پاژک: زیلان نوێنەرایەتی هێڵی ژنی ئازاد دەکات

17:57

ژنها

ناوەندی هەواڵ – پارتی ئازادی ژنانی کوردستان ڕادەگەیەنێت، هەڤاڵ زیلان لەناو تێکۆشاندا نوێنەرایەتی ئازادی ژنان دەکات، راستی ژیانی زیلان وەڵامی هەرە راستە بۆ پرسیاری "ژنی ئازاد کێیە و دەبێت چۆن بژی؟.

کۆردیناسیۆنی پارتی ئازادی ژنانی کوردستان(پاژک)، لە بیستەمین ساڵڕۆژی چالاکی ژنە تێکۆشەری کورد زەینەب کناجی(زیلان) لێدوانێکی نوسراوی ڕاگەیاند.

پاژک، لە سەرەتای لێدوانەکەیدا دەڵێت: لە کەسێتی هەڤاڵ زیلاندا هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی بیردێنینەوە، سەری ڕێز و نەوازشیان بۆ دادەنەوێنین.

لە لێدوانەکەدا هاتوە: "زیلان لەبەرامبەر پلانگێری ساڵی ١٩٩٦ی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بە ڕۆحی بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە مێژوو هەستا بە بڕیارێکی مەزن، زیلان وەڵامی سیاستەتی لەنێوبردنی دوژمنانی گەلەکەمانی دایەوە کە بە پلانگێڕی دەیانەویست ئەنجامی بدەن. بۆیە زیلان فەرماندەی تێکۆشانمان و خوداوەندی ئازادیە. زیلان چالاکیەکەی بە واتادارترین شێوە پێناسە دەکات کاتێک بڵندکردنی ئاستی تێکۆشان وەک سەرکەوتن دەستنیشان دەکات."

کۆردیناسیۆنی پارتی ئازادی ژنان لە درێژەی لێدوانەکەیدا ڕادەگەیەنێت: "هاوڕێ زیلان لەناو تێکۆشاندا نوێنەرایەتی ئازادی ژنان دەکات، کاتێک دەوترێت ژنی ئازاد کێیە و دەبێت چۆن بژی؟، دەبێت ئەو کات ڕووبکەینە زیلان. زیلان لە زۆر بابەتی گرنگدا هۆشیاری کردینەوە، زیلان لە ناو تێکۆشاندا نوێنەرایەتی هێڵی ژنی ئازاد دەکات، لە هەمان کاتدا زیلان بەرامبەر هێزە داگیرکەرەکان کە هەمیشە هەوڵی سەرکوتکردنی ژنانیان داوە بۆتە سەمبۆلی بەرخۆدانیە بۆ ژنانی کورد. ئازاری بە هەزاران ژنی دێرسم کە لەساڵی ١٩٣٨دا کۆمەڵکوژکران، لە دڵیدا بوو بەگڕکانێک و حسابی ئەو ژنانەی لە دوژمنان پرسیەوە. زیلان بە چالاکیەکەی لاپەڕەیەکی نوێی لە تێکۆشانی ژنانی کورد کردەوە، بە مەزنترین شێوە یادی ژنانی وەک بەسێ لە دێرسم، گولناز لە ئاگری، زەریفە لە کۆچگری و ڕندە خان لە گارزان دەکاتەوە."

لە بەشێکیتری لێدوانەکەی (پاژک)دا ئاماژە بە بارودۆخی ئێستای کوردستان دەکات و دەڵێت: "سیستەمی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی بە ڕاستترین شێوە بونیاد دەنرێت. چونکە لە ڕۆژئاوای کوردستان گەلان لەسەر بنەمای پێکەوە ژیان خۆیان بەرێکخستن دەکەن، بۆیە نەیارانی گەلان کۆمەڵکوژیە دژە مرۆڤایەتیەکانیان بەردەوام دەکەن، ئیتر گەلان ئەوەیان سەلماندوە؛ هەرچەندە هەوڵی لەناوبردنیان بدرێت، لەبەرامبەر بڕیار و بەربەستی گەلان شکست دێنن، گەلانی ئەوم هەرێمە چەندین جار ڕووبەڕووی پاکتاوکردن بوونەتەوە، بەڵام کۆڵیان نەداوە، لە ڕۆژی ئەمڕۆشماندا کەسانی وەک؛ سێڤێ، پاکیزە، محەمەد تونچ، ئارین، دۆغا، زنار، دیرۆک، باهۆز و بە هەزارانی وەک ئەوان، لەبەرامبەر تاریکپەرستان دەوەستنەوە، ڕێگای ڕۆشنایان گرتوە و ڕۆناکی دەپارێزن، هیچ ئەقلیەتێک ناتوانێت لەبەرامبەر حەقیقەتی ئەوان خۆی ڕاگرێت.

کۆردیناسیۆنی پارتی ئازادی ژنانی کوردستان(پاژک)، لە کۆتایی لێدوانەکەیدا ڕادەگەیەنێت: "وەک ڕێبەرمان دەڵێت؛ هەڤاڵی شەهیدمان زیلان فەرماندە و ئێمەش شەڕڤانی ئەوین و لە ژێر فەرمانی ئەو داین، وەک شەڕڤانی فەرماندەیەکی ئەوەندە مەزن بانگەوازی لە هەر کەسێک بە تایبەت لە ژنان دەکەین بۆ سەرخستنی شەڕی شکۆ ئازادی و تێبکۆشن.

(ش ب)