لە ماکۆ تا منبج لە زمانی ئێریڤانەوە: دڵم لەو سەنگەرەیە کە هەڤاڵانم شەڕی تێدا دەکەن

09:28

ژنها

کۆبانێ – ئەریڤان ماکۆ، شەرڤانێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە لەناو یەکینەکانی پاراستنی ژناندا، ئێریڤان لە کاتی بەرخۆدانی کۆبانێ دەچێتە ڕۆژئاوای کوردستان، دوای ئەوەی بەشداری لە هەڵمەتی ڕزگار کردنی شاری منبج دەکات، بۆ جاری سێیەم بریندار دەبێت، ئەو شەرڤانە دەڵێت: کاتێک لەگەڵ هەڤاڵانم بم هەست بە ئازار ناکەم و زوو برینەکانم چاک دەبنەوە.

ئێریڤان ماکۆ لە ساڵی ٢٠١٤ لە کاتی بەرخۆدانی کۆبانێ ڕوو دەکاتە ڕۆژئاوای کوردستان، بەشداری لە هەموو هەڵمەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئەو بەرخۆدانیە دەکات. دوای ئەوەی دوو جار لە بەرخۆدانی کۆبانێ بریندار دەبێت و چاکدەبێتەوە، لەسەر خواستی خۆی بەشداری لە هەڵمەتی ڕزگار کردنی شاری منبج دەکات. ئێریڤان، لە رۆژی ٣-٦-٢٠١٦لە سێیەمین رۆژی ئۆپەراسیۆنی منبج، لە گوندی قەفیەت ئەبو قەل قەل، لە رۆژئاوای رووباری فورات لەگەڵ فەرماندە ئەبو لەیلا، بریندار دەبێت. ئێریڤان لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسەکەمان(ژنها) باسی لە گرنگی هەڵمەتی ئازادکردنی منبج و ڕۆڵی ژنان لەو هەڵمەتەدا کرد.

ئێریڤان وتی: "سەرەتا کە چووم بۆ ڕۆژئاوا بەشداریم کرد لە هەڵمەتەکانی ئازادکردنی"ڕەبیعە و جەزعا" پاشان چووم بۆ کۆبانێ، ئەو کاتە چەتەکانی داعش نزیک شاری ببوونەوە، بەرخۆدانی کۆبانێ شەڕێکی مێژوویی بوو، زۆر جار بیری لێدەکەمەوە دەڵێم: کۆبانێ چۆن ڕزگار بوو؟ چۆن سەرکەوتین؟ هەندێک شت هەن هەمیشە وەک چیرۆک وتراون، بەڵام ئەوەی لە کۆبانێ ڕوویدا راستی بوو، کاتێک دایک و باوکان چەکیان هەڵدەگرت و شان بەشانی ئێمە دەوەستان، زیاتر هێز و مۆڕاڵمان دەگرت و هەوڵیا زۆرترمان دەدا بۆ سەرکەوتن. باسکردنی ئەو بەرخۆدانە ئاسان نیە،هەندێک سات هەن هەرگیز بە وتە ناتوانم گوزارشتیان لێکەم، چونکە لە تەنیشت ئەو هەموو شەهید و بریندارە، بەرخۆدانی بێوێنە تۆمار دەکرا، زۆر جار گوێمان لە دەنگی چەتەکان دەبوو کە دەیان وت؛ 'ئاگادار بن با بەدەستی ژنان نەکوژرێین، ئەگینا دۆزەخ جێگامان دەبێت'. زۆر جار دووژمن نەیدەوێرا هێرشی ئەو خاڵانە بکات کە شەرڤانانی ژنی لێبوو، ئەوان تەنانەت لە دەنگی هەلهەلەی گۆرانی شەرڤانانی ژنیش دەترسان."

"دڵم لەو سەنگەرەیە کە هەڤاڵانم شەڕی تیا دەکەن"
ئێریڤان بەو شێوەیە باسی لە دەستپێکرنی هەڵمەتی منبج کرد: "دوای ئەوەی کۆبانێ لە چەتەکان پاکرایەوە بەشداریم لە هەڵمەتی ئازادکردنی شارۆچکەی "سرین" کرد، دوای ئەوەش بە مەبەستی یەکخستنی هەرسێ کانتۆنی رۆژئاوا و قەڵاچۆکردنی دوژمنانی مرۆڤایەتی، ئامادەکاری هەڵمەتی ئازادکردنی منبج کرا، بۆ ئەوەش ماوەیەک هێزەکانمان لە هەموو ڕووێکەوە خۆیان ئامادەکرد، کاتێک سەرەتا دەستمان بە هەڵمەتەکە کرد، داعش لەناو شۆکێک دابوو، باوەڕی نەدەکرد، تەنانەت ڕێگەی راکردنیان دەستنەدەکەوت. وەک چۆن دەڵێن؛ سەرکەوتنی شەڕ لە سەرەتای شەڕەوە دیار دەبێت، ئەو هەڵمەتەش هەر لەسەرەتاوە سەرکەوتوو بوو، شەرڤانان و گەلەکەمان بە خواست و جۆشەوە ڕوویان لە بەرەکانی جەنگ دەکرد، بەڵام من ماوەیەکی درێژ لەو شەڕەدا نەمامەوە، چونکە لە ڕۆژەکانی سەرەتای هەڵمەتەکە بریندار بووم، خواستم ئەوە بوو بچمە ناو منبج، ئاڵای یەپەژە لە سەر بەرزترین باڵاخانەی منبج بڵند بکەم، ئەو گروپەی منی تیابوو هێندە بە ورە و دڵخۆش بوون، هەستم دەکرد دەفڕن، هەرگیز لە بیریان ناکەم، زۆرم حەز دەکرد تا دوای سات لەگەڵیان بمێنمەوە، دەمەویست بە برینداریش هەر لایان بم، کاتێک لەگەڵ هەڤاڵانم دەبووم هەستم بە ئازاری برینەکانم نەدەکرد، کاتێک ئەوانم دەبینی حەزم دەکرد لە گەڵیان بچمە پێشەوە، ئێستاش لێرەم بەڵام دڵم لە سەنگەر و لە لای هەڤاڵانمە."

