چنور غەریب: کار لەسەر کەیسی کەمال پێنجوێنی ناکرێت
09:31
ژنها
پێنجوێن – چنور غەریب هاوژینی کەمال پێنجوێنی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری (رەژاک) لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: کار لەسەر کەیسی کەمال پێنجوێنی ناکرێت، ئەمەش وای کردوە گومانی زیاترمان لا دروست بێت و ڕەنگە لە داهاتوو دا ئەو گومانانەمان ببن بە واقیع، کە دەستی کەسانی باڵای ئەم هەرێمە لە پشت ئەو تیرۆرەوە بێت.
نزیکەی سێ مانگ لەمەوبەر لە (١٣-٤-٢٠١٦) لە شارۆچکەی پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی، كەمالی شێخ سادە و وەستا سەدیقی ساڵیئاوایی لەلایەن كەسانێكی نەناسراوەوە رێفێندران، پاشان تەرمەکانیان لە دوو شوێنی جیاوازی نزیک پێنجوێن دۆزرانەوە، هەرچەند ٨٤ ڕۆژ بەسەر ئەم ڕووداوە تێپەڕدەبێت، بەڵام هێشتاش لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ ئەنجامێک ڕانەگەیاندراوە. بۆیە ئێمەش وەک ئاژانسی هەواڵی ژنان(ژنها) پێشتر دوو جار لە سەر ئەم کەیسە لەگەڵ چنور غەریب هاوژینی كەمال پێنجوێنی و ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان(رەژاک) لە شاری پێنجوێن چاوپێکەوتنمان سازکردبوو، لە بەردەوامی بەدواداچوونی ئەو کەیسەکەدا جارێکیتر ویستمان لە زاری چنور غەریب هۆکاری بێدەنگی لە ئاست ئەو کەیسە بزانین.
چنور غەریب ڕایگەیاند: "سێ مانگ بەسەر تیرۆرکردنی هەڤاڵ کەمال و هاوڕێی هەرە نزیکی وەستا سەدیق، تێدەپەڕێت، بەڵام ئەوەی تا ئێستا لایەنە ئەمنیەکان وەک پێویست بە دواداچونیان بۆ ئەم کەیسە نەکردوە، هەروەها لایەنی دادوەریش وەک پێویست بە ئەرکی خۆی هەڵنەستاوە. کاتێک هێشتا لە پرسەکەیدا بووین دەنگۆیەک لەناو خەڵکیدا بڵاو بووەوە کە دوو کەس بە هۆکاری ئەنجامدانی ئەو تیرۆرکاریە دەستگیر کراون. ئەوەی جێگەی داخە دوای دوو مانگ وەک بنەماڵەی هەردوو شەهید وتەی ئێمەیان وەگرت، دواتر جارێکیتر ئێمەیان بانگهێشتکرد بۆ دادگای پێنجوێن، ئەو کات هەندێک لە دانپیانانەکانی ئەو دووکەسەی بەناو دەستگیرکراون بۆ ئێمەیان خوێندەوە کە هەمان شت بوو لە ناو خەڵکیدا باس دەکرا، شتێکی تازە نەبوو. خەمساردیەکی زۆر بەو کەیسەوە دیارە، هیچ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەیەک لەسەر ئەم کەیسە ناکرێت، ئەمەش وای کردوە کە گومانی زیاترمان لا دروست دەبێت و ڕەنگە لە داهاتوو دا ئەو گومانانەمان ببن بە واقیع، کە دەستی کەسانی باڵای ئەم هەرێمە لە پشت ئەو تیرۆرەوە بێت، بە هۆکاری ئەوەی زۆر خەمساردانە مامەڵە لەگەڵ ئەو کەیسە دەکەن."
لە وەڵامی ئایا جگەلە لایەنی ئەمنی و دادوەری لە هەرێمی کوردستاندا سەردانی هیچ شوێنێکیترتان کردوە لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی و هەرێمیدا بۆ ئاشکرا کردنی ئەو تیرۆرە؟ چنور وتی: "لە چلەی هەڤاڵ کەمال هۆشیاری ئەوەمان دابوو ئەگەر بە جدی کار لەسەر ئەو کەیسە نەکرێت ئەوا هەڵوێستی جیاوازمان دەبێت، تا ئێستاش چاوەڕوانی دەزگا ئەمنیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سنوری سلێمانی و شاری پێنجوێن بە تایبەتین، بەتایبەتیش تا ئێستا چاوەڕوانی کردنی ئێمە ئەوەیە ئەو قۆناغەی ئێستا هەرێمی پێدا تێپەڕ دەبێت لەبەرچاو دەگرین ."
چنوری غەریب سەرنجی هەڕەشە و سنوربەزاندنەکانی دەوڵەتی ئێران بۆ سەر خەڵک و خاکی هەرێمی کوردستان وەک بەردەوامی هەمان پلان و سیاسەت دەبینێت، ناوبراو وتیشی: "سیاسەتی دەوڵەتانی داگیرکەر لەسەر کوردستان بەهەموو چەپەڵی و پلانگێڕیەوە بەڕێوەدەچێت، بێ دەنگی دەسەڵاتی کوردی لە باشوری کوردستانیش هۆکارێک بووە بۆ ئەوەی دەوڵەتانی ئێران و تورکیا بە بیانوی جیا جیا هێرشەکانیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان چڕتر بکەن. بەردەوامی ئەو سیاسەتەش هەڕەشە و سنور بەزاندنەکانی دەوڵەتی ئێرانن بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان. درێژە پێدانی ئەو تیرۆرەیە کە لە ساڵی نەوەدەکاندا چەندین چالاکوانی دیموکرات و کۆمەڵەیان لە سایەی بەناو حکومەت باشوری کوردستان تیرۆر کرد، ئەمە هەڵوێست نیە کە حکومەتی هەرێم لە بەرامبەر ئەو هەڕەشانە نواندویە، چونکە زۆر لاوازە و لە چوارچێوەیەکی شەرمنانەدایە."
چنور غەریب هاوژینی کەمال پێنجوێنی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، لە کۆتایشدا بانگەوازیەکی ئاڕاستەی ڕای گشتی و دەنگە ئازادەکانی کرد "بانگەوازی لە هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە باوەڕیان بە ئازادی و دۆزی نەتەوەیی هەیە، لە بەرامبەر بێدەنگ کردنی دەنگی ئازاد و تیرۆری کەسانی ئازادیخواز بێدەنگ نەبن، داوا دەکەین هەڵوێستی جددیان هەبێت، ئێمەش وەک بنەماڵەی ئەو شەهیدە بەردەوام دەبین لە سەر تێکۆشان و ڕێبازی ئەوان."
(ش ب)