"ئەگەر بەرخۆدێران لە ١٤ی تەمموز سەرکەوتن، ئەمڕۆش سەردەکەون"
10:18
دەلیلا گابار- دەڤریم ئامەد/ ژنها
قەندیل – ئامینە ئەرجیەس ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری (کەژەکە)، لە سەر ١٤ی تەمموز ساڵیادی چالاکی گەورەی زیندانی ئامەد و چالاکوانانی مانگرتنەکە هەڵسەنگاندنی گرنگی کرد.
ئامینە ئەرجیەس، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵەی ژنانی کوردستان(کەژەکە)، لە سەرەتادا وتی: "بۆ ساڵیادی چالاکی گەورەی مانگرتن تا مردن لە زیندانی ئامەد، لە کەسێتی ئەو چالاکوانانەدا هەموو شەهیدانی رێگای شۆڕش بە ڕێزداری بیردێنمەوە و سەری ڕێز و نەوازشیان بۆ دادەنەوێنم."
ئامینە ئاماژەی بەوەدا کە چالاکی ١٤ی تەمموز بناغەی بەرخۆدانی ئەمڕۆی داناوە و وتی: "چۆن لە ١٤ی تەمموز بەرخۆدێران سەرکەوتن، بە هەمان شێوەش ئەمڕۆ بەرخۆدێران درێژە بەو بەرخۆدانیە دەدەن و سەردەکەون."
١٤ ی تەمموز گەیشتنە بە لوتکە
ئەرجیەس، ئاماژەی بەوەدا کە ١٤ی تەمموز لە مێژووی پەکەکەدا بەرخۆدانیەکی ئەفسانییە، ناوبراو وتیشی: "١٤ تەمموز دەستپێکی ئەو هێڵەی چالاکیە کە هەموو کەسایەتیەکانی ناو پەکەکە بە بنەمایان گرتوە، قۆناغی بە لوتکە گەیشتنی بەرخۆدانیە. هاوڕێمان مەزڵوم دۆغان بە سوتاندنی سێ شخارتە ئاگری ئەو بەرخۆدانیە هەڵدەگیرسێنێت. بۆ شکاندنی ئەو بەرخۆدانیە فاشیزمی ١٢ی ئەیلول بە سەختترین ئەشکەنجە ڕووبەڕووی زیندانیان دەبووەوە، سەردەمێکی ئاوا بوو. ئەو کات چوارینەی بەرخۆدان(کەمال پیر، خەیری دورموش، عاکیف یڵماز و عەلی چیچەک) ئەو بەرخۆدانیەیان لە مەزڵوم دۆغان دەور دەگرن. هەڵبەت هەم بەرخۆدانی مەزڵوم دۆغان هەمیش بەرخۆدانی چوارەکان گەیشتنە بە ئاستی لوتکەی بەرخۆدان."
ئاوێتە بوونی چوار ڕەنگ
ئامینە ئەرجیس لە بەشێکیتری هەڵسەنگاندنەکانیدا ئاماژەی بەوە دا کە هەرچەند ئاگری ئەو بەرخۆدانە بە چاو نەبینرێت، بەڵام ئاگری ئەو بەرخۆدانە لە ناخی بەرخۆدێران دابوو، هەروها جەختیشی کردەوە: "بەرخۆدانێک بوو، کە دەنگی لە ناو هەموو ئەو گرتوخانانە دایەوە کە گەلی کوردی تێدا دیل کراوە و هێشتاش گڕی ئەو بەرخۆدانە لە ڕێگای ئازادی گەشاوەیە. ١٤ تەمموز هەم گوزارشت لە بەرخۆدانی چوار هاوڕێ و ئاوێتە بوونی ڕەنگە جیاوازەکانی ناو پەکەکە دەکات. هەڤاڵ کەمال پیر کەسایەتیەک بووە کە وەک گڕی ئاگر بە کاریگەر و هەمیشە لەناو جموجۆڵ دابووە. هەڤاڵ خەیری کەسایەتیەک تا بڵێی سادە و قوڵ دەبێت لە ئایدۆلۆژیادا. هەڤاڵ عاکیف یڵماز گوزارە لە ڕەنجدەری ناو پەکەکە دەکات و نازناوی فیداکاری لێنراو، چونکە گەر تا ئێستا پەکەکە بەردەوامی بە تێکۆشان دەدات هۆکارێکی سەرەکی ڕەنجدەریە، ڕەنج کارەکتەرێکی کەسایەتی ناو پەکەکەیە. هەروەها هەڤاڵ عەلی چیچەک، گوزارشت لە ڕۆحی گەنجی پەکەکە دەکات، گەنجێتی و وزەبەخشی ڕۆحی کەسایەتیەکی بە ئیرادەی گەنجە لە ناو ئەو بەرخۆدانیەدا. ئەمڕۆش بزوتنەوەی گەنجان لەسەر هێڵی تێکۆشانی ئەو درێژە بە تێکۆشانی خۆی دەدات."
