هەواڵنێری بێ سنور لەسەر ڕەوشی نێرگز موحەمەدی هۆشیاری دەدات
09:21
ژنها
ناوەندی هەواڵ – نێرگز موحەمەدی بەردەوامە لە مانگرتن، ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوریش لەسەر ڕەوشی ئەو زیندانیە هۆشیاری دەدات.
ڕێخراوی هەواڵنێرانی بێ سنور(RSF) بە بڵاوکردنەوەی لێدوانێکی نوسراو سەبارەت بە بارودۆخی تەندروستی نێرگز موحەمەدی ناڕەزایەتی خۆی دەربڕی، لە بەرامبەر ئەوەی کە ئەو زیندانیە ١٣ ڕۆژە مانی لە خواردن گرتوە.
ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنور وێڕای شرۆڤە کردنی بەسەرهاتی نێرگز موحەممەدی وەک ڕۆژنامەنووس و وتەبێژی کانوونی پارێزەرانی مافی مرۆڤی ئێران سەبارەت بە باری تەندروستی ئەو زیندانیە هۆشیاری داوە و پێداگری لەسەر ویستی ئەو زیندانیە سەبارەت بە پەیوەندی گرتن لەگەڵ منداڵەکانی کردوە.
نێرگز موحەمەدی لە ڕۆژی ٢٧حوزیران بەبڵاو کردنەوەی نامەیەکی گشتی مانگرتنی خۆی لە خواردن ڕاگەیاند و سەرەڕای دوو جار بورانەوە و بێ هۆشبوون ئەو مانگرتنەی بەردەوام کردوە.
تەقی ڕەحمانی هاوژینی نێرگز موحەممەدی کە ئێستا لەگەڵ منداڵەکانی لە فەڕانسا دەژیت باسی لەوە کردوە کە هێزە ئەمنیەکان ناهێڵن نێرگز پەیوەندی لەگەڵ ئەوان بگرێ.
شایانی باسە کە لە مانگی مایسی ٢٠١٥ بە بۆنەی ڕۆژی سەربەخۆیی ڕاگەیاندن، هەواڵنێرانی بێ سنوور لە شاری پاریس کۆنفڕانسی خەباتی ڕۆژنامەنووسی بۆ ڕێز گرتن لە قارەمانانی ئازادی ڕاگەیاندن بەڕێوە برد کە نێرگز موحەممەدی یەکێک لە چوار قارەمانەکانی سەربەخۆیی ڕاگەیاندن پێناسە کرا.
شایانی باسە کە نێرگز موحەمەدی لەلایەن شوعبەی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بە ١٦ ساڵ زیندانی سزاداوە .
(ش ب)