بۆردومانەکانی تورکیا و ئێران ناڕەزایی لێدەکەوێتەوە
11:23
ژنها
سلێمانی - بۆردومانی فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان بەردەوامی هەیە، هەروەها دوێنێ سوپای ئێرانیش تۆپبارانی ناوچە سنوریەکانی دەڤەری برادۆست و باڵەکایەتی کرد. ئەم هێرشانە ڕۆژ بەڕۆژ ناڕەزایی هاوڵاتیانی لێدەکەوێتەوە و هاوکات سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش لەو بارەیەوە لێدوانێکی ڕاگەیاند.
بەرەبەیانی دوێنێ ٢٦ حوزەیران ڕژێمێ كۆماری ئیسلامی ئێران ناوچە سنورییەكانی دەڤەری باڵەكایەتی و برادۆستی بۆردومان كرد و بەهۆیەوە دەیان خێزانی كورد و رەوەندی ئەو ناوچانە كە بە ئاژەڵداری و كشتوكاڵییەوە خەریكن، ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت. لەئەنجامی تۆپبارانەكە كە زیاتر لە ٣ كاتژمێری خایاند، چوار كەس بریندار بوون.
لەوبارەیەوە مامۆستا سوعاد محیەدین، لە سیدەکان بە ئاژانسەکەمانی ڕاگەیاند: کە ماوەیەک بوو تۆبپارانەکان وەستێنرابوون بەڵام هێرشە ئاسمانیەکانی دەوڵەتی تورکیا درێژەیان هەیە، ناوبراو بە توندی ئیدانەی هێرشەکەی کرد و داوای لە لایەنە پەیوەندی دارەکان کرد کە هەڵوێستی خۆیان دیار بکەن، هەروەها وتی: "ئەوانەی کە بریندار بوونە هەموویان هاوڵاتین، بۆیە ترسمان لەوەیە ئەو تۆپبارانانە بەردەوام بن."
هاوکات حزبی دیموکراتی کوردستان(حەدەکە) کە چەند بارەگایەکیان لەو سنورەن بە لێدوانێک، ئیدانەی ئەو هێرشەیان کردبوو بۆ سەر خاکی هەرێم و سەر هاوڵاتیانی هەرێمەکە و رایاگەیاندوە: "ئەو تۆپبارانەی ئێران مەحکوم دەکەین، لەو دواییەدا لەو سنورەوە هیچ هەڕەشەیەک نەکەوتۆتە سەر ئێران، واتە لەو ناوچەیەدا پێشمەرگە هێرش و کێشەیەکی دروست نەکراوە تا ئێران وا بکات، بەڵام ئێران وڵاتێکی نامەسئولە پابەند بە قانون و یاساکانی نێونەتەوەی نیە، و نامەسئولانە ئەم ناوچەیە تۆپباران دەکات و سنوری وڵاتێکی دیکە دەبەزێنێت، خەڵک ئازار دەدات بێ ئەوەی هۆکارێکی یاسای هەبێت".
ئەمڕۆش سهرۆکایهتی ئهنجومهنی وهزیرانی ههریمی کوردستان لەسەر بۆردومانکردنی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئێران و تورکیاوە، راگهیهندراوێکی بڵاوکردهوه، لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتوە: له راگهیهندراوهکهدا، هاتووه:" لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆماری تورکیاوە بۆمباباران کران، لە ئەنجامدا ژمارەیەک هاوڵاتیی هەرێمی کوردستان برینداربوون، هەروەها دەیان گوندنشین ناچار بوون گوندەکانیان چۆڵ بکەن و دەیان مەڕدار و جوتیار و کۆچەریش، ناچاربوون لە کوێستانەکان بێنە خوارەوە و زیانێکی زۆر بەر کشتوکاڵ و ئاژەڵی هاوڵاتیان و ژینگەی هەرێمی کوردستان کەوتووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان نیگهرانى خۆی بەرامبەر ئەو زیانانە ڕادەگەیهنێت و داوا لە هەردوو دەوڵەتی دراوسێ، کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆماری تورکیا دەکات بۆردومانەکانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان ڕابگرن".
(ش ب)