خورماڵ، ژنانی دوکاندار شانازی بە کارکردنەوە دەکەن

09:38

ژنها

خورماڵ – ژنانی دوکاندار لە قەزای خورماڵ بە ڕەنج و ماندووبوونی خۆیان ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی دەبنەوە و ڕایدەگەیەنن: خۆشحاڵین بە کارەکەمان و داوا لە ژنان دەکەن کە ڕوو لە گۆڕەپانی کار و خەبات بکەن بۆ پشت بەستن بە دارایی خۆیان.

لە سایەی سیستەمی حوکمڕانی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژ بەڕۆژ بارودۆخی ئابوری هاوڵاتیان ڕوو لە خراپ بوون دەکات، ئەوانەی کە وەک هەمیشە دەبنە قوربانی ئاڵۆزیە سەربازی و سیاسیەکان، لە هەمانکاتدا قوربانی سەرەکی قەیرانە ئابوریەکانن، بەڵام سەرەڕایی نەبوونی سیستەمێکی کارکردن بۆ ژنان و پڕۆژەی تایبەت بە ژنان، ژنانی خاوەن پیشە و کار، سورن لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەیان لە بەرامبەر هەلومەرجی دژواری ژیان، ژنان بەردوامن لە ماوەنەیان لەسەر کارەکانیان و خۆشحاڵن بەوەی وەک ژنێک توانیویانە لەو هەلومەرجە سەختەدا بژێوی ژیانی خۆیان و خێزانەکەیان دابین دەکەن.

روقیا خانم یەکێک لەو ژنە کاسبکارانەیە کە ماوەی چەندین ساڵە بە پشت بەستن بە خۆی بژێوی خۆی و منداڵەکانی دابین دەکات.

ڕوقیا (٣٨ ساڵان) ژنێکی دانیشتوی قەزی خورماڵ، لە ساڵی ١٩٩٩دا ژیانی هاوسەری پێکهێناوە، کاتێک لە ٢٠٠٢دا هاوژینەکەی بە هۆی نەخۆشی کۆچی دوایی دەکات، منداڵێکی ساڵێک و نیو و منداڵێکیشی تەنیا ٤٠ ڕۆژ دەبێت، ڕوقیا لەسەر ئەو ڕۆژانە وتی: "ئەو کاتە زۆر هەژار بووین و خەڵکی ناوچەکەش بە گشتی بەدەست خراپی گوزەران دەیان ناڵاند. هەرچەندە دەیانتوانی هاوکاریشم بکەن بەڵام من پێم خۆش نەبوو چاوم لەدەستی کەس بێت، حەزم دەکرد خۆم ڕۆڵەکانم پێبگەیەنم و خۆم کار بکەم بۆ ئەوەی ئەو دوو منداڵەمی پێبەخێو کەم."

ڕوقیا بەو شێوەیە باس لەسەرەتای دەستپێکردنی کارەکەی کرد: "سەرەتا دووکانی برایەکم هەبوو دوکانی پۆشاک بوو، لەگەڵ براکانم لەو دوکانە کارم کرد، دوکانی پۆشاک بوو لە خورماڵ. دوای ئەوەی شارەزاییم لە دوکان و فرۆشیاری دروست بوو، ئیتر کەسیش ڕێگری نەکردم.بۆیە لە ساڵی ٢٠١٤وە دوکانێکم بۆ خۆم کردەوە، ئێستا زۆر دڵم بەو کارەم خۆشە و سەرم پێی بەرزە، من تەنیا لە خورماڵ و سلێمانی شتو مەک ناکڕم بۆ دوکانەکەم بەڵکو دەچمە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دێمەوە."

سەبارەت بەو ئاستەنگی و بەربەستانەی لەلایەن کۆمەڵگەوە لە سەر کاروپیشەکانی پێشی هاتوون ناوبراو وتی: "ڕووبەڕووی ڕەخنە و ڕوانینی جۆراو جۆر بوومەوە تەنانەت لە ناو خێزانی خۆشماندا، بەڵام من کارەکانم بە ڕێکوپێکی و جوانی پێک دەهێنا و گوێم بەوە نەدەدا ئاخۆ کێ چی دەڵێت، چونکە ئێمە لە کۆمەڵگەیەکداین مەحاڵە ڕووبەڕووی بەربەست نەبینەوە."

ڕوقیا خانم لە کۆتایشدا وتی: "داهاتەکەم دەمگوزەرێنێت، ئێستاش بە هۆی قەیران و دۆخی لاوازی ئابوری قەرزبار بووینەتەوە، بەردەوام دەبم لەسەر کارەکەم و نەک تەنیا خۆم بەڵکو دەمەوێت کەسانێک لە شوێن خۆم دابنێم و خۆم کاری باڵاتر بکەم، خۆم کاری بازرگانی بکەم."

هاوکات فاتمە حامد،( ٢٢ساڵان) ژنێکیتری دوکاندارە کە ژیانی خۆی و خێزانەکەی دابین دەکات.

فاتمە، لە دایکبووی شاری کرمانشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، خێزانەکەی بەر لە کیمیاباران و شاڵاوەکانی ئەنفال ڕوو دەکەنە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٤دا دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و قەزای خورماڵ فاتمە بۆ دابینکردنی بژێوی خۆی و خێزانەکەی لە دوکانێکی پۆشاک فرۆشیدا کاردەکات.

فاتمە لەسەر کارەکانی دەڵێت: "پێشتر خوشکم لێرەدا کاری دەکرد بەڵام دواتر ئەو هاوسەرگیری پێکهێناو منیش بەر لە چەند مانگ لە شوێن ئەو دەستم بەکار کردوە. هەم حەزێکم هەبوو بۆ کارکردن هەمیش پێویستی ژیانمان بەوە هەبوو، کارکردن بۆ ژنان شتێکی نائاسایی نیە و لێرەشەوە زۆر بەچاوێکی جیاوازەوە لێمان ناڕوانن."

سەبارەت بە قەیرانی دارایی ناوبراو وتی: "ئەم قەیرانە کاریگەری کردۆتە سەر کارەکانی ئێمەش پێشتر داهاتەکەم باشتر بوو، ئێستا کەم بووە تەنانەت جاری وا هەیە بەشی کرێکەم ناکات، بەڵام لەکارەکەم رازیم و بەشی ئەوە دەکات بژێوی ژیانی خۆمانی پێدابین بکەین."

خورماڵ شارۆچکەیەکی کوردستانە کە لە پارێزگای ھەڵەبجەدایە و لە ٧٠ کیلۆمەتری ڕۆژھەڵاتی شاری سلێمانیدایە. خورماڵ ناوەندی ناحیەیە و لە دەشتی شارەزوور و نزیک بە ناوچەی ھەوراماندایە.

له‌م ناوچه‌یه‌دا شوێنه‌واریی میژووى زۆر هه‌ن، هه‌روه‌ها بوونى هاوینه‌هه‌وار و سه‌یرانگەكان لە خورماڵ‌، وایكردووه‌ گه‌شتیارى نێوخۆیى و بیانى زۆرتر ڕووی تێبکەن، هەروەها ئاو هەواکەی لە بارە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان لە وەرزی هاویندا سەردانی ئەو دەڤەرە بکەن ئەوەش وای کردوە کە خورماڵ زیاتر لە ڕووی ئابوری پشت بە خۆی و بەشێک لە بەرهەمی ناوەخۆیی ببەستێت.

(ش ب)