تەرمی لەیلا لەسەر شانی ژنان هەڵگیرا

13:09

ژنها

ئێلح – تەرمی لەیلا ئۆکالین ناسراو بە(هێڤی هاڤین) کە لە ٥ی تەمموز لە ناوچەی ئێلک- ی هەرێمی شرناخ، لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکە جەنگیەکانی سوپای تورکیا گیانی بەختکردبوو لەسەر شانی ژنان بەرەو گۆڕستان بەڕێکرا.

بنەماڵەی و بەڕێوەبەرانی(مەیا -دەر) تەرمی لەیلایان لە ساردخانەی نەخۆشخانەی گشتی شاری شرناخ وەرگرت و هێنایان بۆ ئێلح. کاتێک کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی تەرمی ناوبراو گەیشتە شاری ئێلح لەلایەن جەماوەری ناوچەکە بە وتنەوەی دروشمی "شەهیدان نامرن" پێشوازی لێکرا. ئاپۆڕای جەماوەر لەگەڵ سەدان ئۆتۆمبێل تەرمی لەیلایان بردە گۆڕستانی "گربەڕەشکێ" لە شارەکە.

پاشان ڕێوڕەسمێک بەبەشداری سەدان کەس بۆ ناشتنی تەرمی لەیلا ئۆکالیان بەڕێوەچوو. لە ڕێوڕەسمەکەدا بەڕێوەبەرانی "بەدەپە"، "هەدەپە" و عایشە ئاجار باشاران، پەرڵەمانتاری "هەدەپە"ی شاری ئێلح ئامادەبوون.

ڕێوڕەسمەکە سەرەتا بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستی پێکرد، پاشان تورکان ئۆکالین، برای لەیلا ئۆکالین، بەناوی خانەوادەی گیابەختکردوو قسەی کرد ، ناوبراو ڕایگەیاند کە بۆ خاوەنداری کردن لە شەهیدان باشترین وەڵام بڵند کردنی تێکۆشانە، وتیشی: "لە دوای هەر شەهادەتێک زیاتر نزیکی تێکۆشان دەبینەوە، لە ئەنجامی ئەو تێکۆشانەدا گەلی کورد ئازاد دەبێت."

هاوکات پەرڵەمانتار عایشە باشاران، دەستنیشانی کرد کە ئەوان ئاڵای گیانبەختکردوانی ڕێگەی ئازادی هەمیشە بڵند دەکەن و رایگەیاند: "ناوی تێکۆشەرانی ئازادی بە پیتی زێڕین لەسەر مێژووی مرۆڤایەتی دەنوسرێتەوە."

ژنان دارەبازی تەرمی لەیلایان لەسەر شان گەیاندە شوێنی بەخاکسپاردن و لە ژێر دروشمی "شەهیدان نامرن" بەخاکیان سپارد. پاشان دوعا خوێندران ئاپۆڕای جەماوەر بڵاوەی کرد.

(ش ب)