کچانی وەرزشوان خۆیان ئامادە دەکەن
09:53
ژنها
سلێمانی – وەرزش و ژن جیهانێکی پڕە لە جوانی، بەڵام پڕیشە لە ئاریشەی گرفتی کۆمەڵایەتی. هەمیشە ژنان تا توانیویانە بەشداری خەباتێکی وەرزشی ببن هەوڵی زیاتر لە کارەکانیتریان داوە. کچانی وەزشوان دەڵێن: بەربەستە کۆمەڵایەتیەکان وەک پێشتر نەماون. بەرپرسێکی یانەکەش دەڵێت: بۆ ئەوەی کچان بتوانن زیاتر برەو بەو بوارە بدەن، هاوکاری زیاتریان دەکرێت.
کچانی وەرزشوان لە یانەی کچانی پێشمەرگە خۆیان ئامادە دەکەن بۆ بەشداری کردن لە پاڵەوانێتی عێراق کە وەک خۆیان ئاماژەیان پێدا لە چەند مانگی داهاتوو ئەنجام دەدرێت. هاوکات لەسەر گرنگی وەرزش بۆ ژن و خەباتەکانی خۆیان لەو بوارەدا بۆ ئاژانسەکەمان دوان.
وەرزشوان هێشو مەریوان لەوبارەیەوە دەڵێت: "لەو ماوەیە ڕاهێنانی زیاتر دەکەین، خۆمان ئامادە دەکەین بۆ پاڵەوانێتی، جاران کچان زۆر نەدەهاتنە ناو وەرزش، ئێستا لەوبوارەدا بەرەوپێشچوون هەیە، وەرزش تەنیا ئەوەنیە وەک حەزێک گرنگە، بەڵکو بۆ تەندروستیش باشە، منیش حەزم لە وەرزشی بالەیە.
هەروەها قەیوان مەعروف یاریزان وتی: سەرەتای وەرزش کردنم بۆ منداڵی دەگەڕێتەوە، لە ساڵی ٢٠١٣دا دەستم پێکرد، ئەو کات کچان ڕووبەرووی بەربەستی کۆمەڵایەتی زیاتر دەبوونەوە، ئەقڵیەتی کۆمەڵگە ڕێگەی بە کچان نەدەدا. چونکە خولیای جیهانی وەرزش بووم لە خوێندنەکەشم دا بواری وەرزشم هەڵبژارد، ئێستاش وەک مامۆستیەکی وەرزش وانە دەڵێمەوە، دەمەوێت خوێندکارەکانیشم وەک خۆم ئەو بەربەستە کۆمەڵایەتیانەی بەردەم خۆیان بشکێنن کار بۆ ئەوە دەکەم بەتایبەتیش خوێندکارە کچەکانم. ماوەی نۆ ساڵە یاریزانی یانەی پێشمەرگەم."
قەیوان باسیش لەوە کرد کە هەرچەند ژنان وەک پێشتر بەربەستی زۆیان بۆ دروست ناکرێت، بەڵام ئاستی وەرزش لە سلێمانی وەک پێویست نیە و لاوازی زۆری پێوە دیارە، هەروەها وتیشی: "تا ئێستا تەنیا تیپی بالە و گۆڕەپان و مەیدانمان هەیە."
ناوبراو ئاماژەشی بەوە کرد کە وەرزش بۆ ژنان گرنگی زۆری هەیە، بەڵام زۆربەی ژنان دوای ئەوەی هاوسەرگیری دەکەن وەرزشیان بیردەکەوێتەوە، بەڵام وەرزش بە گشتی بۆ ژنان سودی هەیە، هیوادارم ژنان تەنیا دوای نەخۆشی و هاوسەرگیری وەرزشیان بیر نەکەوێتەوە، چونکە وەرزش بۆ ئازادی و سەربەست بوونی ژنانیش گرنگە."
هاوکات لای خۆشیەوە موشریفی یانەکە رائید کەلسوم محەمەد، سەرنجی ڕاکێشایە سەر ئەوەی کە بۆ ئەوەی بەربەستەکانی بەردەم کچان کەم بکەنەوە زیاتر گرنگی بە کچانی وەرزشوان دەدەن، ناوبراو وتیشی" :بۆ ئەوەی ئەو جۆرە کێشانە ڕووبەڕووی کچان نەبنەوە پاسمان بۆ دابین کردوون، هاوکاریان دەکەین، لەبواری دابینکردنی جلوبەرگ و پێداویستی وەرزشی هیچ کێشەیەکیان نیە. وەک پێشتر ئاستەنگیەکانی بەردەم ژنان کەمی کردوە،." هاوکات ئاماژەشی بەوە کرد کە دەبێت زیاتر هەوڵبدرێت بۆ تێپەڕاندنی ئەو شتانەی نایەڵن ژنان بێنە ناو وەرزش."
(ش ب)