سلێمانی، لەسەر تیزابكردن بە كچێكدا دوو تاوانبار بە زیندانی هەتاهەتایی سزادران

13:34

ژنها

ناوەندی هەواڵ - دوای دوو ساڵ لێكۆڵینەوەو دانیشتنی دادگا، دادگای تاوانەكانی سلێمانی دوو كەسی بە زیندانی هەتاهەتایی سزادا كە لە بەهاری ساڵی ٢٠١٤ دا تیزابیان كردبوو بە دەموچاوی كچێكدا.

دادگای تاوانەكانی سلێمانی دوای دوو ساڵ لێكۆڵینەوە و دانیشتن، دۆسێیەكی یەكلایی كردەوە كە پێشتر لەهەرێمی كوردستاندا وێنەی نەبووە، رووداوەكە بەهاری ساڵی ٢٠١٤ لە شەقامی سالم لەشاری سلێمانی روویدا بوو كاتێك دوو كوڕی گەنج بە ئەنقەست تیزاب دەڕێژن بە دەموچاوی كچێكدا. لەو رووداوەدا كچەكە بەشێك لە روخسار و قۆڵی تێزابی بەركەوتبوو.

بەگوێرەی بەدواداچوون‌و لێكۆڵینەوەكانی دادگا دەردەكەوێت ئەو كەسانەی تێزابیان بەدەموچاوی ئەو كچەدا كردبوو، لەلایەن كەسێكی دیكەوە راسپێردراون كە دەوترێ دەزگیرانی كچەكە بووە، بەڵام بەر لەزەماوەند لە یەكتر جیابوونەتەوە. دوای دەسكەوتنی بەڵگەی یەكلاییكەرەوە، دادگا بڕیاریداوە ئەو دوو كەسەی دەستگیركراون سزا بدات بەزیندانی هەتاهەتایی.

بڕیارەكەی دادگای تاوانەكانی سلێمانی بەگوێرەی مادەكانی ٤١٢ و ٤١٤ بووە لە یاسای سزادانی عێراقی كە ئەو مادانە تایبەتن بە سزادانی هەر كەسێك كە هەستا بە ئەنجامدانی كارێكی زیانبەخش بەشێوەیەكی مەبەستدار و ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە ئەندامێكی جەستەی مرۆڤ. بەڵام هێشتا ئەو كەسەی كە دەستی هەبووە لە هاندان و راسپاردنی تێزابڕێژەكان، دەستگیر نەكراوە‌و دادوەر بەشێوەی غیابی سزای هەتاهەتایی داوە.

سەرچاوە: ئێن ئاڕ تی

(ش ب)