لە چیای شەنگال ژیان بە شێوەیەکی سروشتی بەردەوامە

11:06

خەسنێ خدر / ژنها

شەنگال – ژنانی ئێزیدی لەسەر خاکی پیرۆزی خۆیان بەشێوەیەکی سروشتی دەژین. سەرەڕای هەموو سەختی و بەربەستەکانی ژیان، ژنان بە دروستکرنی تەنوری نان و کێشانی ئاوی کانیەکان بۆ کاری کشتوکاڵی بەرامبەر سیستەمی دەسەڵاتداری تێدەکۆشن.

ژنانی ئێزیدی دەڵێن: بەرخۆدانی تەنیا ئەوە نیە چەک هەڵگرین و دوژمن ڕاستەو خۆ بکوژین، گرنگ ئەوەیە مەرامە چەپەڵەکانیان بکوژین. دوور نەکەوتنەوە لە وڵات و بیروباوەڕی خۆمان وەڵامی هەرە ڕاستە بۆ بێ هیواکردنی دوژمنان.

لە چیای شەنگال ژنان بەردەوامن لە تێکۆشان، دوای فەرمانی(٣-٨-٢٠١٤) ژنان لە هەموو بوارێکەوە خۆیان بە ڕێکخستن دەکەن. ژنان دەڵێن: ئێزیدی باوەڕیێکی سروشتیە و پشت بە سروشت و کۆمەڵگە دەبەستێت، بۆیە بە پاراستن و مانەوە لەسەر خاکی خۆمان خاوەنداری لە بوونی خۆمان دەکەن.

حورێ خودێ، سەبارەت بە چۆنێتی ژیانیان و شێوازی سروشتی بەرهەمهێنانیان وتی: "کاتێک بگەڕێینەوە بۆ مێژوو دەبینین لە کۆنەوە ژنان لەگەڵ سروشت ژیاون، هەر بۆیە توانیویەتی پەرە بە بەرهەمهێنانی سروشتی بدات لە شێوەی کشتوکاڵ و ماڵی کردنی ئاژەڵەکان، لێرەشەوە بە هەستی هەزاران ساڵەی لەمەوبەری ژیانی ژنان دەژیێنینەوە، هیوادارم کە هەرگیز ژنان بێ هیوا نەبن، ژنان دەتوانن لە نەبوون بوون بئافرێنن، چونکە بە بێ ژن، ژیان بەڕێوە ناچێت."

هاوکات ژنێکیتر بەناوی عەدلان خێرۆ، بەوشێوەیە باسی لە شێوازی ژیانی سروشتی و هەلومەرجەکانی خۆیان کرد: "ژیانێکی خۆش و سروشتی بەسەر دەبەین، بەدەستی خۆمان تەنوری قوڕین دروست دەکەین، نانی گەرم بۆ منداڵەکانمان دەکەین. لەلایەک مەڕوماڵات بە خێو دەکەین، لەلایەک بە ئاوی کانی کێڵگەکانمان ئاودەدەین، لەلایەک نان و کاری خۆمان دەکەین، زۆربەی ئەو کارانەش بەدەستی ژنان دەکرێن. "

(ش ب)