فەرهەنگی 'ژیانی گوندەوار' چاپکرا
10:31
ژنها
وان – فەرهەنگی 'ژیانی گوندەوار' بۆ فێربوونی زمانی کوردی، کە بەرهەمێکی هاوبەشی ناوەندی کەلتوری نودایە چاپکرا.
خەباتکارانی بەشی وێژە و زمانی کوردی لە ناوەندی کەلتوری نودا لە شاری وان، ئەنجامی خەباتێکی هاوبەشیان ڕاگەیاند، کە بە چاپگەیاندنی کتێبی فەرهەنگی زمانی کوردیە بەناوی "فەرهەنگی ژیانی گوندەوار". ئەم خەباتە لە ژێر چاودێری لقی وەزارەتی کاروباری کەلتوری و کۆمەڵایەتی لە شارەوانی گەورەی شاری وان بەڕێوەچوو.
لەسەر ئامانج بەرهەم هێنای ئەم فەرهەنگە و چۆنێتی خەباتەکانیان سالیحە ئایاتا، یەکێک لەو بەڕێوەبەرانی ئەو خەباتە هاوبەشە ڕایگەیاند: کۆمسیۆنێکمان سازکرد بۆ ئەوەی فەرهەنگێکی زمانی کوردی بەرهەم بێنین، زۆربەی ئەندامانی کۆمسیۆنەکەشمان ژنانن، چونکە ڕەنگدانەوەی کەلتور و فەرهەنگی ژن گرنگی زۆری هەیە لەسەر زمان. بەگشتی هەڵمەتێکی گەڕان بە دوای وشە ڕەسەنەکانمان دەستپێکرد، بۆ ئەوەش سەردانی ٢٥ گوندمان کرد، بە تایبەت ئەو گوندانەی کە هێشتاش بە زمان و کەلتوری خۆیانەوە دەژین، بۆ نمونە نەچووین بۆ گوندەکانی نزیک شار و سەر سنور، چونکە لەناو زمانی ئەو گوندانەدا کاریگەری زمان یان زاراوەی تریان بەسەرەوەیە."
ناوبراو وتی: کۆمسیۆنەکە لە ٨ کەس کە ٦یان ژنن پێکدێت، لە ماوەی شەش مانگ توانیمان فەرهەنگی زمانی گوندەوار بە چاپ بگەیەنین، ئامانجی بەرهەم هێنانی ئەو فەرهەنگەش چیتر کەس نەڵێت؛ کوردی دەزانین بەڵام هەموو پەیڤێکمان دەست ناکەوێت، یان لە کوردی تێدەگەین بەڵام ناتوانین قسەی پێبکەین."
سالیحە ئاماژەی بەوەدا کە لەو گوندانەی گەڕاون لەگەڵ کەسانی تەمەن ٧٠-٨٠ ساڵان وتووێژیان کردوە و بە دوای واتای وشە ڕەسەنەکان گەڕاون، بەگشتی فەرهەنگی ژیانی گوندەوار کۆکراوەی پەیڤە رەسەنەکانە بە زاراوەی کورمانجی ژۆرین.
سالیحە سەرنجی ڕاکێشایە سەر سیاسەتی کۆچبەرکردنی دەوڵەتانی داگیرکەر لەسەر گەلی کورد کە کاریگەری زۆری کردۆتە سەر زمانی کوردی، وتیشی: "لە ساڵی نەوەدەکان دا ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیانی کورد بە تایبەتیش گوندنشینان دووچاری کۆچبەری بوونەوە، ئەم کۆچبەریەش زیانی زۆری بە زمان گەیاندوە، هەروەها سیستەمی سەرمایەداری بۆخۆی سیستەمێکە دژی زمان و کەلتوری گەلانە، بەڵام سەرەڕایی هەموو ئەو سیاسەتانە خۆمان گەیاندە پەیڤە ڕەسەنەکان."
سالیحە ئایات، لە کۆتایشدا وتی: "هەر کەسێک بەرامبەر کەلتور و زمانی خۆی بەرپرسیارە، بەتایبەتیش ئەو ڕۆڵە دەکەوێتە ئەستۆی دایکان، چونکە ڕۆڵی ژنان و ڕەنگدانەوەی ژن لە سەر زمان زۆرە، زمان ئەمڕۆ ناسنامەی گەلانە، دەبێت ژنان بە تایبەت خاوەنداری لە ناسنامەی خۆیان بکەن."
(ش ب)