کەمپینی واژۆ کۆکردنەوە دژ بە قسەکانی چنار سەعد کۆتایی هات

13:17

ژنها

ناوەندی هەواڵ - کەمپینی یەکخستنی دەنگەکان دژی ئازارەکانی ژنان، کە دەستی بە هەڵمەتێکی واژۆ کۆکردنەوە کردبوو بەرامبەر بێڕێزیەکانی چنار سەعد، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرامبەر بە ژنانی ئێزیدی، کۆمیتەی ئامادەکاری کەمپینەکە بە لێدوانێک ڕایگەیاند کە کەمپینەکەیان کۆتایی هاتووە.

کەمپینی یەکخستنی دەنگەکان دژی ئازارەکانی ژنان، بە لێدوانێک رایەگەیاند کە کەمپینەکەیان کۆتایی هاتووە، هاوکات لەسەر داوای لێبوردنی چنار سەعد رایەگەیاند: ئەم جۆرە داوای لێبووردنە بۆ بێ دەنگکردنی دەنگە ناڕەزایەتییەکانی ناو و دەرەوەی کۆمەڵگای ئێزدی بوو نەک ئەوەی دەرکی بە هەڵەکانی کردبێت.

دەقی لێدوانەکە بەو شێوەیەیە:
ئەم کەمپەینە یەکەم هەنگاوی یەکخستنی دەنگەکان دژی ئازارەکانی ژنان بوو کە بریاری داوە لەبەرامبەر هەرچەشنە سووکایەتێک لە دەسەڵاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بنەماڵە بە ژنان بێ دەنگ نەبێت و کۆدەنگە لەسەر ئەوەی لەبەرامبەری خۆڵقێنەرانی ئازاری ژنان بێ بەرچاوگرتنی هیچ جیاوازی و تێبینییەک دەنگی بەرزکاتەوە.

ئەم ماوەیە لە ئێمە پرسیارکراوە بۆ سەراری داوای لێبووردنی چنار سەعد کەمپەین بەردەوام بوو؟ داوای لێبووردنی چنار سەعد رووکەشێکی پاساوایی بوو ، خۆدزینەوە لە بەرپرسارێتی بوو و ئەم جۆرە داوای لێبووردنە بۆ بێ دەنگکردنی دەنگە نارزایەتییەکانی ناو و دەرەوەی کۆمەڵگای ئێزدی بوو تا باوەری چنار سەعد بە هەڵەبوونی گوفتمانی. با سیاسیەکانی ئێمە بێن مەشقی ئەوە بکەن داوای لێبووردن بە دانپێدان بە هەڵە بوونە نە پاساو هێنانەوە بۆ خۆدەرباز کردن.

چنار سەعد لە روونکردنەوەیەک کە ٦/۲۱ بلاوی کردەوە دەلێت:" بڵاوبوونەوەی ئەو بابەتە بۆتە مایەی دڵگرانی بەشێک لە خوشک و برا ئیزدیەکانم" پرسیار لێرەدایە وتووێژی چنارسەعد لە ٦/۹ لە رووداوی ئینگلیزی بڵاو بووە تا ٦/۲۰ کە نارزایەتێکی بەرفراوان دەسی پێکرد چنار سەعد بۆ روونکردنەوەی نەداوە یان لە رووداو و رۆژنامەنووس داوای نەکردووە دەقی تەواوی وتووێژەکە بڵاو کاتەوە؟ پرەنسیپێکی رۆژنامەوانی باوە کە پێش یان دوای بڵاوبوون نۆسخەیەک لە دەقی بڵاوکراو دەهنێرن بۆ ئەو کەسە وتووێژی لەگەڵ کراوە، ئایا چنار سەعد ئەو کات تێبینی لەسەر نەبوو کە ئێستا خۆی لێ بەرپرس نازانێت؟

چنار سەعد لە روونکردنەوەکەی لەسەر دەستەواژەی " کۆمەڵگای داخراو " بۆ ئێزدییەکان ئاماژە بە چەن پێوەر دەکات بۆ بوون بە کۆمەڵگای داخراو. ئایا چنار سەعد داخراوی کۆمەڵگاکان بە یەک پێوەر دەبینێت؟ ئەگەر زەواج لەسەر بنەمای خزمایەتی پێوەرێک بۆ داخراوی کومەڵگایە، وابێت بنەماڵەی بارزانی لە ئێزدییەکان داخراوەترن.

