لە بەرامبەر پلەی زۆری گەرما هاوڵاتیانی چیای شەنگال کەپر دروست دەکەن

09:47

خەنسێ خدر/ ژنها

شەنگال – هاوڵاتیانی شەنگال و بەتایبەت ژنان لە بەرامبەر هەلومەرجە سەختەکانی ژیان بە ئیرادە و خۆڕاگریەوە دەوەستێننەوە بۆ ئەمەش دەستیان بە دروستکردنی کەپر کردوە.

گەرمای شەنگال جارنا ٤٨ پلە تێپەڕ دەکات، هاوڵاتیان بە چەندین داهێنان لەبەرامبەر ئەو گەرمایە خۆیان دەپارێزن. ئێستاش دەستیان کردوە بە دروستکردنی کەپر(سابات)، ئەو ژنانەی کە کەپریان دروست دەکرد وتیان: لە بەر گەرمای هاوین مانەوە و دوورنەکەوتنەوە لە وڵات بەرخۆدانی هەرە گەورەیە.

گولێ عیدۆ، یەکێک لەو ژنانەیە لەو بارەیەوە وتی: "گوزەرانی ئێمە زۆر خراپە لەبەرامبەر ئەو گەرمایە، چونکە ئاوی خواردنەوە و ئامێری فێنکەرەوەمان نیە، منداڵانمان نەخۆش دەبن، کاتێک منداڵان دەچنە بەر خۆر یان کاتێک شیریان گەرم دەبێت، زوو نەخۆش دەبن، ئێمە بەو هەموو تەمەنەی خۆمانەوە لە گەرما بێزار دەبین ئینجا منداڵێک چۆن بەرگە دەگرێت."

دایە گولێ وتیشی: هەرچەندیش گەرمە بەڵام دیسان لێرە ماوینەتەوە، ئێستاش بۆخۆمان کەپرمان دروستکردوە، هەرچەند سەختیش بێت تەرکی خاکی خۆمان ناکەین.

کچێک بەناوی حەنان نایف لەبارەی دۆخی ژیانی خۆیان لە بەر گەرمای هاوین بەو شێوەیە دوا: چیای شەنگال زۆر گەرمە، دوای لە کاتژێر(٠٠:٠٩ تا ٠٠:٠٣) ناتوانین لە ژێر کەپرەکانمان بێنە دەر. زۆربەمان توشی نەخۆشی بووین چونکە هەم گەرمایە هەمیش ئاوی گەرم دەخۆینەوە."

حەنان داوای لە هەموو رێکخراو و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، هاوکاری هاوڵاتیانی چیای شەنگال بکەن.

هاوکات سافیە شڤان کچێکیترە، ئەویش لەوبارەیەوە قسەی بۆ کردین و وتی: "هاوڵاتیان لە ژێر چادر دان، پلەی گەرماش زۆر بەرزە، مرۆڤ لە ژێر ئەو چادرانە دەسوتێت، بۆیە ئێستا کەپرمان دروست کردوە، بەو شێوەیە پارێزگاری لە خۆمان دەکەین، لە هەمانکاتدا بەرخۆدانی دەکەین و بەرگەی ئەو دۆخە سەختەش دەگرین.

بە هۆی ڕێژەی زۆری گەرماوە ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیانی چیای شەنگال توشی نەخۆشیەکانی تیفۆ و گرانەتا هاتوون، لە نەخۆشخانەی شەهید زنار بە گوێرەی ئەو دەرفەتانەی لە دەست پزیشکەکان هەن هاوکاری هاوڵاتیان دەکرێت. ئەوەی لە هەمووش گرنگتر و سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە چەندەش دۆخەکە سەخت و ئاوی چیای شەنگال گەرمە بەڵام هاوڵاتیان سورن لەسەر ئەوەی لە چیای شەنگال بمێننەوە. بۆ ئەمەش چەندین داهێنان و تاقیکردنەوەیان سەرخستوە، بەتایبەتیش ژنان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێرن.

(ش ب)