ژنانی ڕۆژئاوا زیلان وەک پێشەنگی خۆیان دەبینن

10:57

ژنها

قامیشلۆ- لە ٢٠مین ساڵڕۆژی چالاکیەکەی زەینەب کناجی (زیلان)دا ژنانی رۆژئاوای کوردستان، یادی ئەو ژنە تێکۆشەرەیان بەرز ڕاگرت و ڕایانگەیاند کە لەسەر ڕێبازی زیلان پەرە بە تێکۆشانی خۆیان دەدەن.

لە ٣/٦/١٩٩٦ ژنە تێکۆشەری کوردی شاری مالاتیا، زەینەب کناجی(زیلان) چالاکیەکی گیانبازی لە شاری دێرسم ئەنجامدا. ٢٠ ساڵ بەسەر چالاکیەکەیدا تێپەڕ دەبێت، زیلان ئەو چالاکیەی بۆ وەڵامدانەوەی پلانگێری (٦/٥/١٩٩٦)ی سەر ڕێبەری پەکەکە عەبدوڵا ئۆجالان و بەرامبەر هێزەکانی شەڕی تایبەت لەسەر کوردان ئەنجامدا. بۆ ساڵڕۆژی ئەو چالاکیە ڕوانینی ژنانی رۆژئاوای کوردستانمان لە بەشە جیاجیاکانی خەباتەوە وەرگرت.

"زیلان بوو بە دەنگی حەقیقەتی ژنانی کورد"

عایشە ئەفەندی هاوسەرۆکی تەڤگەری دیموکراتی(تەڤدەم)لە کانتۆنی کۆبانێ، سەرەتا سڵاوی ئاڕاستەی کەسوکاری گیانبەختکردوانی ڕێگەی ئازادی کرد، عایشە ئەفەندی وتی: "بنەماڵەی زیلان سڵاو دەکەم کە کچێکی وەک زیلان-یان پێگەیاندوە، شەهید زیلان بە فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ خۆی پێگەیاند، رێبەر ئاپۆ لە بوون و واتای خەباتی ژن تێگەیشت، ویستی ژنان لەناو تێکۆشاندا خۆیان بناسن، چالاکی زیلان تا ڕۆژی ئەمڕۆشمان دەنگ دەداتەوە، ئەوانەی نەیانویست لە ژنان تێبگەن گوێچکەیان لە بەرامبەر دەنگی زیلان گرت. بەڵام چالاکی زیلان هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی ژنانی کورد زیاتر خۆیان بناسن. چالاکی زیلان لەپێناو مرۆڤایەتی، دیموکراسی و تەقینەوەی دەنگی ئازادی بوو."

عایشە ئەفەندی ئاماژەی بەوەشدا کە خەونەکانی زیلان ڕۆژ بەرۆژ بەدیدێن و جەختیشی کردوە: "لە شۆڕشدا دایک چاوەڕوانی کچەکەی نەکرد، خوشک چاڕوانی خوشکی نەکرد، هەر ژنێک دەستی بە خەباتێک کرد، ئێستاش ژنان لەناو هێزی بەرگریکردن دان. لە ڕۆژئاوای کوردستان خەونەکانی زیلان، بێریتان، شیلان و ساکینە بەدیدێن. دەتوانین بڵێین ئارین میرکان پارچەیەک بوو لە بۆمبای زیلان، ئەو ژنانەی لە کۆبانێ بەرامبەر بە دەبابەکان وەستانەوە، تا دواین گولـلە بەخۆدانیان کرد، بەردەوامی چالاکی زیلان بوون. ئێمەی ژنان ئیتر ترسمان لە هیچ هێزێک نەماوە."

"کۆتایی هێنان بە گۆشەگیری وەڵامێکە بۆ درێژەدان بە هێڵی زیلان"

لای خۆشیەوە ڕۆزەرین ئازادی، شەڕڤانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان وتی: "چالاکی شەهید زیلان بنەمای تێکۆشانمانە، ئێمە درێژەپێدەری ڕێگەی ئازادین، هەڤاڵ زیلان ڕێگای ئازادی دۆزیەوە، بە تایبەت فێری کردین چۆن وەک ژنێک پشت بە هێز و توانای خۆمان ببەستین. هەڤاڵان زیلان، بێریتان، سەما، سارا و هەزاران تێکۆشەری تر، بە هەڵوێستی خۆیان پیشانیان داوە ژنانی کورد وەک پێشان نین. زیلان بەچالاکی فیدایی خۆی پلانگێری سەر ڕێبەر ئاپۆی پوچەڵ کردەوە، ئێمەش وەک شەرڤانانی 'یەپەژە' بەو هێزەی زیلان پێی بەخشیوین لە سەنگەرەکانی شەڕدا تێدەکۆشین."

ڕۆزەرین ئاماژەی بە گۆشەگیری سەر ڕێبەری پەکەکە عەبدوڵا ئۆجالان کرد و ڕایگەیاند: "بە پوچەڵکردنەوەی گۆشەگیری و پلانگێریەکانی سەر ڕێبەر ئاپۆ دەتوانین ببین بە وەڵامی هەر ڕاست بۆ هێڵی تێکۆشانی زیلان."

هاوکات شەڕڤانێکیتر بەناوی ڤیان پەیمان بۆ یادی چالاکی زەینەب کناجی وتی: "هەڤاڵ زیلان خەتی ئازادی و تێکۆشانی ژنانە، ئێمەش وەک شەڕڤانان لەسەر رێبازی هەڤاڵ زیلان دڕێژە بە تێکۆشانمان دەدەین."

هەروەها زۆزان سەلیم بەڕێوەبەری ناوەندی کەلتور و هونەری خابور لە شاری حەسەکە، لەو باریەوە وتی: "چالاکی زیلان چالاکیێکی قارەمانانەیە، دەبێت هەموومان لە ژێر فەرمانی رێبازی ئەو قارەمانەدا تێبکۆشین، لە هەر مانگێکدا ژنێکی تێکۆشەر شەهید بووە، هەڤاڵ زیلانیش لە مانگی حوزەیراندا بە کۆیلایەتی هەزاران ساڵی وت؛ بوەستە. هەڤاڵ زیلان پێشەنگی هەموو ژنانی ئازادیخوازە. دەبینین ئێستا لە سەروبەندی ساڵرۆژی شەهید بوونیدا لە باکوری سوریا هەڵمەتی رزگاری گەلان بە پێشەنگایەتی ژنان دەستی پێکردوە."

هاوکات نورشان بەرەکات، بەرپرسی ئاسایشی ژنان لە کانتۆنی عەفرین، بەو شێوەیە باسی لەچالاکیەکەی زیلان کرد: "هەڤاڵ زیلان ڕەنگ و ڕێگای ژیانی ئازادی پیشانداوین، ئێستاش لەسایەی ئەو ژنە تێکۆشەرە و لەسەر رێبازی ئەو خەبات دەکەین، ئامانجی ئێمەی ژنان لە ڕۆژئاوا ژیانی ئازادە وەک ئەوەی زیلان دەیویست."

(ش ب)