۆپراسیۆنی سەربازی لەسەر بەڕێوە دەچێت، نورسەل ئایدۆغان وتەیەکی پێشەکەش کرد و ڕایگەیاند: سەرەتا تۆپبارانی ناو شاریان کرد، دوای ئەوەی بینیان هاوڵاتیان بەرخۆدانی دەکەن و ماڵەکانیان چۆڵ ناکەن، ئەمجارە دەیانەوێت بە ڕێ و ڕێبازی دڕندانە و بە زۆرە ملێ کۆچ بە هاوڵاتیانی ناوچەکە بکەن. بۆیە بەوەر لیجە دەڕۆین." ناوبراو بانگەوازی پشتگیری لە جەماوەر کرد.

جێگەی ئاماژەیە دوێنێش نزیکەی ١٠٠ کەس هەوڵیاندا بچنە ناوچەکە، بەڵام ٧٥ کەسیان لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە دەستگیرکران.

(ش ب)