"دەبێت ئەو هێزە ئاشکرا بکرێت کە ویستی لە لیجە ٣٤ هاوڵاتی بسوتێنێت"

16:43

ژنها

ئامەد – سەباحەت تونجەل هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان(بەدەپە) لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارتەکەیدا دواین بارودۆخی ناوچەکەی هەڵسەنگاند و ڕایگەیاند" :لە ناوچەکەکانی بەرخۆدانیدا هێزێکی تایبەت هەیە، کەسانێکن ریشیان درێژە و لەسەر شانیان نوسینی بە زمانی عەرەبی هەیە، شێوەیان لە داعش دەچێت، دواین جار هێرشیان کردە سەر ناوچەی لیجە و ٣٤ کەسیان بە دیل گرت، ویستیان بە بەنزین بیانسوتێنن، ئەو هێزە کێن و سەر بە کوێن دەبێت ئاشکرا بکرێن."

ئەندامانی ئەنجومەنی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان(بەدەپە) کۆبونەوەی خۆیان سازکردەکەن. کۆبونەوەکە لە هۆڵی کۆبونەوەکانی شارەوانی پایاس لە شاری ئامەد بەڕێوە دەچێت و بڕیارە دوو ڕۆژ بەردەوام بێت. بابەتی سەرەکی کۆبوونەوە ڕووبەڕووبونەوەی سیاسەتی دەوڵەتی تورکیایە لەسەر گەلی کورد و پارتە کوردیەکان، دوای تەواو بوونی کۆبونەوەکە ئەنجام و بڕیارەکان بۆ ڕایی گشتی ئاشکرا دەکرێن.

سەرەتای کۆبونەوەکە سەباحەت تونجەل، هاوسەرۆکی پارتەکە وتەیەکی پێشکەش کرد، سەباحەت سەرەتا ئەو ڕووداوانەی لە هەرێمەکانی شەڕ کە خۆی شایەتی بۆ کردوون هەڵسەنگاند.

سەباحەت وتی: "ئەو پارتیانەی لەناو خەڵکدا بوون دەزانن کە بارودۆخی هاوڵاتیان چۆنە، گەلی کورد ئەم جەژنەی لەسەر گۆڕستان و گۆڕی ڕۆڵەکانی بەسەر برد." ناوبراو جەختیشی کردەوە: "لەبەرامبەرهەموو هێرش و سیاسەتەکانی قڕکردن، هیوای ئازادی کۆتایی نەهاتوە."

سەباحەت ئاماژەی بەوەدا کە دیمەنی هەرێمەکانی خۆبەڕێوەبەری زۆر خراپترن لە ڕەوشی ئەو شوێنانەی کودەتایان بەسەر داکراوە. هەروەها وتی: "پۆلیس و سوپا هەر کۆڵان و گەڕێکێکیان تەنیوە، بەو جۆرە شەڕە دەیانەوێت دەرونی گەلی کورد خراپ بکەن، هەڕەشە و سوکایەتی بە هاوڵاتیان دەکرێت ئەمەش ئاستی دەسەڵاتی ئاکپارتی پیشان دەدات."

هاوسەرۆکی بەدەپە، لە بەردەوامی وتەکانیدا سەرنجی ڕاکێشایە سەر ئەو هێزانەی لە ناوچەکەدا شەڕدەکەن و وتیشی: "لە ناوچەکانی بەرخۆدانیدا هێزێکی تایبەت هەیە، کەسانێکن ریشیان درێژە و لەسەر شانیان نوسینی بە زمانی عەرەبی هەیە، شێوەیان لە داعش دەچێت، دواین جار هێرشیان کردە سەر ناوچەی لیجە و ٣٤ کەسیان بە دیل گرت، ویستیان بە بەنزین بیانسوتێنن، بەرپرسیارەکەین ڕێگە نادات بیان سوتێنن. ئەو هێزە کێن و سەر بە کوێن دەبێت ئاشکرا بکرێت."

جەختیشی کردەوە: "هێرشەکانیان بۆ سەر پارتەکەمان بە شێوەیەکی سیستەماتیک و پلان بۆ داڕێژراو ئەنجام دەدرێن، دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردنی ئەندامان و بەڕێوەبەرانی پارتەکەمان لەو چوارچێوەیەدایە. چونکە پارتەکەمان نمونەی پارتیێکی دیموکراسیە و گەلانیش باوڕیان پێی هەیە."

لە بەشێکیتری وتەکانیدا سەباحەت تیشکی خستە سەر بارودۆخی تورکیا لە گۆڕەپانی نێونەتەوەیی و وتی: "ئاکەپە لە گۆڕەپانی نێونەتەوەیی بە تەنیا ماوەتەوە، لە ناوەخۆی وڵاتیشدا قەیرانی دارایی و بێکاری لە بەرزترین ئاستدایە. ئەوانەش هەمووی ئەنجامی سیاسەتی ئەو شەڕەن کە حکومەتی ئاکەپارتی لە هەێمەکەدا بەڕێوەیان دەبات." هەروەها وتیشی: ئەو وڵاتانەی خۆیان نوقمی قەیران و ئاڵۆزین ناتوانن تورکیا بەڕێوەبەرن."

سەباحەت لە سەر ئەو گفتوگۆیانەی کە ئەکپارتی دەیەوەێت پەنابەرانی سوری بکاتە هاونیشتیمانی تورکیا وتی: "تا ئێستا لە تورکیا یاسایی پەنابەران بوونی نیە. هیچ یاسایەکی بەو شێوەیە بوونی نیە کە تورکیا بتوانێت پەنابەرانی سوریا بکات بە هاوڵاتی تورکیا. ئاکپارتی بەنیازە کۆریدۆرێک لە ناوچە کوردیەکان بۆ پەنابەرانی سوری بکاتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی پڕۆژەی کۆچپێکردن و داگیرکاریە، بەتایبەتیش ئەو شوێنانە کراونەتە ئامانج کە دانیشتوانەکەی کوردانی عەلەوی و وڵاتپارێزن."

سەباحەت تونجەل هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان(بەدەپە)، لە کۆتاییدا ڕایگەیاند: قۆناغێکی زۆر سەختمان لە بەردەم دایە، هەموومان چاوەڕوانی دیموکراسین، بەڵام تا ئاکپارتی لەسەر حکوم بێت دیموکراسی مەحاڵە."

(ش ب)