ژنانی ڕۆژئاوا بە پڕۆژەکانیانەوە بەشداری لە کۆنفرانسی شارەوانی دەکەن
11:10
گوڵان بۆتان – ژنها
قامیشلۆ – بە بەشداری نوێنەرانی هەرسێ کانتۆنی ڕۆژئاوا سێیەمین کۆنفرانسی شارەوانی لە کانتۆنی جزیرە بەڕێوەدەچێت.
ژنان پێشتر کۆنفرانسێکی تایبەت بە ئەندامانی ژن لەناو شارەوانیەکانی ڕۆژئاوایان ئەنجامدابوو، ئەو بڕیارانەی لە کۆنفرانسی خۆیان گرتویانە بڕیاەر ئەمڕۆش لەوکۆنفرانسەدا بە شێوەیەکی فەرمی ڕایبگەیەنن و بە چەندین پڕۆژەوە بەشداری بکەن.
لە ڕۆژئاوای کوردستان بە پێشەنگی ژنان کاروخەباتی بونیادانەوەی کۆمەڵگە بە هەموو خێرایی خۆی بەردەوامە. لە ساڵی ٢٠١٣دا ژنانی ناو شارەوانیەکان بە شێوەی کۆمیتەی خۆیان بەڕێکخستن کرد، پاشان لە ساڵی ٢٠١٤دا و لەگەڵ بەرەو پێشچوونی شۆڕشی ڕۆژئاوا لە هەموو بوارەکانیەوە ئەو کۆمیتەیە گۆڕدرا بۆ رێکخراوی شارەوانی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان.
ڕوکەن ئەحمەد ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری شارەوانیەکان لەوبارەیەوە وتی: "بە پێویستمان بینی بەر لە بەستنی کۆنفرانسی گشتی شارەوانیەکانی رۆژئاوا، کۆنفرانسی خۆمان وەک ژنان لەناو شارەوانیەکانی ڕۆژئاوا سازبکەین." ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە لە کۆنفرانسی شارەوانیەکانی ڕۆژئاوا چەند پڕۆژە و پێشنیارێک دەخەنە ڕوو لەوانەش چۆن ژنان لەناو شارەوانیەکان خۆیان بە ڕێکخستن بکەن، هاوکات دروستکردنی بیرۆی تایبەت بە ژنان لەناو شارەوانیەکاندا."
ناوبراو ئاماژەشی بەوە دا کە لە ٦٢ گوند و ١٤ شارو شارۆچکە بنکە و بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی هەیە، لە ناو ٢٠٠٠ ئەندامی شارەوانیەکاندا زیاتر لە ٧٠٠ ئەندامیان ژنن، بۆیە پڕۆژەی کە لە سەرجەم شارەوانیەکان سیستەمی هاوسەرۆکایەتی پێشبخرێت دەخەنە ڕوو. هاوکات چەندین پڕۆژە سەبارەت بە دروستکرندی شوێنی کار بۆ ژنان و پڕۆژەی گشتی دەخەنە ڕوو."
کۆنفرانسی شارەوانیەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ئەمڕۆ بەیانی لە شارۆچکەی رمێڵانی سەر بە کانتۆنی جزیر بەبەشداری نوێنەرانی هەموو شاروانیەکان لە هەر سێ کانتۆنەکانی جزیرە، عەفرین و کۆبانێ و ٤٠٠ ئەندام دەستی پێکردوە و تا ئێستاش بەردەوامە.
(ش ب)