پۆشاکی نەتەوەیی لە 'سور' قەدەغەیە!
14:43
ژنها
ئامەد – والی شاری ئامەد لە ناو بازاڕی ناوچەی سوری ئامەد گەڕا، دوای بینینی جلوبەرگی نەتەوەیی گەلی کورد والی نیگەران بوو، هەر بۆیە هێزێکی تایبەتی پۆلیس ڕژایە ناوچەکە و هەڕەشەی لە یەکە بەیەکەی دوکانداران کرد کە ئەو جلوبەرگە قەەغەیە و والی نیگەران دەکات، بۆیە نابێت ئەو جلوبەرگانە بفرۆشن و گەر بیان فرۆشن ئەوا سزایان دەدەن.
هێزی پۆلیسی تایبەت چوونە ناو بازاڕی "شەوتی" لە ناوچەی سور، دوکان بە دوکان گەڕان و بە دوکاندارانیان ڕاگەیاند کە "شال و شەپک، جلی کوردی ژنان" قەدەخەیە. پۆلیس وێنەی ئەو دوکانانەی گرت کە پۆشاکی نەتەوەیی دەفرۆشن و بە دوکاندارانی ڕاگەیاند کە ئەو جارە ئاگاداریان دەکەنەوە جارێکیتر سزایان دەدەن.
بە گوێرەی زانیاریەکانی ئاژانسی هەواڵی دیجلە، پۆلیس هەڵیان کوتاوەتە سەر دوکانی ئەحمەد ئاسڵان و وێنەی پۆشاکەکانی گرتوە و پێیان ڕاگەیاندوە کە پارێزگار (والی) نیگەران دەبێت بۆیە نابێت بە هیچ شێوەیەک جارێکیتر ئەو پۆشاکانە بفرۆشرێت.
هەروەها دوکاندارێکیتر بەناوی شابان تاش ڕایگەیاند کە پۆلیس هاتوونە دوکانەکەی و هەرچی ڕەنگی سەوز و سور و زەردە کۆیان کردۆتەوە و بردویانن، پۆلیس بە شابانی ڕاگەیاندوە: "کێ بە ئێوەی وتوە ئەو کۆنە پەڕۆیانە بفرۆشن، ئەگەر جارێکیتر ئەو کارانە بکەیت ئەوا بە بڕی ٨٠٠٠ لیرەی تورکی سزا دەدرێیت."
لە ٢٧/٣/٢٠١٥وە لێژنەی گشتی پەرلەمان پاکێتی ئاسایشی ناوەخۆی بە زۆرینەی دەنگەکانی فراکسیۆنی ئاکەپە پەسند کرد بوو کە تیایدا لە خاڵێک ئاماژە بەوە دەکات کە جلوبەرگی کوردان وەک یەکێک لە ئامرازەکانی ڕێکخستنی بزوتنەوەی کوردیە، بۆیە ئەوەی ئەو جلوبەرگە لە بەر بکات بە سێ ساڵ سزا دەدرێت.
(ش ب)