شۆڕشی ڕۆژئاوا شۆڕشی ژنانە، بۆیە خاوەنداری لێدەکەین
11:03
گوڵان بۆتان / ژنها
قامیشلۆ – سەرۆکی دەستەی ژنان لە کانتۆنی جزیرە ڕادەگەیەنێت کە یاساکانی ژنان نیشانەی هەمیشەیی بوونی دەسکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوان.
لەگەڵ بەرەو پێشچوونی شۆڕشی رۆژئاوا ژنانیش خۆیان بەڕێکخستن دەکەن، یەکێک لەو دەسەکەوتە گرنگانەش رێکخراوەیی بوونی ژنانە لە گۆڕەپانی یاسایی و دادوەریدا. ئامینە عومەر سەرۆکی دەستەی ژنان لە کانتۆنی جزیرە، یاساکانی تایبەت بە ژنان و دەسکەوتە یاساییەکانی ژنانی هەڵسەنگاند کە بە یاساکانی ژن یان "زاگۆنێن ژنان" ناسراون.
ئامینە عومەر وتی: لە ٢٢-١٠-٢٠١٤دا یەکەم یاسای تایبەت بە ژنانمان هەموار کرد، ئامانجمان لەو یاسایە ئەوە بوو بتوانین مافەکانی ژنان بەر لە هەرشتێک مسۆگەر بکرێن. بۆ ئەوەی بە شۆڕشی ژنانەوە خۆمان لە گۆڕەپانەکانی سەربازی، سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بە ئاسانی بە ڕێکخستن بکەین، پێویست بوو یاسایەکی بەو شێوەیە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، چونکە یاساکانی ژنان نیشانەی هەمیشەیی بوون و سەرکەوتنی شۆڕشن، بۆ ئەوەش بە شێوەیەکی تێروتەسەل گفتوگۆمان لەسەر هەموو لایەنەکانی ئەو یاسایە کرد. دوای ئەوەی یاسایی ژنانمان نوسیەوە لە سەرجەم دام و دەزگاکاندا بڵاومانکردەوە بۆ تێبینی و سەرنجەکانیان."
لەسەر چۆنێتی ئامادەکردنی ئەو یاسایە ئامینە وتی: "پەیوەندیمان لەگەڵ دەستەی ژنان و دەزگاکانی ژنانەوە لە کانتۆنەکانی عەفرین و کۆبانێ بەست، بۆ ئەوەی بتوانین لە چوارچێوەیەکی یاسایی هاوبەش و هاوڕا یاسایەکی تایبەت بە ژنان لە رۆژئاوای کوردستان پێشبخەین، بە ڕێککەوتنێکی گشتی توانیمان ئەنجامی باش دەستبخەین، دواتر بە شێوەیەکی فەرمی یاساکانی ژنانمان پێشکەش بە ئەنجومەنی یاسادانان کرد. ئەوانیش لە ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی ماوەی دوو ڕۆژ تاوتوێیان لەسەر کرد. لە ئەنجامدا یاساکانی ژنان پەسندکران. ئەمجارە بە شێوەیەکی فەرمی جارێکیتر بەڵگەی یاساکانی ژنانمان بۆ سەرجەم دام و دەزگاکان نارد."
سەرۆکی دەستەی ژنان لە کانتۆنی جزیرە،سەرنجی ڕاکێشایە سەر کاردانەوەکانی کۆمەڵگە لە بەرامبەر ئەو یاسایە و وتی: گۆڕینی یاسا و یاسایی ژنان بە کۆمەڵگە قبوڵکردن کارێکی ئاسان نەبوو. بۆ ئەوەی مافەکانی ژنان پارێزراو بن دەبوایە کۆمەڵگە مافەکانی ژنان بناسێت. هەر بۆیە دەستمان کرد بە هەڵمەتی ناساندنی ماف و یاساکانی ژنان. ئەمەشمان بە ڕێگەی کۆڕ و سمینار ئەنجام دا. لە کانتۆنی جزیرەدا ٢٥ سمینارمان بۆ خەڵک سازکرد. چونکە پرسێکی دوو لایەنەیە سەرجەم سمینارەکانمانان بە بەشداری ژنان و پیاوان ساز دەکرد. راستە ناوی یاساکەمان یاسایی ژنانە بەڵام ئەو یاسایە پەیوەندی بە هەردوو ڕەگەزەوە هەیە. گفتوگۆکانیمان لەگەڵ خەڵک ئەنجامی باشیان هەبوو، بەڵام گوندنشینان زوو زوو ئەم یاسایانەیان قبوڵ نیە. تەنانەت ڕایانگەیاندبوو کە یاسای ژن ناناسن، لەبەرامبەر ئەم هەڵوێستەش لە مانگی گوڵانەوە دەستمان کردوە بە هەڵمەتێکی ناساندنی یاسایی ژن لە گوندەکانی کانتۆنی جزیرە. بۆ بەرێوەبردنی ئەم هەڵمەتەش بە هەماهەنگی و هاوبەشی لەگەڵ کۆنگرەی ستار، رێکخراوی سارا، یەکێتی ژنانی سریانی، دەستەی نەتەوەیی عەرەبی و ... بەڕێوە دەچێت.
ناوبرا جەختیشی کردەوە: "بە هۆی هەلومەرج و ژیانی گوندنشینان تا ئێستا تەنیا توانیومانە ١٢ سیمینار لە گوندەکان سازبکەین، بەڵام ئەنجامی گرنگیان هەبووە، گوندنشینان دەڵێن؛ هیچ زانیاریەکمان لە بەرەی یاساکانی ژنانەوە نەبوو. هەروەها ژنە گوندنشینەکانیش تا ئێستا هیچ شتێک لە بارەی مافەکانیان نازانن، سەرەتای ئەم هەڵمەتەمان دیارکردوە بەڵام کەی کۆتایی دێت دیار نەکراوە و بە کراوەیی هێشتومانەتەوە، تا پێویست بە ناساندنی یاساکانی ژنان هەبێت ئەم هەڵمەتەش بەردەوام دەبێت."
ئامینە عومەر سەرۆکی دەستەی ژنان لە کانتۆنی جزیرە، لە کۆتاییشدا جەژنی رەمەزانی لەعەبدوڵا ئۆجالان رێبەری پەکەکە پیرۆز کرد و ڕایگەیاند: ئێمە هەڵگری ڕامانەکانی ڕێبەر ئاپۆین بۆیە توانیومانە بگەین بەو ئاستەی کار بۆ ئازادی ژنان بکەین، بۆیە هیچ گومانمان لەوە نیە کە ڕێبەر ئاپۆ ژنانی کوردی گەیاندوە بەو ئاستەی کە خۆی خاوەنداری لە مافەکانی بکات، تێکۆشانی ئێمەش تا ئازادی هەموو ژنان و ڕێبەر ئاپۆ بەردوام دەکات، شۆڕشی ڕۆژئاواش شۆڕشی ژنانە، بۆیە خاوەنداری لێدەکەین. "
(ش ب)