ژنانی بزوتنەوەی حەقا لە ڕۆژی جەژندا
14:01
ژنها
دوکان – لە خانەقای کلکە سماق- ی تەریقەتی نەقشبەدی لە قەزای دوکان رۆژی دووەمی جەژن بە ڕێوڕەسمی هاوبەشی ژنان و پیاوان بە جلوبەری کوردی پیرۆزکرا.
دوێنێ پێنجشەمە(٧-٧-٢٠١٦) کە دەکاتە دووەمین رۆژی جەژنی رەمەزان، سۆفی و موریدانی تەریقەتی نەقشی بە ژن و پیاوەوە لە شارەکانی قەلادزێ، ڕانیە، دوکان، پیرەمەگرون، کەرکوک، تەقتەق و شوێنەکانیتر کۆبوونەوە بۆ پیرۆز کردنی جەژن. لە کەشێکی مەعنەوی بە لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی، لەسەر بیروڕایی کە هەموو براو خوشکن، لە دووەمین ڕۆژی جەژندا لە خانەقای کلکە سماق لە سەر یەک خوان کۆبوونەوە بە دروسکردنی خواردن و رێوڕەسمی ئایینی جەژنیان پیرۆز کرد.
جێگای ئاماژەیە لێرە دا ژنان ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆڕسک دەگرنەبەر، ژنێک وەک کابان سەرپەرشتیاری خواردن ئامادەکردن دەگرێتە ئەستۆ. ژنانی تریش هاوکاری دەکەن. هەروەها لە کۆڕی ژناندا، ژنان دەست بە حەیران وتن دەکەن و لەگەڵ تێکەڵکردنی بەسەرهاتی شێخ و موریدەکان و ڕەوشی کۆمەڵایەتی دەرونی خۆیان کەشێکی مەعنەوی دروست دەکەن، ژنان دەکەونە ناو زکر و حاڵەتێکی عیرفانی و لەناخی دڵینانەوە هاوار دەکەن "حەقە".
بزوتنەوەی حەقا بزوتنەوەیەکی سۆفیگەریە سەربە تەریقەتی نەقشبەندیە، لەلایەن کەسایەتیە ئایینیەکانی ئەو تەریقەتە وەک؛ شێخ عەبدولکەریمی شەدەڵە و مامەڕەزاوە پێشخراوە، لەناویدا حەوت بنەمای سەرەکی وەک؛ (دادپەروەری، برایەتی و هاوبەشی) لە هاوبەشیدا باوەڕ بە یەکسانی ژن و پیاو هەیە و تا ئاستێک لەم تەریقەتەدا ژنان ماف و ئازادی خۆیان هەیە بۆ نمونە نەبونی ژن بە ژنی، ڕەدکردنەوەی فرەژنی و یەکسانی لە میراتدا.
(ش ب)