زیلان کورد بۆ ئەوەی نەکەوێتە دەست پۆلیسی تورک کۆتایی بە ژیانی خۆی دێنێت

14:48

ژنها

ناوەندی هەواڵ - پۆلیس چەند كاتژمێرێك بەردەوام دەبن لە گولەبارانكردنی ماڵەكەو دەیانەوێت سارینا کورد ناسراو بە (زیلان كورد) شەڕڤانی یەپەسە دەستگیر بكەن، بەڵام زیلان پێیان ڕادەگەیەنێت: ناوم زیلان کوردە، هاوڕێی ئارین و زیلانم، هەرگیز تەسلیم بە ئێوە نابم.

بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسی دیجلە، كچە شەڕڤانێكی یەكینەكانی پاراستنی سڤیل(یەپەسە) دوای گەمارۆیەكی چەند كاتژمێری بۆ ئەوەی نەكەوێتە دەست پۆلیسی تورك کۆتایی بە ژیانی خۆی دێنێت.

لە كۆڵانی سورمەلی خاجۆرتی شاری وان، ١٠ی تەموز پۆلیس و تیمە تایبەتەكانی دەوڵەتی تورك بە ئۆتۆمبیلی زرێ‌ پۆشەوە خانووی بنەماڵەی ئاكدۆغان گەمارۆ دەدەن و ماڵەكە گولەباران دەكەن.

پۆلیس چەند كاتژمێرێك بەردەوام دەبن لە گولەبارانكردنی ماڵەكەو دەیانەوێت زیلان كورد كچە شەڕڤانی یەپەسە- ژن دەستگیر بكەن، بەڵام زیلان كە ناوی خۆی سارینایە هەتا دواین سات بەرگری دەكات و تەسلیم نابێت.

لەسەر ئەو پێداگرییەی زیلان پۆلیس بە ئۆتۆمبێلی كوبرا، خانووەكە گەمارۆ دەدەن، بەڵام زیلان كورد لە پەنجەرەی خانووەكەوە دەڵێت: ناوی من زیلان كوردە، من هاورێی ئارین میركان و زیلانم ، تەسلیم بە ئێوە نابم. دوای راگەیاندنی ئەو پەیامە زیلان بۆ ئەوەی نەتەکەوێتە دەست پۆلیسی تورك كۆتای بە ژیانی خۆی دەهێنێت.

بنەماڵەی زیلان كورد مێژوویەكی پڕ قوربانیدانیان هەیە لەتێكۆشانی گەلی باكوری كوردستاندا، هێزەكانی دەوڵەتی تورك لە ساڵی ١٩٨٣دا دەست بەسەر ماڵی زیلان لە گوندی مارینوسی جولەمێرگ دەگرن و باپیری شەهید دەكەن، لە ساڵی ٢٠٠٠دا لەهەمان گوند دیسان تیمە تایبەتەكانی سوپای تورك دەچنە سەر ماڵیان و باوكی شەهید دەكەن، برای زین مەهدی كورد، كە لەنێو یەپەگەدا بەناوی رۆهات گارسا ناسراوبوو لەساڵی ٢٠١٣ لە ناوچەی چەلی جولەمێرگ لە شەڕێكدا گیانی لەدەست داوە.

دوای ئەوەی دەوڵەتی تورك باپیری زیلان شەهید دەكەن لە ساڵی ١٩٨٣، بنەماڵەكەیان كۆچ دەكەن بۆ وان و زیلان لە نۆیەمین منداڵی بنەماڵەكەیان دەبێت، باوكی زیلان محەمەد لە ساڵی ٢٠٠٠دا لە كاتێكدا بۆ كار دەچین بۆ گوندی مارنۆس لەو كاتەدا سوپای تورك ئۆپراسیۆنێك لە ناوچەكەدا بەرێوەدەبات و گیانی بەخت دەکات، برای زیلان مەهدی كورد لە ساڵی ٢٠٠٨دا دەڵێت: دەچم تۆڵەی باوكم دەكەمەوە، پەیوەندی بە گەریلاکان دەکات، دوای٦ساڵ بەرێكردنی ژیانی گەریلای لە چیاكانی كوردستان لە ٧ی كانوونی دووەمی ٢٠١٣ كاتێك گەریلاكان هەپەگە چالاكییەك لە چەلێ‌ پێك دەهێنن شەهید دەبێت و گیان لەدەست دەدات.

زیلان نەچووبووە خوێندنگە، بە هەوڵی خۆی خوێندن و نوسین فێربووبوو، بە گەنجی تێكەڵی خەباتی ڕێکخستنی تەڤگەری ئازادیخوازی گەلی کورد بووە، دوای ئەوەی لە باكوری كوردستان خۆبەرێوەبەری راگەیەندرا، تێكەڵی ریزەكانی یەپەسە-ژن بوو، ئەویش وەك براكەی رایگەیاندبوو: تۆڵەی باوك و براكەی دەكاتەوە. پێش ئەوەی تێكەڵی یەپەس ببێت لەماڵی خزمێكی دەعوەت دەبێت و بەرازاوەی و بەجل و بەرگی ئاڵاو واڵاوە ماڵ بەجێ‌ دەهێڵێت و دەڕوات.

خوشكێی زیلان ، بەناوی زەكییە دەڵێت: ئێمە بەومان دەگوت(شێرە ژن) چونكە بە ئەوینێكی مەزنەوە شەڕی دەكردو تێدەكۆشا.

دەشڵێت: لەناو بنەماڵەكەدا لەهەموویان زیاتر ئەو شەیدای ئازادی بوو، پێش ئەوەی بچێت خزمەكانی بەسەر كردەوەو دەیگوت دەرۆم، كاتێك پۆلیس ماڵەكەی گەمارۆ دا هەتا ماوەیەك لەگەڵ پۆلیس شەڕی كرد، دواین گولەشی بۆ خۆی هەڵگرت، بۆ ئەوەی تەسلیم نەبێت ئەو گوللەی بەخۆیەوە ناو شەهید بوو.

زەکیە دەڵێت: ئێمە بە شەهید بوونی خوشکەکەمان سەربەرزین، ئەو بۆ شەرەف و كەرامەتی گەلی كورد شەڕی كرد و لەرێگەی شەڕەفدا شەهید بوو.

(ش ب)