کەژار، ڕێبازی زیلانەکان دەمانگەیەنێتە حەقیقەتی ژنی ئازاد
17:38
ژنها
ناوەندی هەواڵ - لە ٣٠ی ئەم مانگەدا، ساڵیادی گیانبەختکردنی شۆڕشگێڕی کورد زەینەب کەناجی و هاوکات دەیەمین ساڵیادی شەهیدبوونی لەتیفە سەلامەت ناسراو بە زیلان پەپوولەیە، کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان یادی ئەو دوو ژنە شۆڕشگێڕەی کردەوە و بەڵێنی درێژەدان بە خەبات و تێكۆشانی دووپات کردەوە.
لەلێدوانەکەی کەژاردا بە ئاماژەکردن بە تێكۆشانی ٤٠ ساڵەی پەکەکە بۆ ئازادی و رۆڵی ژنانی کورد، هاتووە: یەکێک لەو ژنانەی کە لە تێكۆشانی ئازادی گەل و ژنان لە بەرامبەر کۆیلایەتیدا گیانی بەختکرد، زەینەب کەناجی ناسراو بە زیلان بوو، کە لە دژی سیاسەتی دوژمنکارانەی دەوڵەت و دیاردەی قڕکردنی کەلتوری خەباتی بێوچانی بەڕێوەبرد و بە دروشمی من ئەڤینداری ژیانم، چالاکی گیانبازانەی ئەنجامدا، بە شەهیدبوونی لەناو ریزەکانی پەکەکەدا بەردی بناغەی رێکخستنی ژنانی دانا.
کەژار لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا ئاماژە بە کەسایەتی ژنە شۆڕشگێڕی کورد لەتیفە سەلامەت ناسراو بە زیلان پەپوولە دەکات، کە لە چالاکیی بەرەنگاربوونەوەی سوپای پاسدارانی رژێمی ئێراندا گیانی بەختکرد و نووسیویەتی: لە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٠٦ دا، زیلان پەپولە کە لەناو رێکخستنی یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان "یەژەرەکە" دا بەشداربوو، لە گوندێکی سەر بە مەریوان کە سەرقاڵی سیمینار لەسەر فکر و ئایدۆلۆژیای ژنی ئازاد بوو، لە ئەنجامی هێرشی بەکرێگیراوان و هێزەکانی سوپای پاسداران بریندار دەبێت و پاشان لە مەریوان بەبرینداری بەدوای ئۆتۆمبێلدا رایدەکێشن، بەڵام ئەو تەسلیم بوونی پەسەند نەکرد و لە ئەنجامدا گیانی بەخت کرد بوو بە یەکەمین شەهیدی یەژەرەکە.
کەژار وێڕای شەرمەزارکردنی ئەو کردەوەیەی رژێمی ئێران، بەڵێنی درێژەدان بە تێكۆشانی زیلانەکان دووپات دەکاتەوە و ڕایگەیاند: ئەوان بە بەرخۆدان و تێکۆشانی خۆیان بەرامبەر بە سیاسەتی دژە ئازادی و دژە ژنی دەوڵەتی و تورکیا و ئێران بەڕاستینەی ژنی ئازاد گەیشتن، بە بەردەوام کردنی ڕێبازی ئەوان ژنان دەگەیەنێت بەو حەقیقەتە.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، کەژار ئاماژە بە تێکۆشانی ژنان لە مەیدانەکانی خەباتی خۆبەڕێوەبەرایەتی لە رۆژئاوای کوردستان و هەروەها بەرخودانەکانی باکووری کوردستان و پێشەنگی ژنان لە رۆژئاوا و باکوور دەدات و دەڵێت: "دەبێت لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش ژنان هاوشێوەی رۆژئاوا و باکوور خەبات و تێكۆشانیان بەهێزبکەن و ببنە وەڵامدەری تێكۆشانی زیلان، ژین و مزگێنەکان.
(ش ب)