لە شوانکاریەوە بۆ بەڕێوەبەری خوێندنگە

09:49

فیدان ڕێزان / ژنها

عەفرین – لەیلا نەجار ئەو ژنەیە کە لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوا فێری خوێندەواری بووە و ئێستاش مامۆستا و بەڕێوەبەری خوێندنگەیە لە کانتۆنی عەفرین.

لەیلا نەجار (٣٣ ساڵان) دوای ئەوەی خۆی فێری نوسین و خوێندن کرد و بەخێرایی چەندین ئاستی خوێندین بەسەرکەوتووی تێپەڕاند ئێستاش لە گوندی "ئاشکان" سەر بە ناوچەی جندرێس لە کانتۆنی عەفرین بەڕێوەبەری خوێندنگەیە. لەیلا دەڵێت: بە هۆی شۆڕش ڕۆژئاوا لە ژێر دەسەڵاتی پیاو رزگارمان بوو فێری خوێندن و نوسین بووین، پێشتر کاری شوانکاریم دەکرد و ئێستاش بوومەتە بەڕێوەبەری خوێندنگەی گوندەکەمان.

لەیلا ئاماژە بەوە دەکات: "هیچ جیاوازیەک لە نێوان هێزی ژن و پیاو دا نیە، ژنان هەمیشە خاوەن هێزن بەڵام لە ژێر دەسەڵاتی پیاوان دا چەوسێنراونەتەوە، بۆیە نەیاندەتوانی هێز و ئافرێنەری خۆیان پیشان بدەن. لەژێر ناوی دابونەریتدا ژنان ڕووبەڕووی فشار و چەوساندنەوە دەبوونەوە، بەڵام لە سایەی شۆرشی ڕۆژئاوا ژنان بە ئیرادەی خۆیان ڕژانە گۆڕەپانی تێکۆشان و لە هەموو بەشەکانی ژیاندا بەشداریان کرد و پێشەنگیان کرد."

لەیلا بەو شێوەیە باسی لە ژیانی خۆی بەر لە شۆڕش کرد: "ژیانم پڕ بوو لە فشار، زوڵم و توندوتیژی، هەمیشە پیاوی سەردەست پێی دەوتین؛ ئێوە بۆ ماڵ و بۆ پیاون، من خەریکی کاری شوانکاری بووم کاری سەختمان دەکرد، پێشتر خوێندەواریم نەبوو بەڵام دوای شۆڕشی ڕۆژئاوا و کردنەوەی خوێندنگەی بە زمانی کوردی لە هەر شوێنێک، منیش خواستی ئەوەم لا دروست بوو خۆم فێری خوێندەواری بکەم."

لەیلا لە سەرەتای دەست پێکردنیدا ڕووبەڕووی زەحمەتی دەبێتەوە، وا دەزانێت کە فێر نابێت، بەڵام ئەو لە ماوەیەکی زۆر کورتدا فێر بوو توانی چەندین ئاستی سەرکەوتوو تێپەڕێنێت. لەیلا وتیشی: "هەموو هەوڵی خۆم دا بۆ ئەوەی فێری خوێندەواری ببم چونکە دەمزانی بە هۆی ئەوەی نازانین بخوێنینەوە لە مێژووی خۆشمان بێ ئاگاین."

لەیلا نەجاڕ لە کۆتایشدا وتی: " ژنان دەتوانن بە رێکخستنی خۆیان ئەقڵیەتی پیاوسالاری و کۆنەپەرستی سەر کۆمەڵگە بگۆڕن، داوام لە ژنان ئەوەیە کە بە بێ ترس و گومانەوە ڕووبکەنە ناو خەباتەکانی شۆڕش و خاوەنداری لە دەستکەوتە مێژوویەکانی رۆژئاوا بکەن. نابێت ژنان چیتر لەماڵەکانیان دانیشن، بەتایبەتیش دەبێت هەر ژنێک زمانی دایکی خۆی بزانێت، چونکە باوەڕی من وایە کە ئازادی بێ ژن بەدی نایەت."

(ش ب)