تەرمی سەڤدا چاغداش لە قامیشلۆ بە خاکسپێردرا

19:13

ژنها

قامیشلۆ – تەرمی سەڤدا چاغداش شەڕڤانی پارتی مارکسیست لنینست کۆمۆنیست(MLAKP)، کە لە هەڵمەتی ڕزگارکردنی شاری منبج گیانی بەختکردبوو، لە مەراسیمێکی بە شکۆ لە شاری قامیشلۆ بە خاکسپێردرا.

سەڤدا چاغداش ناسراو بە ڕاپەڕین دیجلە، شەڕڤانی ئەنتەرناسیۆنالیستی (MLAKP) لە ئۆپراسیۆنی فەسیەل ئەبو لەیلادا لە دوای بەرخۆدانێکی بێوێنەدا لە شەڕێکی بەرامبەر چەتەکانی داعش، گیانی بەختکرد.

ئەمڕۆ تەرمی سەڤدا چاغداش بەبەشداری هەزاران کەس لە گۆڕستانی شەهید دەلیل ساروخان لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان بە مەراسیمێکی جەماوەری و سەربازی بەخاکسپێردرا.

لە مەراسیمی سەربازی کە بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە شەڕڤانان بەڕێوەچوو ئاڵاکانی (YPG/YPJ,MLAKP, TEV-DEM) بەرزکرانەوە و وێنەی گیانبەختکردوانی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان هەڵواسران.

مەراسیمەکە سەرەتا بە وەستانی خولەکێک ڕێزگرتن دەستی پێکرد، هەر لە مەراسیمەکەدا پەیام و بروسکەی سەرەخۆشی دام و دەزگاکان خوێندرایەوە، پاشان هێڤی ساریا فەرماندەیەکی هێزەکانی MLAKP لە ڕۆژئاوای کوردستان وتەیەکی پێشەکەش کرد، ساریا لە وتەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە هەڵمەتی ئازادکردنی منبج بە سەرکەوتووی بەڕێوەدەچێت، ناوبراو وتی: "هەر لە ئێستاوە سەرکەوتنی هەڵمەتی ئازادکردنی منبج لە هەموو هەڤاڵ و دۆست و گەلان پیرۆز دەکەم. لە ڕۆژئاوای کوردستان لە جیاتی سیاسەتی کەمەری عەرەبی، ژیان لەسەر بنەمای سیستەمی دیموکراتی بونیاد دەنرێت، شۆڕشی ڕۆژئاوا شۆڕشی ژنە، شەهید ڕاپەڕین کە بەر لە سێ ڕۆژ لە منبج گیانی بەختکرد یەکێک لەو هەزاران قارەمانە ژنەیە کە لە ڕۆژئاوای کوردستان لەپێناو شۆڕشدا گیانیان شەهید بوو."

دوای تەواو بوونی وتەکانی ئەو فەرماندەیە، جەماوەر دروشمەکانی "بژی برایەتی گەلان"،"شەهید نامرن" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" یان وتەوە.

(ش ب)