دوای تەواو کردنی خولێکی پەروەردە ١٣ ژنی ئێزیدی بەشداری ناو YJŞ بوون

12:13

ژنها

شەنگال – ١٣ ژنی گەنجی ئێزیدی دوای تەواوکردنی خولێکی پەروەردە بەشداریان لە ناو یەکینەکانی ژنانی شەنگال کرد.

ئەکادیمیای "شەهید خانێ" لە چیای شەنگال خولی پەروەردەی "شەهید زەڤین"ی بۆ ١٣ ژنی ئێزیدی سازکرد، ژنان دوای تەواو بوونی خولەکەیان سوێندی پەیوەست بوونیان خوارد و بەشداری ناو یەکینەکانی ژنانی شەنگال (YJŞ)بوون.

ژنان ڕادەگەیەنن ئامانجی ئێمە ڕزگارکردنی ژنانی دیلی دەستی داعشە

ڕۆناهی ڕۆژهات، یەکێک لە دەرچوانی خولەکەیە لە سەر ئامانجی بەشداری کردنی لەناو یەکینەکانی ژنانی شەنگال وتی: "بۆ ڕزگار کردنی ژنان و منداڵانی دیلی دەستی داعش پێویستیم بە خولێکی پەروەردە هەبوو. ئەو کۆمەڵکوژیەی بەسەرمان هات هەرگیز لە یاد ناکەین، ئەو منداڵە بێ تاوانانەی بە ئەنقەست دەیانکوشتن و فڕێیان دەدان هەرگیز لە بەرچاوم ناچن." ڕۆناهی بانگەوازی لە سەرجەم هاوڵاتیانی ئێزیدی کرد کە بۆ خاوەنداریکردن لە شەنگال و دووبارە نەبوونەوەی کارەساتێکیتر بەشداری ناو یەکینەکانی ژنانی شەنگال و یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال بکەن.

هەروەها ئەکین ئاڤارەش، شەرڤانێکیترە بەو شێوەیە باسی لە ئامانجی بەشداری کردنی خۆی لە بەرخۆدانی شەنگال کرد: "ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژیەکی گەورە بووینەوە، هیچ کاتێک ئەو سەردەمەمان بیر ناچێتەوە." ئەکین وتیشی: "ئامانجم ئەوە بوو بەشداری ناو یەژەشە بکەم، بەشداریش بووم، ئامانجی سەرەکیشم رزگار کردنی ژنانی دیلە لە دەستی چەتەکانی داعش و بەرگریکردنمە لە گەلەکەم، هیچ ڕۆژێک پێشبینی ئەوەم نەدەکرد بەو ئاستە بگەم، دوای ئەوەی هاتم بۆ ناو YJŞ ئیتر باوڕەم بە هێز و ئیرادەی خۆم دروست بووە."

لای خۆشیەوە بێریتان جودی شەڕڤانی یەکینەکانی ژنانی شەنگال، وتی: "هەر گەنجێکی ئێزیدی پێویستی بە پەروەردە هەیە. پەروەردە مەرجە، چونکە ئەوەی بە هێزی کردوین پەروەردە و ڕاهێنانە، بە پەروەردەوە دەتوانین دوژمنان لە ناو بەرین. هەر بۆیە پەروەردە بۆ ئێمە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە. ئەگەر ئێزیدیەکان خۆیان بەرگری لە خۆیان نەکەن کەسێک لەدەرەوە نایەت پارێزگاریمان لێناکات. تەنانەت مێژووی خۆشم لە ڕێگەی پەروەردەوە فێر بووم، لە ئێستا بەدواوە لەناو ریزی یەکینەکانی ژنان بە هەموو هێزی خۆمەوە تێدەکۆشم بۆ ڕزگارکردنی گەلەکەم و ژنان."

(ش ب)