چنار سەعد ئاماژە بە هەڵەبجە دەکات کە بووە هۆی ناسینی کورد بە دنیا، ئایا چنار سەعد کە خۆی بە مەعریفە لە کۆمەڵناسی دەناسێنێت کاریگەری ژانی هەلەبجە هەر ئێستاش لە بەسراومانی کۆمەڵگا هەلەبجە نابینێت و چۆن پسپۆری کۆمەڵناس کاریگەری زیاتر لە ۷۰ کۆمەڵکووژی ئێزدیەکان نابینێت؟ ئایا ناساندنی کورد ئەرزشی ئەو هەموو ژان و قوربانییە هەیە ؟

چنار سەعد بە هەموو پاساوێک دەڵێت قسەکانی بەلاری براوە و داوای لێبووردنیش دەکات ، بەڵام لە ئاخریش دەڵێت ئەوەی باسکراوە تەنها تێنوارینێکی کۆمەڵناسیە بۆ ئەو کارەساتە و نە زیاتر.

ئەو زیاترە چییە کە چنار سەعد نکۆلی لێدەکات؟
سیستمە گەندەڵەکان بۆ مەشرووعیەت دان بە دەسەڵاتی نامەشرووعیان هەر ئامێرێک بەکار دێنن. حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لە هاوینی ۲۰۱٤ خۆی لە بەرپرسیارێتی بۆ پارستنی ئێزدییەکان دەرباز کرد و بووە رێگە خۆشکەری کۆمەڵکووژی ئێزدییەکان، مشرووعیەتی خۆی لەدەسدا بوو تێدەکۆشی متمانەیەک بۆ خۆی بەدەست بێنێت.

ئێستا لەگەڵ ئەو هەموو ژانی کۆمەڵکووژی و کۆیلایەتی بە سەمبولی قوربانیانی ئەم کارەساتە ناسراون. دەسەڵاتی نێرینەی سیستمێک کە خۆی پەروەردەی هەر ئەو عەقلیەتەیە کە داعش سەری هەلداوە، عەقلیەتێک کە ژنان پەراوێز دەخات و هەر هەنگاوێک خوێندنەوەی لاری بۆ دەکات. مەخابن لەم رێگایە یەکێ لە ژنانی ژێرسیستمی بەکار دێنێت ئەویش بە دەمامەکێکی کۆمەڵناسانە.

چنار سەعد بە نوێنەری ئەم ئەقلیەتی دەسەڵاتە رۆڵ دەبینێت، سەرەتا بە شێوازی ئوریانتالیستی کە بەهێزکردنی تێنوارینی ناوەند بە دەورووبەری دەسەڵاتی تۆتالیترەکانە،
بە کۆمەڵگای ئێزدی سووکایەتی دەکات و بە کۆمەڵگایەکی داخراویان ناودەبات ، بێ ئەوەی ئاورێک لە باروودۆخی کارەساتباری ژنانی هەرێم بداتەوە. تاڵی لەوەدایە لە ژنانی ئێزدی دەخوازێت ئەم کارەساتە بە هەنگاوێکی باش بزانن، بێ ئەوەی ئاورێک لە ژیانی تاڵی دوای کۆیلایەتی داعش بداتەوە .لە ژنانی ئێزدی دەیهەوی بەختەوەر بن کە دوای کۆیلایەتی داعش کوشتن لەسەر شەرەف نەسیبیان نەبووە،دەبێ دەسخۆشکەری پیاوان و حکوومەت بن کە رێگە خۆشکەری ئەم گۆرانە مەزنە بوون.

ئێمە وەک کەمپینی یەکخستنی دەنگەکان دژی ئازارەکانی ژنان و ٨٥٠ واژۆکەری چالاکی مەدەنی، سیاسی و کەسایەتی ئەم نامەیە هاوخەمی و پشتیوانی خۆمان بۆ ژنانی هاونیشتمانی ئێزدیمان دووپات دەکەینەوە و وێرای ئیدانە کردنی هەموو تێنوارینی نامرۆڤانە و بێ پرەنسیپانەی چنار سەعد ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق، پاڵپشتی تەواوی خۆمان بۆ نادیا موراد و هەموو هەوڵەکانی رادەگەیەنین.

(ش ب)