کەژار: کار بۆ بەستنی کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵات دەکەین
09:34
ژنها
قەندیل – ڕوکەن پەپولە، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی کوردستان(کەژار)، لە میانەی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسەکەمان(ژنها) دواین پێشهات و گۆڕانکاریەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی هەڵسەنگاند، هاوکات تەئکیدی لەسەر چەند خاڵێکی گرنگیش کردەوە.
ڕوکەن پەپولە سەرەتا دۆخی ئێستای سیاسی ناوچەکەی هەڵسەنگاند و ڕایگەیاند: "ناکرێت بە هیچ شێوەیەک ئەو ئاڵۆزیەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتۆتە ئاراوە، دوور لە سیاسەتی ئێران لەسەر هەرێمەکە ببینرێت، ئێران توانیویەتی لە چەند خاڵێکی سیاسەتەکانی سەرکەوێت، بە تایبەتیش زاڵ بوونی بەسەر دەسەڵاتی ئەسەد لە سوریا، ئامانجی ئێران لە پارچە نەبوونی سوریاش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ترسی لە لەنێوچوونی بەرژەوەندیەکانیەتی لە هەرێمەکەدا، چونکە شکستی ئەسەد لە هەمانکاتدا دەبێتە ڕووخانی ڕژێمی ئێران. پڕۆژەی سیستەمی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو دەوڵەتانە بە ئامانج دەگرێت کە سەردەمێکە دامەزراون. دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان لە هەرێمەکەدا خاوەن ڕێککەوتن و پەیوەندی دراوسێیەتین، بەڵام پەیوەندی ئێران و سوریا زیاتر ستراتیژیە. بۆیە راستە تا ئێستا شەڕ ناوخۆی ئێرانی نەگرتۆتەوە بەڵام ئێران لە دەرەوە زیانی سەربازی زۆری بەرکەوتوە. لە داعش زیاتر ئێران ویستی لەبەرامبەر شەڕڤانانی ڕۆژئاوا شەڕ بکات، بۆ ئەوەی کوردان نەبنە خاوەن ستاتۆی سەربەخۆ چەندین هێرشی ئەنجامدا، لەوانەش هێرشەکانی سەر حەسەکە، عەفرین و قامیشلۆ."
ناوبراو وتی: "ئێران چۆن سیاسەتی نکۆڵیکردنی هەبوون و ناسنامە لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەدەبات، هەمان سیاسەتیش لە دەرەوە بەڕێوە دەبات، ئێران نایەوێت گەلی کورد لە هیچ شوێنێک ببێتە خاوەنی هێز و ستاتۆ، چونکە شۆڕشی کوردان لە هەر شوێنک بێت کاریگەری دەکاتە سەر پارچەکانی تری کوردستان. هەر بەرەو پێشچونێکی شۆڕشی رۆژئاوا راستەوخۆ کاری کردۆتە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان. جگە لەمە ئێران نایەوێت شەڕ بچێتە نێو سنورەکانی وڵاتەکەی."
"ئامانجی هێرشەکانی تەنیا 'حەدەکا' نیە"
ڕوکەن پەپولە سەرنجی ڕاکێشایە سەر هێرشەکانی ئەم دواییە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و و جەختیشی کردەوە: "ئێران لە ساڵی ٢٠١٦دا هەموو پارت و بزوتنەوە کوردیەکانی کردۆتە ئامانج. ئەو پرۆسەیەش تەنیا لە بەرامبەر حزبی دیموکرات نیە. بۆ نمونە لەبەرامبەر ئەو کەسانەی وتبوویان 'پێویست ناکات ئێران بەرامبەر بە 'پەژاک' شەڕ بکات، نەوەی خومەینی لە لوڕستان کاردانەوەی پیشاندا و ڕایگهیاندوە: "لە ئێستا دا ئەو هێزەی لە هەمووان زیاتر ئامانجمانە 'پەژاک'ە. ئێران بە هێرشی سەر 'حەدەکا' ئاماژە بەوە دەکات کە دەیەوێت هەموو هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان لەناو بەرێت. ئەم هەڕەشەیە تەنیا بۆ سەر پارتە کوردیەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیە، بەڵکو هەڕەشەیە بۆ سەرهەرێمی کوردستان، لێرەدا هەڵوێستی حکومەتی هەرێمیش مایەی ڕەخنەکردنە. بە گوێرەی یاساکانی وڵاتان، سنور ئەو هێڵەیە کە هیچ هێزێک ناتوانێت بە بێ دەستور بیبەزێنێت، کاتێک دەبەزێنرێت ئەوا مافی پاراستنی ڕەوا بەکار دەهێنرێت. ئێستا نەک تەنیا بەڕێگەی تۆپبارانی سنور بەڵکو بە ڕێگەی هێزی پیادەی سەربازیش سنور دەبەزێنرێت. دەبێت هەرێمی کوردستان ئەو سنور بەزاندنانە وەک گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی خۆی ببینێت."
