ڕەنجی ٢٧ ساڵەی سانیەیان سوتاند
12:23
ژنها
جۆلەمێرگ – سانیە بینگۆل بە هۆی هێرشەکانی دەوڵەت ناچار بوو ماڵەکەی جێبێڵێت، داوی ئەوەی گەڕایەوە ماڵ بینی کە ئامێری ڕستن و چنین کە سەرچاوەی بژێوی خۆی و خێزانەکەی بوو سوتێنراوە.
هاوڵاتیان لە شارۆچکەی گەڤەری سەر بە جۆلەمێرگ لە باکوری کوردستان، بەرخۆدانێکی مێژووییان لە بەرامبەر هێرشەکانی هێزەکانی دەوڵەتی تورکیا تۆمار کرد، زۆربەی هاوڵاتیان بە زۆرەملێ کۆچیان پێکرا، ئەوانەی کە ئامادە نەبوون ماڵەکانیان بەجێبێڵن رووبەڕووی کۆمەڵکوژی بوونەوە، بە سوتاندنی ماڵ و موڵکی هاوڵاتیان ڕەنج و ماندووبوونی چەندین ساڵەی خەڵکی لەناوبراو، سانیە بینگۆل ٤٥ ساڵان دایکی شەش منداڵ، ماوەی ٢٧ ساڵە بە ڕەنجی خۆی بە کاری دەستی و درومانی بژێوی ژیانی خێزانەکەی دابین دەکات، بەڵام دوای ئەوەی بە هۆی هێرشی دژواری هێزە سەربازیەکان بۆ سەرگەڕەکەکەیان دووچاری کۆچبەری دەبێتەوە، دوای ئەوەی سانیە گەڕایەوە ماڵ، خانوەکەیان ڕووخاندوە، لەناویشیدا ڕەنجی ٢٧ساڵیان سوتاندوە.
سانیە رایگەیاند کە هەموو شتێکیشیان بسوتێنن، جارێکیتر لەسەرەتاوە دەستپێدەکەنەوە." سانیە وتی: "بە زۆر و زەحمەتی زۆرەوە بە ڕەنج و ماندووبوونیەوە کەلوپەلی ماڵم دروستکرد، چەندین لێف و جۆشەکم دروستکرد باکم بە هیچ نەبوو، خۆم منداڵەکانم بەخێو دەکرد چاوم لەدەستی کەس نەبوو. کاتێک گەڕامەوە ماڵ بینیم شوێنی کارکردنیان ڕووخاندوە، هەموو کەلوپەل و ماکینەکەیان سوتاندووم، زۆر نیگەران بووم بۆی، بەڵام ئەوان هەموو شتێکیشمان بسوتێنن، ئەوا لەسەرەتاوە دەستپێدەکەمەوە."
سانیە ئاماژەشی بەوەدا کە ڕەنجی بە ساڵانیان لێ کردوە بە خۆڵەمێش، بەڵام کەس ناتوانێت لە کاروخەبات بیوەستێنێت.
(ش ب)