ژنانی کورد لە ئەوروپا کەمپینی "نامەیەک بۆ ئازادی رێبەر ئاپۆ" یان ڕاگەیاند

14:42

ژنها

ناوەندی هەواڵ – کۆردیناسیۆنی تەڤگەری ژنانی کورد لە ئەوروپا(TJK-E)، بە لێدوانێک کەمپینی "نامەیەک بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ"ی ڕاگەیاند و کەمپینەکە لە ١٩ی تەمموز دەست پێدەکات و تا ٩ تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت.

لە لێدوانەکەی رایگەیاندوە: "ئێمە وەک تەڤگەری ژنانی کورد لە ئەوروپا، بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ تا ئێستا چەندین جار دەستپێشخەریمان بۆ چالاکی جۆراو جۆر کردوە، ئەم جارەش وەک هەوڵێک بۆ ئازادی ڕێبەرەکەمان کەمپینی 'نامەیەک بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ' دەست پێدەکەین."

لە لێدوانەکەدا هاتوە: "بە بێ ئەوەی هیچ یاسایەک و پێوانێک لە بەرچاو بگرن، سیاسەتی گۆشەگیرکردن و فشاری بەردەوامیان بەسەر رێبەرەکەماندا سەپاندوە. زیاتر لە ساڵێکە ڕێگەی پێنەدراوە چاوی بە کەسوکاری و پارێزەرانی بکەوێت. دەرفەتی خوێندنەوەی ڕۆژنامە و کتێبی نیە، گۆشەگیری لەناو گۆشەگیریدا دەسەپێنرێت. سیستەمی ئەشکەنجەی ئیمڕاڵی وەک شەڕێکی هەمیشەیی و دەرونی لەسەر رێبەر ئاپۆ بەڕێوە دەچێت. بەڵام رێبەر ئاپۆ بە هەموو شێوەیەک لە ناو بەرخۆدانی دایە، سەرەڕای بەند بوونی جەستەیی هزر، ڕامان و ئیرادەی خۆی ڕۆژانە نوێ دەکاتەوە."

لە بەردەوامی لێدوانەکەیدا دەڵێت: "وەک تەڤگەری ژنانی کورد لە ئەوروپا(TJK-E)، چاوەڕوانی دەزگای (CPT) دەکەین کە لەسەر سەردانەکەی بۆ ئیمڕاڵی وەڵامێکمان بدەنەوە، بۆیە لێرەشەوە جارێکیتر بانگەوازی لە و دەزگایە دەکەین کە لێدوانێکی تێروتەسەل بدات لەسەر ڕەوشی ڕێبەرەکەمان لە گرتوخانەی ئیمڕاڵی."

هەروەها راشدەگەیەنێت: کەمپینی "نامەیەک بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ" لە ١٩ی تەمموز دەست پێدەکات و تا ٩ تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت.

تەڤگەری ژنانی کورد لە ئەوروپا، لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بانگەوازی لە هەموو ژنان، دۆستان، وڵاتپارێزان، خاوەن ویژدان و بەرپرسیاری دەکات کە بە شێوەی چالاکی خاوەنداری لە چالاکیەکەیان بکەن."

(ش ب)