ئەو شەرڤانە چاونەترسە بە پێکەنینەوە باسی لەوە کرد کە سێیەمین جاریە بریندار دەبێت و بەردەوام بوو لە قسەکانی: "لەو کاتەی بریندار دەبووین، ئەوەی لای یەکتری باسمان دەکرد چۆن زوو بگەڕێینەوە لای هەڤاڵانمان، تەنانەت هەندێک جار بیرمان لەوەش دەکردەوە لە خەستەخانەش ڕابکەین بۆ ئەوەی بچینە بەرەکانی شەڕ، چونکە حەزمان نەدەکرد بە هۆی برینێکەوە لە هەڤاڵانمان داببڕێین، دەمانەویست لە گیانی خۆشمان زیاتر هەرچیەکی هەمانە بیبەخشین، برینداری بۆ من هەستێکی جیاوازی هەیە. کەجاری یەکەم بریندار بووم، هەندێک زەحمەت بوو بەڵام بەڕادەیەک وانەبوو، ئێستا فێربوومە، ئەو ترسەی پێشتر لە بەرامبەر برینداری هەبوو تێم پەڕاندوە، کاتێک ئێمە لەگەڵ هەڤاڵانمان بین برینەکانمان زووتر چاکدەبنەوە. تەنانەت هەستم نەکرد کەبریندار بوومە، چونکە چەندین هەڤاڵ بریندار بوون و برینەکانیان سەخت بوو، بەڵام مۆڕاڵێکی هێندە بەرزیان هەبوو هێز و ورەیان پێدەبەخشیم، بە ڕزگارکردنی هەر گوندێک برینەکانمان باشتر دەبنەوە."

"لە هەڵمەتی منبج دا زۆر فەرماندەی ژن سەر پەرشتی شەڕ دەکەن"

لە وەڵامی پرسیاری ژنان چ ڕۆڵێکیان هەیە لە هەڵمەتی ئازادکردنی منبج دا ئێریڤان وتی: "کاتێک چەتەکان دەیانزانی فەرماندەیەکی ژن سەرپەرشتی پێشڕەویی و بەرەیەکی جەنگ دەکات، هەستمان دەکرد کە لە ناخەوە دەڕووخێن، ئەوە لەسەر بێتەل و تەناتە بە چاوی خۆشمان دەبینی. شەرڤانانی ژن لە هەموو هێرشەکاندا جێگەی خۆیان دەگرن. ئەوەش واتایەکی گەورەی هەیە چونکە هەموومان دەزانین ژنانی ئێزیدی لە شوێنەکانی وەک ڕەقا و منبج و شارەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش وەک کۆیلە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، کاتێک ژن بەشداری ئەو هەڵمەتە دەبێت، بە بڕیاری لە ڕیشەوە دەرهێنانی ئەو ئەقڵیەتە کۆنەپەرست و دژە ژنە شەڕ دەکات. چۆن ئەو شارانەیان کردۆتە بازاڕی فرۆشتنی کچانی کورد ئاوا کچانی کوردیش ئەو شارە دەکەن بە گۆڕستانی چەتەکان. ئامانجی سەرەکیشمان ئازادکردنی ژنانە، ئازادکردنی منداڵان و بە گشتی کۆمەڵگەیە، کاتێک لە چاوی منداڵانی رزگار بووی ژێر دەستی چەتەکانم دەڕوانی، هەستم بە بەرپرسیارێتی زیاتر دەکرد بەرامبەر مرۆڤایەتی، تاکە هیوایان هەر ئێمەین."

ئێریڤان ماکۆ لە کۆتایشدا پەیامێکی ئاراستەی ژنان و گەنجان کرد" پەیامم بۆ هەموو ژنان لە هەر بەشێکی کوردستان و لە هەر شوێنێکی جیهان ئەوەیە، بە بەرپریساری خۆیان هەڵسن، چونکە کات کاتی دانیشتن نیە، دەبێت بە تایبەت کچان و کوڕانی کورد بەشداری بکەن لەناو بەرخۆدانی و ئەو ئاگرە گەشتر بکەن."

(ش ب)