کەمال پیر باشترین چارەسەری دیار دەکات
ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەژەکە، لە بەشێکیتری وتەکانیدا سەرنجی ڕاکێشایە سەر بیرو ڕای کەمال پیر پێشەنگی ئەو بەرخۆدانە کە تێروانینێکی گرنگی هەبووە بۆ یەکخستنی ئیرادەی گەلان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وتیشی: هەڤاڵ کەمال فیدرالیزمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەک چارەسەری سەرجەم کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بینوە و فەرموویەتی: ڕێگەی ڕزگاری گەلان بە کۆنفیدرالیزمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێدەپەڕێت. ئەمڕۆش دەبینین کە شۆرشی ڕۆژئاوا جگەلە کوردان سەرجەم گەلان و لایەنەکانی ناوچەکە دەگرێتە ناو خۆی، ئەوکات هەڤاڵ کەمال پێشبینی و لێکدانەوەیەکی قوڵی هەبووە بۆ دیارکردنی هێڵی ئازادی نەتەوەکانی ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست. هەروەها کەمال پیر وەڵامی چەند پرسێک دەداتەوە کە وەڵامەکەیان سەخت بووە، ئەوەش بوونەتە ڕۆشنکەرەوەی هێڵی ئازادی تەڤگەرەکەمان."
ئامینە ئەرجیەس، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵەی ژنانی ئازادی کوردستان(کەژەکە)، لە کۆتایشدا وتی: "هەر یەکێک لەو هەڤاڵانەمان کە لە بەرخۆدانی گرتوخانەی ئامەد گیانیان بەختکرد، سمبۆلی لایەنێکی ناو تەڤگەرەکامانن، هەر یەکێکیان گوزارشت لە ڕەنگ و کارەکتەرێکی ناو پەکەکە دەکەن. هەر بۆیە لەسەر هێڵێکی بەو شێوەیەی بەخۆدانی هێزی دیموکراتیزەکردنی تورکیای هەیە، ئەمەش ئەرکێکە دەکەوێتە ئەستۆی هەموو ئەوانەی لەسەر هێڵی بەرخۆدانی ١٤ی تەمموز تێدەکۆشن، لەسەر ئەو بنەمایە هەموو شۆڕشگێران بە ڕێزەوە سڵاو دەکەم."
(جێگەی بیرهێنانەوەیە، بەرخۆدانی ١٤ی تەمموز لەزیندانی ئامەد داستانێکی سەرسوڕهێنەر لەلایەن چوار زیندانی سیاسی تێکۆشەر تۆمار دەکرێت، هەریەکە لە خەیری دورمش، کەمال پیر، عاکیف یڵماز و عەلی چیچەک، ئەو چوار زیندانیە سیاسیە بوون کە بە ئەستێرەی پرشنگداری خەباتی زیندان دەناسرێن، لە ڕۆژی ١٩٨٢/٧/١٤ کاتژمێر ٨ ی بەیانی ژمارەیەکی زۆر لە زیندانیانی سیاسی دەستیان لەدواوە کەلەبچە دەکرێ و پێکەوە دەیانبەن بۆ دادگا، دوای هەوڵدانێکی زۆر، لەبەردەم دادگادا مانگرتن لە خواردن ڕادەگەیین، خەیری دورمش دەڵێ: "ئەگەر مردم لەسەر گۆڕەکەم بنوسن من قەرزاری گەلەکەم" ، کەمال پیر کە بەڕەگەز تورک بوو بەهۆی مانگرتن لە ١٩٨٢/٩/٧ گیان بەخت دەکات، دواتر خەیری بەردەوام دەبێت لەمانگرتن تا لە ١٩٨٢/٩/١٣ گیان بەخت دەکات. عەلی چیچەک و عاکیف بەهەمان شێوە لە مانگی ئەیلول ساڵی ١٩٨٢ بەهۆی بەردەوامبوونیان لە مانگرتن ژیانیان بەخت دەکەن. ئەو چوار تێکۆشەرە و تێکۆشەرانی تر بوون بەهێمای خەباتی نەتەوەی بەتایبەتی خەباتی زیندان، لەهەمانکاتدا بوون بەهێزێکی بێکۆتای بۆ پەرەسەندنی شۆڕش و بەردەوام بوونی گیراوانی سیاسی لەسەر خەبات و تێکۆشان.)
(ش ب)