ژنانی ڕۆژئاو بە چەندین چالاکی یادی زیلانیان بەرز ڕاگرت

09:21

ژنها

ناوەندی هەواڵ – لە ڕۆژئاوای کوردستان بە چەندین چالاکی ساڵیادی چالاکی ژنە تێکۆشەری کورد زەینەب کناجی(زیلان)یان بەرز ڕاگیرا.

حەسەکە:
لە شاری حەسەکە بە دەستپێشخەری کۆنگرەی ستار بیستەمین ساڵڕۆژی چالاکی ژنە تێکۆشەری کورد زیلان بە سازکردنی کۆبوونەوەیەک بەرز ڕاگیرا. کۆبوونەوەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستی پێکرد، بەسەدان هاوڵاتی و رێکخراوی مەدەنی ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون. شەرڤین حەسەکە، بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستار لە حەسەکە، لە کۆبونەوەکەدا قسەی کرد، شەرڤین رایگەیاند: "شەهید زیلان نمونە و سمبۆلی تێکۆشان و بەرخۆدانیە، زیلان ئەو ژنەیە تەوقی کۆیلایەتی پچڕاندوە، لێرەوە بەڵێنی خۆمان لە ئاست ئەو تێکۆشەرەدا دووپات دەکەینەوە تا ئازادی نیشتیمان درێژە بە ڕێبازی پیرۆزی زیلان بدەین."

پاشان سینەفزیۆنێک لەسەر ژیان و تێکۆشانی زیلان پێشکەش کرا و کۆبوونەوەکە بە هەلهەلەی دایکان کۆتایی هات.

قامیشلۆ:
هەروەها هاوڵاتیان لە شاری قامیشلۆ بە رێپێوانێکی جەماوەری بیستەمین ساڵڕۆژی ژنە تێکۆشەری کورد زیلانیان بەرز ڕاگرت. ڕێپێوانەکە لە گۆڕەپانی عوسمان سەبری دەستی پێکرد تا گۆڕەپانی شەهید رووبار بەردەوام بوو، لە ڕێپێوانەکە بە هەڵگرتنی ئاڵاکانی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان و بەدەم وتنەوەی دروشم، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ژنان لە کانتۆنی جزیرە، ژمارەیەک لە رێکخراوی مەدەنی و بە بەشداری سەدان کەس بەڕێوەچوو. هێزەکانی ئاسایش و پاراستنی جەوهەری ئاسایشی رێپێوانەکەیان گرت.

کۆبانێ:
هاوکات لە کانتۆنی کۆبانێ ساڵیادی چالاکی گیانبازی زیلان، بە پیشاندانی سینەفزیۆنێک لەسەر ژیان و تێکۆشانی یادی ئەو ژنە تێکۆشەرە بەرز ڕاگیرا. سینەفزیۆنەکە لەلایەن کۆنگرەی ستار ئامادەکرا بوو، لە هۆڵی ناوەندی ئەنجومەنی یاسادانانی کانتۆنەکە پیشاندرا.

(ش ب)