نانەواخانەی ژنان لە شاری دێرک
11:43
ژنها
دێرک – کۆمیتەی ئابوری کۆنگرەی ستار هەڵساوە بە کردنەوەی نانەواخانەیەکی تایبەت بە ژنان لە شاری دێرک بەناوی "فڕنی ئازادی".
لە بەردەوامی کار و خەباتەکانی کۆمیتەی ئابوری لە ناو کۆنگرەی ستار دا نانەواخانەیەکی تایبەت بە ژنان لە شاری دێرک-ی سەر بە کانتۆنی جزیرە کراوەتەوە.
ناوی "فڕنی ئازادی"یە، نانی ساج و تەنور بەرهەم دێنێت، ئەم فڕنە لە ١ی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بە ڕێوڕەسمێکی جەماوەری کرایەوە، هەر لەسەرەتادا کار و خەباتەکانیان بە شێوەیەکی سەرکەوتوو بەڕێوەدەچن.
لە نانەواخانەکەدا ٩ ژن کاتژمێر ٥ ی بەیانی تا ١١ی نیوەڕۆ کار دەکەن، وەک خۆشیان دەڵێن؛ بە گوێرەی دابینکردنی پێویستی هاوڵاتیان کار دەکەن.
جگەلەوەی نانی هاوڵاتیانی ناوچەکە بەرهەم دێنێت، هەلی کارکردنیشی بۆ ژنان ڕەخساندوە کە هەنگاو بەرەو ئابوری تایبەت بە خۆیان بنێن، چونکە ژنان هەموو کارەکانی نانەواخانەکەیان بۆ خۆیان ڕادەپەڕێنن.
هاوڵاتیان بە خۆشحاڵیەوە لەو هەنگاوە دەڕوانن و لە چۆنێتی دروستکردنی نانەکەیان ڕازین بۆیە ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیان لەو نانەواخانەیەدا نان دەکڕن.
ئازار نایلە حەسەن یەکێک لە خەباتکارانی نانەواخانەکەیە ئاماژەی بەوە دا کە ئامانجیان لە کردنەوەی نانەواخانەکە ئەوەیە کە پەرە بە ئابوری سەربەخۆ و هەرەوەزی ژنان بدەن و هەلی کار بۆ ژنان بڕەخسێنن.
ناوبراو بانگەوازیشی لە سەرجەم ژنان کرد بەشداری بکەن لەو جۆرە پڕۆژانەی دەبنە هۆکارێک بۆ پێشخستنی ژنان لەناو کۆمەڵگەدا، هاوکات سوپاسی کۆمیتەی ئابوری کۆنگرەی ستاریشی کرد.
کۆمیتەی ئابوری ژنان سەر بە ڕێکخستنی کۆنگرەی ستارە، بۆ پەرەپێدان بە هەلی کارکردن بۆ ژنان کار دەکات تا ئێستا چەندین پڕۆژەی ئابوری پێشخستوە یەکێک لەوانەش نمونەی ئەو نانەواخانەیە بوو.
(ش ب)