دایکی نێرگز موحەمەدی پەیامێک ئاراستەی سەرۆک کۆماری ئێران دەکات

17:47

ژنها

ناوەندی هەواڵ - دایکی نێرگز موحەممەدی داوا لە سەرۆک کۆماری ئێران دەکات کە داخوازێیەکانی کچەکەی پێکبێنن.

عوزرا بازرگان، دایکی نێرگز موحەممەدی لە نامەیەک دا کە بۆ ڕوحانی نوسیوێتی داوای کردوە کە مۆڵەت بە نێرگز بدەن لەگەڵ منداڵەکانی قسە بکات.

بە وتەی سایتی کانونی پارێزەرانی مافی مرۆڤ، عوزرا بازرگان ڕۆژی سێشەمە ڕێکەوتی ١٢ تەمموز، ئەو نامەیەی بڵاو کردۆتەوە.

عوزرا بازرگان لە نامەی خۆی دا نووسیوێتی:" کچی من یەک ساڵە کە لە بیستنی دەنگی منداڵەکانی بێبەش کراوە. ئەو منداڵانە تەمەنیان کەمە و لە غەریبی لەگەڵ باوکیان دەژین و دڵیان بۆ بیستنی دەنگی دایکیان لێ دەدات."

هەروەها دەشڵێ: " لەو کاتەی کە کچەکەی زیندانی کراوە بە هۆی نەخۆشی و تەمەن لەسەرێ بوونی باوکی نێرگز تەنیا سێ جار چوون بۆ دیتنی کچەکەیان و بەرپرسانی زیندان ناهێڵن کە تەنانەت باوکی نێرگز لەگەڵ کچکەی قسە بکات."

هەروەها لە نامەکەیدا بۆ سەرۆک کۆماری ئێران داوای کردوە کە داواکاریەکانی نێرگز جێبەجێ بکرێن بۆ ئەوەی لە مەترسی رزگار ببێت.

ڕۆژی ڕابردوو سەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراو بە کەمپینی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤی ڕایگەیاندوە کە ڕۆژی یەکشەممە١٠ی تەمموز نێرگز موحەمەدی بە قۆڵبەست کراویەوە ڕەوانەی لای دکتۆرێکی دەروون ناسی بە ناوی ئەحمەد عەلی نوور باڵا کراوە. هەروەها باسی لەوەش کردوە کە حاجیلوو دادوەری چاودێری زیندانی ئەوین پەیوەندی لەگەڵ نێرگز گرتوە و هەڕەشەی لێ کردۆ تا مانگرتنی خۆی لە خواردن بشکێنێ.

(ش ب)