"لە بەرامبەر هەر هێرشێک بۆ سەر گەلەکەمان لە باشور ڕۆڵی پێشەنگمان دەبێت"
ڕوکەن پەپولە لە وەڵامی ئایا ئەگەر هێزەکانی ئێران سنور ببەزێنن و حکومەتی هەرێمیش بێ هەڵوێست بێت وەک "کەژار" چ هەڵوێستێکتان دەبێت؟ وتی: "ئێمە وەک رێکخستنی کەژار خۆمان بەرپرسیار دەبینین كه لەو پرۆسەیەدا لەسەر ئەو مژارە پێشەنگ بین. هەم بە رێککەوتنمان لەگەڵ ڕێکخستنەکانی ژنان و هەم لە ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشەکان هەموو کاتێک ئامادەین. وەک کەژار بە بڕیارین کە لە بەرامبەر هەموو هێرشەکان بوەستینەوە."
ڕووکەن لە بەشێکیتری هەڵسەنگاندنەکانیدا سەرنجی ڕاکێشایە سەر دۆخی ئابوری لە ئێران و وتی: "حەسەن ڕۆحانی لە هەڵبژاردنەکانی ئەو دوایەدا بەڵێنی دابوو ئابوری وڵات بخرێتە ژێڕ دەسەڵاتی کۆمەڵگە. بێکاریش بۆتە هۆکاری سەرەکی لە قەیرانی ئابوری. ئێستا ئێران لە خراپترین دۆخی ئابوری خۆیدا دەژیت. ئەم قەیرانە زیاتر لە هەمووان زیاتر کاری کردۆتە سەر ژنان، بە گوێرەی ئامارە ڕاگەیاندراوەکان %٦٠ی ژنان بێکارن و لە %٧٠ی ژنان ئاڵودەن. ئەمەش خۆی لەخۆیدا نیشانەی هەڵوەشانەی سیستەمی ڕژێمە، ئەو سیاسەتەی بۆ دروستکردنی قەیرانی ئابوری دەسەپێنرێن ئامانج لاواز کردنی ئاستی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیە لەناو کۆمەڵگەدا."
"کار بۆ سازکردنی کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵات دەکەین"
ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری "کەژار" ڕایگەیاند کە کار بۆ سازکردنی کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵات دەکەن و بەو شێوەیە درێژەی بە وتەکانی دا: "چەندە ژنان خاوەن هێزێکی یەکگرتوو و پتەو بن ئەوەندەش دەتوانن سیاسەتی گشتی بگۆڕن، چونکە تەنیا ژنانی کورد نین دەبنە قوربانی سیاسەتی ڕژێم، ئەو سیاسەتەی لەسەر ژنێکی فارس، ئازەر و بەلوچ بەڕێوەدەچێت هەمان سیاسەت لەسەر ژنێکی کوردیش بەڕێوە دەچێت. ژنان لە ڕووی فکری و جەستەیی ڕۆژانە دەکوژرێن. نمونەی ئەوەش کوشتنی دوو ژن بوو لە شاری بانە. بۆیە دەمانەوێت خۆمان بگەیەنین بە هەموو ژنان، چونکە 'کەژار' سیستەمێکی بەو جۆرەیە، هەموو ژنان لە خۆدەگرێت. دەنگی ڕێحانە جەباری دەنگی شیرین عەلەمهولیە، بۆ ئێمە بەو شێوەیە، تێکۆشانی ئێمەش لەسەر ئەو بنەمایەیە. دەمانەوێت لە ڕووی سیاسی، کۆمەڵایەتی و دیپلۆماسی یەکێتی لەناو ژنان ساز بکەین، تا ئاستێکیش لەسەر ئەمە کارکراوە. وەک کەژار کار بۆ ئەوە دەکەین کە یەکێتیەکی هێندە پتەو پێشبخەیەن کە لە ئایندەدا کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵات ببەستین. چونکە کۆنفرانس زەمینەیەکە بۆ چارەسەرکردنی چەندین پرس. هێزی فکری هاوبەشی ژنان دەتوانێت زۆر شت بگۆڕێت."
"هەڵوێستی نەتەوەیی ژنان سڵاو دەکەین"
پەپولە سڵاوی ئاراستەی هەڵوێستی گروپی دەستپێخەری کەمپینی پشتگیری بۆ ژنانی شەنگال کرد و وەک هۆشیاری تێکۆشانی ژنانی بەناو کرد: "سەرەڕایی هەموو فشار و چەوساندنەوەکان تێکۆشانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێی بایەخە. بۆ نمونە کەمپینی پشتگیری بۆ ژنانی ئێزیدی لەبەرامبەر قسەکانی چنار سەعد کە بەدەستپێشخەری ژنانی ڕۆژهەڵات بەڕێوەچوو جێگەی دەستخۆشیە. ئەو هەڵوێستانە سڵاو دەکەین، پێویستە ئەو هەڵوێستانە بەردەوام بن، بەڵام چۆن هۆشیاری بۆ دەرەوە هەیە دەبێت بۆ ناوەخۆی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ئەو هۆشیاریە هەبێت."
ڕوکەن پەپولە، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی کوردستان(کەژار)، لە کۆتایشدا ڕایگەیاند: وەک هێزەکانی پاراستنی ژنانی(هەپەژە) لەمەو دوا هەموو ئەو کەسانە دەکەینە ئامانج کە بازرگانی بە ژنانەوە دەکەن، لەشفرۆشی پێشدەخەن، ئەوانەی لەسەر ئاڵودەکردنی ژنان کارد دەکەن، هەموو ئەوناوەندانە لە ئایندەدا ئامانجی سەرەکی لێدانی هێزەکانمان دەبن.
(ش ب)