دایە بەهار: من دەستگیر نەکراوم و هەڕەشەکانی 'پەدەکە' نامانترسێنن
16:34
توبا ئاکیلماز / ژنها
شەنگال – پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت بە فشار و ترس، هاوڵاتیانی چیای شەنگال و بەتایبەتیش ژنان بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی. دایە بەهار ئەندامی ئەنجومەنی دامەزرێنەر لە شەنگال لەوباریەوە ڕایگەیاند: پەدەکە ناتوانێت بە ترس ڕێگری بکات لە بەرەوپێشچوونی ژنانی ئێزیدی بکات و کاتی ترس سەردەمێکە بەسەر چووە.
لەسەر سیاسەتەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان(پەدەکە) بەرامبەر بە کۆمەڵگەی ئێزیدی بەتایبەتیش لە چیای شەنگال، دایە بەهار ئەندامی ئەنجومەنی دامەزرێنەری شەنگال هەڵسەنگاندنی گرنگی کرد، دایە بەهار ڕایگەیاند: "پەدەکە، دەیەوێت شەڕی ناوەخۆیمان پێبکات و ڕووی چەکەکانمان لە یەکتری بکەین."
دایە بەهار سەرنجی ڕاکێشایە سەر سیاسەتی شەڕی تایبەت کە لەلایەن پارتیەوە لە بەرامبەریان بەرێوەدەچێت و وتی: "سەرەتا دەمەوێت بڵێم چ ویژدانێکتان هەیە، منداڵانی ئێزیدی لە بەر گەرمای هاوین، بێ نان و ئاو دەگوزەرێنن، ئێوەش بەدوای بەرژەوەندیەکانتانن. ڕێژەیەکی زۆری هاوڵاتیانی ئێزیدی لە کەمپەکانی ژێر دەسەڵاتی هەرێمدان، دۆخی گوەزەرانیان باش نیە، پەدەکە بە چاوی کۆیلەیەک سەیریان دەکات."
دایە بەهار وتیشی: هاوڵاتیانی ئێزیدی لە چیای شەنگال لە ژێر چادر دەژین، چەندین جار هەوڵیانداوە بچنە ناو ئەو خانوانەی کە خاوەنەکانیان نە گەڕاونەتەوە، بەڵام پەدەکە دەچێتە ناو کامپەکان بە هاوڵاتیان ڕادەگەیەنێت کە ڕێگە بە هیچ کەسێک نەدەن بچێتە ناو ماڵەکانتان، ئەگەر ڕێگە بدەن ئەوا ئازوقەتان لەسەر دەبڕم. بە تۆ چی؟ چیت لە ئێزیدیەکان دەوێت؟ کۆمەڵکوژیت بەسەر هێناین، ئێمەت بە دوژمنان فرۆشت بۆ واز لە ئێزیدیەکان نایەنی. شوێنێکی سێبەر نیە منداڵانمان سەری خۆیان بخنە ژێری، ئێزیدی بە ئێزیدیێکیتر دەڵێت مەچە نێو ماڵەکەم، ئەوە لە تایبەتمەندی ئێزیدیەکان نیە، ئێمە زۆر باش دەزانین کە ئەوە بە دەستی پارتی دەکرێت. پەدەکە تۆ کە ڕات کرد، بەرگریت لەو خەڵکە نەکرد، ئێستاش گێرەشێوێنی و ئاژاوە دەنێیتەوە."
ناوبراو جەختیشی کردەوە: "پەدەکە هیچی بۆ ئێزیدیەکان نەکردوە بۆیە ئەو ئێزیدیانەی ئێستاش لەگەڵیدان ئەوە باش دەزانن بەڵام بە زەبری ترس و فشار دەیانخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیان، گەلی ئێزیدی لە بەرامبەر هەموو فەرمانەکان بوونی خۆی پاراستوە و دەیپارێزین. ئێستاش قایمقامێکیان هێناوەتە شەنگال تەنها قایمقامی پەدەکەیە، ئێمە بە هیچ شێوەیەک قبوڵی ناکەین."
دایە بەهار ئەندامی ئەنجومەنی دامەزرێنەری ئێزیدیەکان لە چیای شەنگال لە کۆتایشدا ڕایگەیاند: "پەدەکە ناتوانێت رێگری لە بەرەو پێشچوونەکانی ژنانی شەنگال بکات، ئێستاش لەناو هاوڵاتیانی ئێزیدی بڵاویان کردۆتەوە کە دایە بەهارمان گرتوە، شتێکی بەو شێوەیە نیە دوورە لە ڕاستی، من لە ماڵی خۆم، لەسەر ئەرک و کاری خۆم، دەیانەوێت بەو جۆرە پڕوپاگەندانە بمانترسێنن."
(ش ب)