خەیاڵی نەورۆز بینینی شاخەکانی زاگرۆس بوو

10:16

ژنها

ناوەندی هەواڵ – هەرچەند نەورۆز بەرلەوەی شاخەکانی زاگرۆس ببینێت گیانی لە دەستدا، بەڵام ئەو گۆرانیانەی لە کۆبانێی وتون لەسەر زاری هەموو ژنانە.

نەورۆز زاگرۆس شەرڤانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان(یەپەژە)، لە شەڕ و پێکدادانێکدا لە بەرامبەر چەتەکانی داعش لە نزیک بەنداوی تشرین گیانی بەختکرد. تەرمی نەورۆز چەند ڕۆژ لەمەوبەر لەگەڵ چەند لە گیانبەختکردوانی هەڵمەتی ئازادکردنی منبج لەلایەن هەزاران کەس لە شاری کۆبانێ بەخاکسپێردران.

بەبۆنەی ساڵڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەری (پەکەکە) نەورۆز لە ٤ی مانگی نیسانی ئەم ساڵ بۆئاژانسی هەواڵەکانی فورات(ANF) قسەی کردبوو، نەورۆز لەو چاوپێکەوتنەدا دەڵێت: "لە ڕاستیدا ڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ رۆژی لەدایکبوونی گەلی کورد و ژیانەوەیە."

"دەچم بۆ شاخەکانی زاگرۆس"

نەورۆز ناوی ڕاستی "ڕوقیا هرجۆ"یە، سەرەڕای هەموو ڕێگریەکانی بنەماڵەکەی پەیوەندی دەکات بە شەرڤانانی"یەپەژە"، هەرچەند هەرگیز چاوی بە شاخەکانی زاگرۆس نەکەوتوە، بەڵام ناوی خۆی دەکا بە نەورۆز زاگرۆس، ئەو شەرڤانە تەنیا لە وێنە و تەلەفزیۆنەوە زاگرۆسی بینی بوو، خەیاڵی نەورۆز ئەوەبوو لە دوای شۆڕشی ڕۆژئاوا بچێتە زاگرۆس، نەورۆز لە بەشێکیتری چاوپێکەوتنەکەیدا دەڵێت: "دوای ئەوەی لە کۆبانێ تا عەفرین ئازادبکەین ئینجا دەچم بۆ زاگرۆس." ناوی نەورۆز و ئاواتەکانی وەک هەڵاڵەکانی سەر شاخی زاگرۆس پاک و ناسک بوون.

نەورۆز لە کاتی بەرخۆدانی کۆبانێ دا سەرەڕای هەموو زەحمەتی و هەلومەرجی دژواری شەڕ و هێرشەکان، بە جۆشەوە گۆرانی بۆ بەرخۆدانی کۆبانێ دەڵێت، نەورۆز هەمیشە حەزی دەکرد لە بەرەکانی بەرخۆدانیدا بمێنێتەوە. دوای ئەوەی هەڤاڵێکی بەناوی پەیمان جودی لەبەرامبەر چەتەکانی داعش گیان بەخت دەکات، پەیوەستبوون و حەزی نەورۆز بۆ شۆڕش مەزنتر دەبێت، بۆیە هیچ کاتێک هەنگاوێکی بەرەو دواوە نە نا، نەورۆز تا دواین گوندی کۆبانێ ئازاد کرا لەناو پێشەڕەویەکاندا مایەوە.

هەڤاڵانی نەورۆز نەورۆز وەک سبمۆلی هەڤاڵێتی بەناو دەکەن، دەڵێن نەورۆز هەمیشە بۆتە سەرچاوەی مۆڕاڵ بۆیان.

(ش ب)